کۆمێنت

كۆشكه‌ سووره‌كه‌

10:12 - 2023-11-09
شیرین. ک
283 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

(75)

رۆمانێكی تازه‌ی هیوا قادری شاعیره‌ كه‌ ساڵی 2021 ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م بۆی چاپكردووه‌، سه‌ره‌تای 2023 خوێندمه‌وه‌، دوو لایه‌ن له رۆمانەكەدا سه‌رنجی راكێشام: یه‌كه‌م له ‌سه‌رتاوه‌ تا كۆتایی فانتازیایه‌كی به‌رده‌وامه‌، ره‌نگه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ بێت رۆمانه‌كه‌ مێژوویه‌كی نزیك ده‌گێڕێته‌وه‌، باسی كۆمه‌ڵێك رووداو ده‌كات كه‌ زۆربه‌مان یان تیا ژیاوین یا له‌بیرمانه‌، كاره‌كته‌ره‌كانی وێنای كه‌سانێكن كه‌ ره‌نگه‌ بیاناسینه‌وه‌، بۆیه‌ وا باشتره‌ به ‌فانتازیا و شێوازی واقيعێكی سیحرئامێز گوزارشتی لێبكرێت، به‌ڵام هه‌ندێجار فانتازیه‌ ده‌بێته‌ درێژدادڕی و خوێنه‌ر بێزار ده‌بێت.
دووه‌م: كاره‌كته‌ری سارا خاتوون نموونه‌یه‌كی نوێ و زه‌قه‌ له ‌رۆمانی كوردیدا، ژنێكی لیسبیان  واته‌ هاوڕه‌گه‌زخوازه‌، سه‌ره‌تا وام هه‌ستكرد نووسه‌ر ده‌یه‌وێت سواری ئه‌و شه‌پۆله‌ بێت كه‌ دنیای خۆرئاوای گرتۆته‌وه‌ و بیر له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر رۆمانه‌كه‌ی بۆ زمانێكی بیانی ته‌رجه‌مه‌ بكرێت زیاتر هه‌واداری ده‌بێت، به‌ڵام دواتر بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ له‌وه‌ ئاڵۆزتره‌ به‌و مه‌به‌سته‌ دانرابێت، به‌ڵكو وه‌ڵامێكی تووندوتیژه‌ بۆ هه‌موو ئه‌و پیاوه‌ شه‌هوه‌تبازانه‌ی ناو كۆشك كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌یه‌وێت سارا خاتوون داگیربكات، به‌ڵام ئه‌و هه‌موویان نائومێد ده‌كات!!
كۆمێنت: (رۆمانه‌كه‌ حیكایه‌تی ئه‌و پیاوانه‌یه‌ له ‌چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی ته‌مه‌نیاندا له‌ شۆڕشگێڕێكی رۆمانسیه‌وه‌ ده‌بنه‌ بازرگان و ده‌سه‌ڵاتداری گه‌نده‌ڵ، ئه‌نجامیش له ‌كرده‌یه‌كی خوێناوی هاوشێوه‌ی راپه‌ڕیندا له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ خوێنیان حه‌ڵاڵ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها حیكایه‌تی دوو ژنه‌ یارخان و سارا خاتوون، ئه‌و دووانه‌ی ژیان ده‌به‌خشنه‌ كۆشك و رووداوه‌كان ده‌جووڵێنن، یارخان دوای شكست و دۆڕانه‌كانی ژیانی بووه‌ به‌ سۆزانی، دواتریش به‌خانمی یه‌كه‌می كۆشك..).
له‌كۆتاییشدا مانه‌وه‌ی كۆشكی سوور (به‌ڵام چۆڵ و هۆڵ له ‌هه‌موو مرۆڤ و یاده‌وه‌رییه‌كانی..ل303) نه‌سووتاندنی له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌وه‌ و مانه‌وه‌ی وه‌كو خۆی ئاماژه‌یه‌ بۆ مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كه‌ زوو یان دره‌نگ به ‌كاره‌كته‌ر و روخساری جیاوازه‌وه‌ به‌ڵام به‌ هه‌مان ماهییه‌تی به‌د و گه‌نده‌ڵه‌وه‌ دێت و ده‌چێته‌ كۆشكه‌ سووره‌كه‌وه‌ و حیكایه‌ته‌كانیش به‌رده‌وام ده‌بن به‌ڵام به‌جۆرێكی تر.. له‌كۆتاییدا رۆمانه‌كه‌ قسه‌ی زۆرتر هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام لێره‌دا جێینابێته‌وه‌. 

وتارەکانی نوسەر