لە كۆی نۆزدە پارێزگای عیراق بە هەڵەبجەی شەهیدەوە، كە تازە بووە بە پارێزگا ئەوەندەی من بزانم تەنها لە سێ پارێزگا، ناوچەی گۆڕی بە كۆمەڵ و گۆڕی بە كۆمەڵ نییە، هەڵبەت زۆربەی گۆڕی بە كۆمەڵی عیراقیش بریتین لە قوربانیانی ئەنفال، بەپێی ئەم دابەشكاریە جوگرافییە دەكرێت بڵێین عیراق لە وڵاتی گۆڕی بە كۆمەڵ دەچێت و لەوە ناچێت لەسەر گۆی زەوی هیچ وڵاتێك هێندەی عیراق گۆڕی بە كۆمەڵی تیدا بێت.
سەدام و بەعس
ئەمە بەپێی دۆزینەوە كە رەنگە لەوەی تائێستا هەیە زۆر زیاتر بێت، گۆڕی بە كۆمەڵ لە عیراق لانی كەم بە درێژایی سی ساڵ لەسەر دەستی بەعس «حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی» درێژەی هەبووە و كاری لەسەر كراوە، لە ساڵی 1963 بۆ 2003 چل ساڵ دەكات، بەڵام ئێمە لەو نێوانەدا سی ساڵی بەردەوامی پرۆسەی كوشت و بڕی بە كۆمەڵمان هەڵبژاردووە، سەرچاوگەلی جیا جیا باس لە ژمارەی جیا جیای گۆڕی بە كۆمەڵ دەكەن، هەندێك باس لەسەر و سێسەد گۆڕی بە كۆمەڵ و هەندێك دەڵێن دوو سەد و چل و لەو نێوانەدا ژمارەی تریش دەوترێت، ژمارەكە هەرچەند بێت، هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت كە سەدام حوسێن و حزبی بەعس ترسناكترین كەس و حزبی سەرگۆی زەوی بوون، كە پێویستە ناوهێنانیشیان وەك ئەوەی بەشێك بوونە لە دیرۆك و پیا هەڵدانیان شەرم بێت و سزای قورسی لەسەر بێت، دەبوو كچ و منداڵی سەدام و دەست و پێوەندەكانی بەعس و موستەشارەكانی كوردیش، شەرم لەوە بكەن كە ئەوان ئەو جۆرە كەسانە باوكیان بوونە، نەك ئەوەی بە شانازییەوە باسیان بكەن، وەك ئەوەی هەندێكجار كوڕە موستەشار لێرەو لەوێ دەیكات، دیارە ئەمەش بە هۆی ئەوەی ئەو كوڕ و باوكانە لە ناو حزبی كوردیدا لە باشووری كوردستان پلە پۆست و دیوەخانیان پێدراوە و بوونەتە دەم سپی حزب .
هەموو ئەو كەرەستانەی لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە، دەیسەلمێنن عیراقی سەدام، چ دۆزەخێك بووە بۆ كورد و نەیارانی ئەو دەسەڵاتە
هەزاران بەڵگەو دەكۆمێنت بوونیان هەیە
لە نێو گۆڕی بە كۆمەڵی عیراقدا، هەزاران بەڵگەو دەكۆمێنت بوونیان هەیە لە جل و بەرگ و ناسنامەو مەمە شوشەو كەرەسەگەلی دیكەی جیاجیا و داودەرمان و كاتژمێر و هەتا دوای، هەموو ئەو كەرەسانە دەیسەلمێنن عیراقی سەدام، چ دۆزەخێك بووە بۆ كورد و نەیارانی ئەو دەسەڵاتە، ئەوە جگە لەوەی لە نێو ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانەدا نیشانی گولەباران كردن، بە زندوێتی لە چاڵ نان، هەروەها تەمەنی جیا جیا هەن، لە منداڵی تازە لە دایكبووی ساواوە، تا دەگاتە پیری سەت ساڵە، من لیستێكم لە نەخۆشخانەی سەلمان دەستكەوت كە ژمارەیەك تەمەنی جیا جیای لە یەك ساڵەو تا نزیكی سەت ساڵ تیایە، كە هەمووی نوسراوە «تەوەقوف دەورە دەمەویە»، هۆكاری مردنەكەی پێدەچێت لەو كاتەدا نەخۆشی لە ناو زیندانیانی سەلماندا بڵاو بووبێتەوە، چونكە هەندێك لە شاهیدەكان باس لەوە دەكەن رۆژانە خەڵك دەمرد، هەرەزۆری ئەم گۆڕە بە كۆمەڵانە هیچ رێ و شوێنێكی ئاكاری و مرۆییانەیان لەگەڵدا نەگیراوەتە بەرو گۆڕی درێژ و باریكیان وەك چاڵ بۆ هەڵكەندراوە و لە كەناری چاڵەكە ریزكراون و گولەباران كراون، گەواهیدەرێكی نزیك گۆڕی بە كۆمەڵی كوردان لە «خان ئەلنوس» پێی وتین: لە كاتی گولەبارانكردنیاندا ئێمە لەو نزیكە گوێمان لێبوو چۆن هەموویان بە دەنگی بەرز و لە نێو گریان و هاوار و دەنگی گولەدا شاهێدمانیان بە خوداو بە پێغەمبەر دەهێنا، نە خودا و نە پێغەمبەر ئەوكاتە ئەو پیرە ژن و منداڵ و جوانانەیان رزگار نەكرد.
