له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
منجه‌منج كردن و دواخستنی ده‌نگدان له‌سه‌ر بەپارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه، به هه‌ر بیانویه‌ك بێت، جۆرێكه له سته‌مكردن، نه‌ك له زیندووه‌كانی شار، بگره سته‌مكردنه له‌و هه‌موو شه‌هیده‌ی كه ئه‌ركی حكومه‌تی عیراق بوو رازاوه‌ترین و شایسته‌ترین گۆڕستانیان بۆ بكات و داوای لێبوردن به‌رێته هه‌موو ماڵێكی هه‌ڵه‌بجه‌وه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی ئامێزه‌كه‌ی عومه‌ری خاوه‌ر به كۆرپه‌كه‌یدا نه‌ك هه‌ر بخاته سیستمی په‌روه‌رده‌وه، بگره بیكاته ره‌مزی وه‌فای باوكایه‌تی بۆ منداڵ و له هه‌موو پارێزگاكانی عیراقدا په‌یكه‌ری بۆ چێ بكات،
هه‌ڵه‌بجه به‌و هه‌موو برینه‌وه زۆر له پارێزگایه‌ك گه‌وره‌تر و به‌ناوبانگتره، ده‌بوو ئێستا له‌به‌ر هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ئه‌ندام پەرله‌مانه‌كانی دیكه، ئه‌ندام پەرله‌مانه شیعه و سوننه و توركمان و كریستیانه‌كان كێبڕكێیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردبا، كامیان زووتر شه‌ره‌فی ئه‌وه‌یان پێده‌بڕێت به‌ڵێ بۆ بەپارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه بكه‌ن.
ناكرێت له‌به‌رامبه‌ر به‌پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌دا كه له كوردستان هه‌موو رێوشوێنه‌كانی به‌پارێزگابوونی ته‌واوبووه و پارێزگایه، شوێنی تر قوت بكرێته‌وه وه‌ك له‌مپه‌ر، نه‌ك وه‌ك خواستێكی ره‌وا، كه ئه‌مه‌یان كاڵا به‌قه‌د باڵای هه‌ڵه‌بجه‌یه، نازانم تا چه‌ند پەرله‌مانتاره عه‌ره‌به‌كان ئه‌وه ده‌زانن كه شاعیرێكی گه‌وره و نوێخوازی وه‌ك گۆران ئه‌و شاعیره‌ی ده‌ڵێت:
برای عه‌ره‌بی چاوڕه‌شم
تاڵ بوو به‌شت تاڵ بوو به‌شم
له یه‌ك كاسه تاڵی نۆشین
برایی كردین به هه‌نگوین
ئه‌م شیعره له به‌غدا له ساڵی 1961 واته 62 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێش ئه‌نفال و كیمیاباران و حه‌ره‌س قه‌ومی و په‌تی سێداره‌ی ملی مه‌لا عه‌لی شاعیر ئه‌وه‌ی وتوه، پێش ئه‌وه‌ی گونده‌كانی كوردستان بڕوخێنرێن و كوردستان بكرێته وێرانه، دوای ئه‌و شیعره چه‌ندین جار به‌عس و سوپاکەی په‌لاماری هه‌ڵه‌بجه‌كه‌ی ئێمه‌و ئه‌ویان داوه، كه‌چی ئێستا له‌بری به‌یه‌ك ده‌نگ بڵێن به‌ڵێ، منجه منج ده‌كه‌ن، منجه‌منج به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌یامه برایه‌تییه‌ی گۆران كه هه‌ر له‌وێدا ده‌ڵێت:
به جوت هه‌ردوك باوك كوژراو
تك تك خه‌ممان تكا له چاو
ده‌ست له مل به‌سه‌ر یه‌كترا
گریان كردینی به برا
هه‌رنا ده‌بوو له‌به‌ر ئه‌و شیعره بڵنده مرۆییه‌ی گۆران كه ده‌زانم هه‌ندێك هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و شیعره ناسیونالیستانه لێی به قارن، ده‌بوو پەرله‌مانی عیراق بۆ رۆژی به‌پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه و بڕیاری ده‌نگدان كۆبوونه‌وه‌ی خۆیان به‌دیاریشه‌وه ببردایه‌ته نێو مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه و هه‌ر له‌وێش به هه‌ڵه‌بجه‌یان گوتبا «به ته‌نیا جێت ناهێڵین» بابه‌ته‌كه بابه‌تی یاسا و رێسا و به فه‌ڕمی كردنه، بۆیه ئه‌وه بیری پەرله‌مانتاره‌كان ده‌خه‌مه‌وه، ده‌ی ئه‌وه‌شتان پێده‌ڵێم كه مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی شاعیری خوداناس و خودادۆست و خودایاری كورد شینێكی تێكه‌ڵ به‌شینی حوسه‌ین كردووه، باوه‌ڕم وایه له جوانیدا ده‌دره‌وشێته‌وه:
«شواری عاشورا دیسان به‌زمش به‌ست»
به پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه منه‌تێك نییه بۆ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچه‌یه و هه‌موو هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه كه‌مترین پاداشته بۆ شارێك هه‌میشه به‌گژ سته‌مكاریدا چۆتەوە و بۆ یه‌كجاریش چۆكی له‌به‌رده‌م سته‌مدا دانه‌داوه، شارێك كه لیپه له جوانی و جیاوازی، پارێزگای خانه‌قا و سۆفیگه‌ری و كاكه‌یی و یارسان و مه‌ڵبه‌ندی شیعر و هونه‌ر و هۆره و كاری ده‌ستی كورده‌وارییە، هه‌ر پەرله‌مانتارێك دژی ئه‌و یاسا و خواسته ده‌نگ بدات، به‌رله‌وه‌ی سته‌م له كه‌س بكات، سته‌م له ویژدانی خۆی ده‌كات، چونكه ئه‌و ده‌نگنه‌دان و خۆنه‌بانكردنه‌ی ئه‌و مانای وایه هێشتا رۆحمان له رق و ناشرینی پاكنه‌بۆ‌ته‌وه، كاتێك شێركۆ بێكه‌سی شاعیر دوای روخانی بته‌كانی سه‌دام هه‌ڵه‌بجه‌ی نارد بۆ به‌غدا، هه‌ندێك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ببینن به دڵیان نه‌بوو، ئاخر ناكرێت هه‌ڵه‌بجه له به‌غدا چاوه‌ڕوانی بڕیاری كه‌سێك بێت كه هێشتا نازانێ هه‌ڵه‌بجه چییه!
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کەمترین پاداشتە بۆ هەڵەبجەییەکان