زووم

کاریگەری ئەستێرەکان لە جەنگدا

10:26 - 2023-11-13
رۆزا دڵشاد مەریوانی
228 خوێندراوەتەوە

لەکاتی جەنگ و کارەساتەکاندا بڕواناکەم کەسێک هەبێت بە بینینی ئەو وێنانە خەمبار و تووڕە نەبێت، کاردانەوەشمان ئەوەیە ستۆری پێگە کۆمەڵایەتییەکانمان پڕ دەکەین لە ڤیدیۆ و وێنەی کارەساتەکان یان چەندین هاشتاگ لەسەر ئەکاونتەکانمان دووبارە دەکەینەوە لەکاتێکدا ئێمە تەنیا کەسێکی ئاسایین و لەسەر ئاستی گشتی هیچ کاریگەرییەکمان نییە. 
هەر یەکێک لە ئێمە چەند سەد هاوڕێیەک کەمتر یان زیاترمان هەیە، بۆیە کاتێک ستۆرییەکی لەو جۆرە دەبینم زۆرجار لەخۆم دەپرسم ئەمە بۆچی؟ ئایا هیچ کاریگەرییەکی دەبێت لە وەستاندنی جەنگێک یان نا؟ راستە ئەو هاشتاگانەی بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ لێقەوماوان دادەنرێت تا رادەیەک کاریگەری هەیە، بەڵام بۆ نموونە چەند ساڵە هاشتاگی ئێمەی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا هێناوە؟ ئێمەی کەسانی ئاسایی لە ستۆرییەکی فەیسبووکەوە دەتوانین چی بۆ منداڵانی غەزە بکەین کە بۆ ناسینەوەی تەرمەکانیان دایکیان ناویان لەسەر قۆڵیان دەنووسێت؟ کە بەڕای من ئەوە خەمبارترین وێنەیە لە دەیەی سێیەمی ئەم سەدەیەدا بیبینم.
بۆیە بینینی ئەو جۆرە پۆستانە جگە لە خەم و دڵەڕاوکێ هیچی دیکەمان ناداتێ، رەنگە دانانی ستۆرییەک تەنیا بۆ حەوانەوەی دەروونی خۆمان بێت، واهەستبکەین لەو دۆخەدا شتێکمان کردووە، لەکاتێکدا ئەو کەسانەی دەیبینن تەنیا هاوڕێ و خێزانی خۆمانن، ئەوەشی زیاتر خەمبارم دەکات ئەوەیە کاتێک ئەستێرەی گۆرانی سیلینا گۆمێز کە خاوەنی 430 ملیۆن فۆڵۆوەرە بڕیار دەدات واز لە سۆشیال میدیا بهێنێت و دەڵێت: چیتر بەرگەی ئەو هەموو تیرۆر و کوشتنە ناگرم، لە پۆستێکیدا لە ئینستاگرام دەڵێت: «رۆژانە خەڵکی دەکوژرێن و توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، دەبێت هەموو دنیا پارێزگاری لە خەڵکی بکات بەتایبەت منداڵان، بۆ ئەبەد توندوتیژی بوەستێنرێت» بەڵام سیلینا کە خاوەن هەوادارێکی زۆرە و یەکێکە لە ئەستێرە دیارەکانی دنیای هونەر واهەستدەکات ناتوانێت هیچ شتێک بۆ قوربانیان بکات، ئەوەش وایلێدەکات نەخۆش بکەوێت، سیلینا-ی ئەستێرە دەڵێت: هیوام وایە دنیا بگۆڕم، بەڵام بڕواناکەم تەنیا بە پۆستێک لە سۆشیال میدیادا بتوانم ئەوە بکەم، روونیدەکاتەوە چەندە بڵێت هێشتا ناتوانێت هیچ گۆڕانکارییەک بکات، هەرچەندە یەکێکە لەوانەی زۆرترین فۆڵۆوەری هەیە، ئەم وتانەی سیلینا زۆر راستگۆیانە دەریدەخات دنیای سۆشیال میدیا لە زۆر رووەوە خۆنمایشکردن و راکێشانی جەماوەرە، بۆیە کاتێک ئەستێرەیەک پۆستێکی لەو جۆرە دەکات تەنیا خۆی لای جەماوەرێک خۆشەویست دەکات و هەوڵدەدات فۆڵۆوەر بۆخۆی زیاد بکات، ئەوەی گرنگە ئەوان بە کردار چی دەکەن بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر حکومەتەکانیان، بەڕای من ئەوەش کارێکی زۆر زەحمەتە، بەڵام لە تەنیا پۆستێکی سۆشیال میدیا کە لە ماڵە سەلامەتەکەی خۆتەوە دەیکەیت باشترە. 

وتارەکانی نوسەر