هەرەزۆری گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە باشوورن
گۆڕی بە كۆمەڵ لە عیراق نزیكەی لە 80%ی دەكەوێتە باشووری عیراقەوە كە زۆرینەیان كوردن و لە پرۆسەی ئەنفال و كوشت و بڕی فەیلی و بارزانی و ئەوانی تردا، براون لە دورترین شوێنی زێدی خۆیان خراونەتە نێو گۆڕی بە كۆمەڵەوە، هەندێك یان زۆربەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵانە نزیكەی 70 بۆ 75 كیلۆمەتر لە دووری ئاوەدانی و شارەكان زیندە بەچاڵكراون، گۆڕە بە كۆمەڵەكان دابەش دەبن بەسەر ئەم پارێزگایانەدا، كە لە هەندێكیاندا زیاد لە ناوچەیەكی گۆڕی بە كۆمەڵ هەیە «بەغدا، بەسرە لە بەسرە لە چەندین شوێن هەیە، سەماوە كە ئەویش ژمارەیەكی زۆر گۆڕی بە كۆمەڵی تیایە و ئێمە لە 2003 ناونیشانی زۆریمان بە دیاری كردنیەوە لەسەر نەخشە هێنایەوە بۆ كوردستان، كەچی ئێستا دوای بیست و دوو ساڵ بە ناوی تازە دۆزینەوەوە رایدەگەیەنن، ناسریە، كە هەندێك دەیانەوێ بڵێن گۆڕی بە كۆمەڵی لێ نییە، میسان، دیوانییە، واست، نەجەف ئەمەی نەجەف و ئەوەی زەبی و ئەوەی تەلشێخەو زۆری تر، ئێمە كاتی خۆی چووینە سەریان، كەربەلا، بابل، كەركوك لە تۆپزاوە و لە دوبز و لە شوێنگەلی دیكەش گۆڕی بە كۆمەڵی هەیە، موسڵ، هەولێر، هەڵەبجەی شەهید، سلێمانی، هەڵبەت لە دیالەش گۆڕی بە كۆمەڵ هەیە، نازانم بە بەرنامەیە یان نەدۆزراوەتەوە لە یەك دوو پارێزگای سوننەنشینی عەرەب بۆ نموونە تكریت، ئەنبار، گۆڕی بە كۆمەڵ نییە، هەروەها دهۆكیش وا نیشاندراوە كە گۆڕی بە كۆمەڵی تیا نییە لە كاتێكدا گۆڕی بە كۆمەڵی هەیە.
تا ئێستا ئەگەر بەڕێژەی سەدی وەریبگرین، لە سەدا نیوەی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عیراق هەڵدراوەتەوە، ئەوە جگە لەوەی پرۆسەكە زۆر بە خاوی دەڕوات
رووبەڕووی لە ناوچوون دەبنەوە
تا ئێستا ئەگەر بەڕێژەی سەدی وەریبگرین، لە سەدا نیوی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عیراق هەڵدراوەتەوە، ئەوە جگە لەوەی پرۆسەكە زۆر بە خاوی دەڕوات و بەپێی كات، زۆربەی گۆڕی بە كۆمەڵی عیراق رووبەڕووی لە ناوچوون دەبنەوە، هەروەك چۆن پشكنینی «دی ئێن ئەی» كەسوكاری روفاتەكان كێشەو گرفتی زۆرەو هێشتا نەتوانراوە بە شێوەیەكی پڕۆفیشناڵانەو زانستییانە ئەو كارە بكرێت، وێڕای هەوڵی ئەم دوایانە كە دەكرێت هەندێك ئومێدی لە سەر هەڵچنرێت، بێگومان هێشتا حكومەتی عیراق و هەرێم و دەستەی هەڵدانەوەی گۆڕی بە كۆمەڵ لە عیراق، دەستە وەستانن لە دۆزینەوەی چارەسەری خێراتر ئەگەر پشكنینی «دی ئێن ئەی» كاتی زۆری بوێت و گۆڕی بە كۆمەڵەكان رووبەڕووی لە ناوچوونی یەكجاری ببنەوە.