کام جەنگ بەڕێوەیە؟

10:28 - 2023-11-15
هیوا محەمەد
425 خوێندراوەتەوە

بەلاتانەوە سەیر نەبێت کە شەڕێکی یەکتر کوژی نێوان دوو لایەنی سیاسیی کوردی لە دەرەنجامی کێشەیەکی نێوان دوو بەرپرس یان پێشمەرگەی سادەی هەردوو لایەن بووبێت و تەشەنەی کردبێت بۆ شەڕێک کە تێیدا دەیان کەس بووبێتنە قوربانی، ئەمە بۆیە دەڵێم، چونکە چەندین شەڕی ئاوا بووە و لایەنەکان خۆیان جیاوازییەکی فیکری یان ناکۆکییەکی سەرەکییان نەبووە تا ببێتە هۆکاری روودانی ئەو شەڕە، لەمەش گرنگتر لە سەردەمی شاخدا هیچ شوێنێکی وەک ئێستای کەرکوک نەبووە تا لەسەر چەسپاندنی هەژموون شەڕی لەسەر بکرێت، بەڵکو هەموو دێهاتی رووت و دەشت و کێو بووە و پێشمەرگەی لایەنەکانیش هێندەی گەڕۆک بوون هێندە خاوەنی پانتاییەکی ستراتیژی نەبوون تا شەڕی لەسەر بکەن و کوردستانیش بەشی هەموو لایەنەکان کون و قوژبن و پەنا و ئەشکەوتی هەیە کە بەشی هەموانی دەکرد.
لە نێوانی ئێران و عیراق جەنگێک روویدا و زیانەکەی زیاتر لەیەک ملیۆن کەس قوربانی بوو، هەشت ساڵی خایاند، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی بە کردە لە سەنگەری عیراقدا هاوکار بوون، زلهێزەکانیش بۆ دابەشکردنی بازاڕی چەکەکانیان دابەشیان کردبوون و کەم تازۆر لایەنگریی عیراقیان دەکرد، ئەویش لەبەر توندیی هەڵوێستی ئەوکاتی ئێران کە دەیووت نە شەرقی و نە غەربی.
ئەگەر ئێران ئەم هەڵوێستەی نەبوایە، ئەوا بێگومان ناوچەکە دەبووە مەیدانی جەنگێکی ئیقلیمی.
لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەدوای داڕمانی سۆڤیەتەوە چەند جارێک شەڕی قورس روویان داوە، جەنگێک لەسەر ئەفغانستان لە 2001 راگەیەندرا، کێشەی پاکستان و هیند درێژەی هەیە و سەدان جار هەزاران کەس بوونەتە قوربانی، لەدوای بەهاری عەرەبییەوە هەریەک لە لیبیا و سوریا بوونە گۆڕەپانی شەڕ و پێکدادان و خوێن رشتن، داعش هات و زۆربەی ناوچەکە و جیهانی بە خۆیە خەریک کرد، سوریا و عیراق بوونە چەقی خوێن رشتن.
هەموو ئەمانە نەبوونە جەنگێکی جیهانی یان ئیقلیمی، تەنها هۆکاریش یەک لووتکەیی جیهان بوو لە تێڕوانیان بۆ ئەم کێشانە.
هەریەک لە روسیا و چین خۆیان نەگلاند لەم کێشانەوە بەتایبەتی ئەوەی داعش، چونکە دیار بوو لەبەرژەوەندیی ئەوان بوو کە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی تووشی ئەم گرفتە ئەمنییە بوونەتەوە لە ناوچەکە.
ئێستا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی پلان بۆ داڕێژراوی گەورەی حەماس بۆتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێک بۆ سەر بەشێک لە فەلەستین ئەویش کەرتی غەزەیە.
ئەمەیان ناکرێت بە جەنگێکی ناوخۆیی نێوان غەزە و ئییسرائیل بمێنێتەوە، چونکە هەڵوێستەکان لەسەر رووداوەکە و درێژەی جەنگەکە جیاوازن و تادێتیش جیاوازتر دەبن.
مەترسیی جەنگێکی ئیقلیمی دوور نییە، هەرچەندە تەنها کەرتی غەزە و دانیشتوانەکەی دەبنە قوربانی ململانێ سیاسییەکانی ئەو چەند وڵاتە و هەریەکە بۆ بەهێزکردنی کارتی خۆی هەنگاو دەنێت، بەڵام کارلەکار ترازانیش هەیە و جاری واهەیە جەنگەکە تەشەنەدەستێنێ و لە کۆنترۆڵ دەردەچێت، ئەوکات نەک ئیقلیمی، بەڵکو دوور نییە ببێتە جیهانی یان نیوەی گۆی زەوی بگرێتەوە، بەتایبەتی کە جەنگێکی ئەوروپی لە ئارادایە ئەویش لە نێوانی روسیا لەلایەک و زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا لەلایەکی ترەوەیە.

وتارەکانی نوسەر