رێـڕەو

تۆفانی ئەقسا لە هیندستان هەڵدەكات

10:36 - 2023-11-08
فەرید دڵشاد
293 خوێندراوەتەوە

كاتێك ئیسرائیل وەك دەوڵەت لە ساڵی 1948دا دروستبوو، هیندستان دانی بە دەوڵەتەكەدا نەدەنا، بەڵام دوای دوو ساڵ و لە ژێر گوشارە دیپلۆماسییەكاندا دانی پێدانا بەبێ‌ ئاڵۆگۆڕی دیپلۆماتكارەكانیان، ئەوەبوو لە ساڵی 1951دا هیندستان رێگەی بە كردنەوەی كونسوڵخانەی ئیسرائیل دا لە وڵاتەكەی بەو مەرجەی لە نیودەلهی پایتەخت نەبێت، بەڵكو لە شاری مۆمبای بیكاتەوە.
 رەتكردنەوەی ئیسرائیل وەك دەوڵەت لەلایەن هیندستانەوە، ترسی ئەو وڵاتە بوو لەوەی بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا زیانی پێبگات، هەروەها (جەواهیر لال نەهرۆ) کە ئەوكاتە سەرۆك وەزیرانی هیندستان بوو، پشتیوانیی وڵاتانی عەرەبی دەكرد، جگە لەوەش لە سەردەمی جەنگی سارددا ئیسرائیل لەگەڵ  بلۆكی خۆرئاوادا بوو، بەڵام هیندستان لە بلۆكی خۆرهەڵاتەوە نزیک بوو.
پەیوەندییەكانی ئەو دوو وڵاتە بە ساردی مایەوە، تا رووخانی یەكێتی سۆڤیەت و سەركەوتنی ئەمریكا و دروستبوونی تاكجەمسەری. لە ژێر رۆشنایی ئەو هەلومەرجە نوێ نێودەوڵەتییەدا، تێڕوانینی هیندستان بۆ ئیسرائیل گۆڕانكاریی بەسەردا هات و هیندستان ئیسرئیلی بە دەلاقەیەك دەزانی بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكادا، بۆیە لە ساڵی 1992دا نیودەلهی دەستپێكردنی پەیوەندیی تەواوی دیپلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیلدا راگەیاند، بەڵام پەیوەندییەكان سنوورداربوون لە چوارچێوەی ئابووریدا، بەبێ‌ سەردانی سەركردەكانیان بۆلای یەكتر.
لەدوای هاتنە سەركاری نارێندرا مۆدی سەرۆك وەزیرانی هیندستان لە ساڵی 2014 پەیوەندییەكانی ئیسرائیل و هیندستان پێی نایە قۆناغێكی نوێوە بەتایبەتی كە مۆدی هەوڵی نزیكبوونەوەی لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا دەدا و ئەوەبوو لەساڵی 2017  مۆدی وەک یەكەم سەرۆك وەزیرانی هیندستان سەردانی تەلئەبیبی كرد و بەگەرمی لەلایەن بنیامین نەتانیاهو-وە پێشوازیی لێكرا و وردە وردە هیندستان لە بەرەی خۆرهەڵات دووركەوتەوە و بەرەو بەرەی خۆرئاوا هەنگاوی نا.
بە ئۆپەراسیۆنی (تۆفانی ئەقسا) کە لە 7ی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا روویدا، گۆڕانگاری لە هەڵوێستی هیندستاندا روویدا و  پێیوابوو ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگریی لە خۆی بكات، ئەوەش لەكاتێكدا  هیندستان یەكەم وڵاتی غەیرە عەرەبی بوو كە دانی ناوە بە رێكخراوی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەلەستیندا، بەڵام ئێستا لەژێر ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا، هیندستان لەم جەنگەی نێوان حەماس ئیسرائیلدا مۆدی لە تویتێكدا وتی دەڵێت: "بەهاودەنگی لەگەڵ ئیسرائیلدا وەستاوین».
هیندستان پێیوایە تۆفانی ئەقسا زیانی بە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی گەیاندووە، بەتایبەتی هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ دروستكردنی ئەو رێڕەوە ئابوورییەی كە لە هیندستانەوە دەستپێدەكات و بە ئیماراتدا تێدەپەڕێت، پاشان سعودیە، ئوردن، دواتر ئیسرائیل و بەرەو بەندەری حەیفا، پاشان ئەوروپا، ئەوەش بە ئامانجی تێكدانی رێگەی ئاوریشمی چین و كەمكردنەوەی هەژموونی بەرەی خۆرهەڵات، جگە لەوەش پڕۆژەكە سوودێكی زۆری بۆ هیندستان دەبێت، بەڵام ئێستا چارەنووسی ئەو رێڕەوە لە مەترسیدایە كە لە لووتكەی  G20 بڕیاری لێدرا. 
لەلایەكی دیكەوە رەنگە بەردەوامیی جەنگی حەماس - ئیسرائیل داهاتووی بازرگانیی نیودەلهی و تەلئەبیب بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتی كە لە ساڵی دارایی 2022 - 2023 قەبارەی بازرگانی ئەو دوو وڵاتە گەشەكردنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە و گەیشتۆتە نزیكەی 100 ملیار دۆلار.

وتارەکانی نوسەر