گەشە و سەرکەوتن

تەمەن و گەشەكردنی كەسایەتی

10:30 - 2023-11-12
ئەرشەد تەحسین
264 خوێندراوەتەوە

تەمەنی هەریەك لە ئێمە پێویستی بە گەشەكردنە، لەگەڵ گەشەكردنی تەمەنیشدا گەشەكردنی كەسایەتیمان دەبێتە پێویستییەكی گرنگ و بنەڕەتی، ئەوەی كەسێكی زیندوو لە مردوویەك جیا دەكاتەوە گەشەكردنێتی، هەر مرۆڤێك هاوتەریب لەگەڵ گەشەكردنی تەمەنیدا، ئەگەر لەرووی زانیاری و ئەزموون و فێربوون و هەڵكشانی كەسایەتیدا گەشەی نەكرد ئەوا لەگەڵ مردوویەكدا جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە، بۆ ئەمەش تەنیا خۆتی یارمەتیدەری خۆت.
 ئەوە خۆتیت كەسایەتی خۆت گەشە پێدەدەیت، ئەو تەمەنەی بە تۆ بەخشراوە بەچییەوە بەسەری دەبەیت؟ تەمەنت دەخەیتە خزمەت بەهێزكردن و گەشەكردنی كەسایەتیتەوە، یان كەسایەتیت دەخەیتە خزمەت بەسەربردنی تەمەن و تا كۆتایی تەمەنت بەیەك چەشن ژیان دەگوزەرێنیت.
لە هەوڵدان بۆ خزمەتكردن و گەشەكردنی كەسایەتیت هیچ كات و لەهیچ قۆناغێكدا دۆش دامەمێنە، هیچ كێشە و گرفتێكی ژیانت نییە كلیلی چارەسەری نەبێت، مرۆڤی بەتوانا هەمیشە بەسەر بەربەستەكاندا سەردەكەوێت، ژیان هەمیشە رێگایەكی تەختی بێ‌ گرێ‌ و بەربەست نییە، كامە دیوار و شورای بەرزی سەر رێگای ژیانتە دەروازەیەك هەیە بۆ پێدا تێپەڕینی.
گرفتەكان بكە بە ئەزموون و لەخزمەت گەشەكردنی كەسایەتیتدا بەگەڕیان بخە، زۆرن ئەوانەی گەشەكردنی كەسایەتییان كەوتووەتە دوای گەشەكردنی تەمەنیانەوە، بەڵام مەزنەكان ئەوانەن كە گەشەكردنی كەسایەتییان كەوتووەتە پێش گەورەبوون و گەشەكردنی تەمەنیانەوە، گەشەكردنی بیركردنەوە و گەشەكردنی زانیاری و گەشەكردنی ئاستی پێگەیشتن بنەمای گەشەكردنی تەمەن و كەسایەتین. 
گەشەكردنی تەمەن بە بێ‌ بەردەوامی و هەوڵدان بەدی نایەت، زۆركات گەشەكردنی تەمەن و كەسایەتیت بە فڕێدانی هەندێك خووی بێ‌ كەڵك و خراپ بەدی دێت، چونكە زۆركات خووە خراپەكان دەبنە رێگر لە گەشەكردنی كەسایەتیماندا، چونكە خووەكان دەبنە كەسایەتی و رەنگدانەوەی تەمەنن، كاتێك خوی باش بەرەو گەشەكردن دەبێتە ناسنامەت ئەوا گەشەكردنی كەسایەتی و تەمەنی بەدوادا دێت.
مەزنەكان ئەوانەن كە خەون و ئامانجی گەورەیان هەیە و  دەبنە داینەمۆی خۆیان بۆ گەشەكردنی تەمەن و كەسایەتیان و دەتوانن خۆیان بنیات بنێن و داهاتوویەكی گەش بكەن بە بەشی ژیانیان.

وتارەکانی نوسەر