بەشێكی زۆر لە كۆڵان و جادەو بان و سیمای ژیان بەرەو تازەبوونەوە دەچن، تەنانەت ئێستا زۆربەی پۆلیسی هاتوچۆش نەوەی نوێن و یەكەمین جارە لەسەر شەقام دەبینرێن، یەك دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خەمخۆرێكی ئەو شارەدا گفتوگۆی ئەوەمان بوو، راستە شار پێویستی بە جوانكردنە، شار باخچەو ژیان و سینەماو مۆڵ و هەموو شتێكی پێویستە، لێ هەموو ئەم پێویستیانە، دەبێت بە شێوەیەك بن سیمای شارو ژیارو بوون تێك نەدەن، یانی بە مانایەكی تر لەسەر حسابی بوون و جوانی و دێرینی پێشتری شار نەبن، بەتایبەت دەستبردن بۆ تێكدانی هەندێك تەلارو خانووبەرەی كۆن، كە وێڕای ئەو جوانییەی هەیانە، سیمای كۆنینەی شارن و چاو چێژی تایبەت لە بینینیان دەبینێت، راستی ئەگەر زۆرجار چاو لەوەدا درۆ لەگەڵ نووسەردا بكات و هەڵەی بەسەردا تێپەڕێنێت، بەڵام چێژی گەورە لە جوانی دەبینێت و رۆڵی دیار لە ئاسوودەكردنی دەرووندا دەگێڕێت.
من داخی تێكدانی حەمام عەلی بەگم لەدڵ دەرناچێت، كاتێك داریان بەسەر بەردیەوە نەهێشت، بیرمە مامۆستا ئەحمەد تاقانەو منیش هاوارمان لێهەستا، بەڵام كەس گوێی نەگرت و ئەو حەمامە دیرۆكییەیان رووخاند، «ئەو حەمامەی هۆزی جەلالی چەند سەدە پێشتر دروستیان كردبوو»، خۆ خانەقا دێرینەكەی سەید ئەحمەدی خانەقاش داخی داخانە، لە كەركوك دەست براوە بۆ كۆنینەو تەلارسازیی و جوانی و لەپێناوی پارەدا وردوخاش كراون، پێویستە پارێزگارو دەزگای شوێنەوارو خەمخۆرانی شار بەر بەم ستەمە بگرن، ماوەیەك لەمەوبەر لەگەڵ هەردوو رۆژنامەوان هێمن حەسیب و هەڤاڵ دارا بە ناو پیریادیدا دەگەڕاین و وێنەی كەلاوەو دیرەك و پەنجەرەو كون و كەلەبەری ئەو گەڕەكەمان دەگرت، چوینە جوت قاوەو بن قەڵاو زۆر شوێنی تر، وای چەندین خانووی دێرین قەپی شۆفەڵی پێگەیشتبوو بێ ئەوەی كەس هەبێت بڵێت كاكە ئەو وێرانكردنە رابگرن .
پێچاوی مزگەوتی ئیخوان و باخچەی خانی لادراوەو نیازمەندن لەو شوێنە، بەرزەپردو ئەو شتانە دروست بكەن، ئەمە گرنگە، بەڵام ئاوەزیانە بیر نەكراوەتەوە، خانوگەلی ئەمبەرو ئەوبەری جادەكە لەوێوە بەرەو رەحیماوە، وێڕای ئەوەی تەمەنێكیان هەیە، بەتایبەتی لە شوێنی بەرزەپردەكە، زۆریان هەموو جوانییەك لەدەست دەدەن، ئەمە لە شوێنی دیكەی شارەكەش روویداوە، وەك چۆن لە سلێمانیش ئەو دەردە هەیە، جادەو بان گرنگە، باخچەو پارك و مۆڵ و خستنەكاری خەڵك هەموو كاری باشن و مرۆڤ ئاسوودە دەكەن، بەڵام هەموو ئەو كارانە دەبێت بە هەق و حساب بكرێن .
كێ هەیە حەز نەكات كەركوك ببێتە شارێكی جوان، شارێك كە پێكهاتەو سیاسی و خەڵكەكەی لەبری ئەوەی خەریكی گرەوبن لەسەر خستنی یەكتر، شانازی بەوەوە بكەن، ئەوان ئەو شارەیان بنیاتناوەو پێشیان خستووە، دڵنیام هەموو حەز بەوە دەكەن، بەڵام دەردیش زۆرن، لەگەڵ ئەوەشدا تكایە ئاگاداری شار بن، پێویستە پارێزگارو بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوارو قەدردارانی دیرۆك، كۆنینەو سیمای دێرینی ئەو شارە لە روخاندن و وێرانكردن بپارێزن، ئەوانەش سزا بدەن كە بە ناوی خاوەندارێتی و بوونی تاپۆوە دەست بۆ دیرۆك دەبەن، شار دەبێت خاوەنی هەبێت، خاوەن بارتاقای ئەوەی لەخەمی پێشخستنی شاردایە، دەبێت لە خەمی ئەو پەنجەرەیەشدا بێت، كەتەمەنی سەت ساڵ پترەو شۆفەڵ دەمی ناوەتە بینەقاقای، پەیكەرەكەی ئەحمەدی خانیتان بیر نەچێت.