هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و دۆزی شنگال

03:09 - 2023-11-15
له‌تیف نێروه‌یی
305 خوێندراوەتەوە

ئێستا كە گەرمەی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراقە، بە تایبەتی لە ناوچە دابڕێنراوەكان، هەموو لایەنەكان لە كێبڕكێدان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و زۆرترین كورسی ئەنجومەنەكان و گەیشتن بە دەسەڵاتی ئیدارە خۆجێییەکان.
ئەوەی كە بانگەشەی شنگال لەگەڵ ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە جیادەكاتەوە، زامە سەخت و بەردەوامەكەی شنگال و خەمە قوڵەكانی شنگالییەكانە، چونكە لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە نۆ ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆرستانی داعش و جینۆسایدكردنی ئێزدییەكاندا، هێشتا زیاتر لە (160) هەزار هاووڵاتی دەڤەری شنگال لە كامپی ئاوارەكان لە پارێزگاکانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە پارێزگای دهۆك ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی كۆمەڵێك لەمپەر و بەربەستەوە دەرفەتیان بۆ نەڕەخساوە  بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
لە دوای تێپەربوونی نۆ ساڵ، هێشتا قایمقامییەتی شنگال لە تەنیشت شاری دهۆكە و هەر هاووڵاتییەكی قەزای شنگال كە بۆ مامەڵەیەكی رەسمی پێویستی ئیمزایەكی قائیمقام هەبێت، پێویستە بۆ ماوەی سێ سەعات بە سەیارە رێگا ببڕێت و لە 12 سەیتەرە تێپەڕێت تا دەگاتە قایمقامییەتی شنگال لە (دومیز - فایدە) لە تەنیشت شاری دهۆک، بۆ گەڕانەوەش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.
لە دوای تێپەربوونی نۆ ساڵ بەسەر داگیركاری و وێرانكاری و کۆمەڵکوژی ئێزدییەكانی شنگالدا، هێشتا كەشێكی گونجاو نەڕەخساوە بۆ كۆبوونەوەی شەنگالییەكان لە زێدی خۆیان، چونكە بێجگە لەوەی زیاتر لە 100 هەزار هاووڵاتی ئێزدی بە ناچاری روویانكردووەتە وڵاتانی ئەوروپا، هێشتا كۆچی گەنجانی دەڤەرەکە بۆ هەندەران هەر بەردەوامە، لە هەمان كاتدا هێشتا ئێزدییەكان بەهۆی ململانێی حزبایەتییەوە بەسەر پێنج بەشدا دابەش بوون، هەر بەشێك لەوانە پەیام و جیهانبینی خۆیان هەیە بۆ چارەسەركردنی دۆزی شنگال و شێوازی حوكمڕانی و ئایندەی دەڤەرەکە.
-هێشتا خەمی شنگالییەكان بەردەوامە، چونكە لەدوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدەکەدا، شنگالییەکان بەردەوام بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری و بێکاری و جیاکاری و وێرانكارییەکانەوە دەناڵێنن، هێشتا چارەنووسی هەزاران مناڵ و كیژۆڵە و ژنی بێتاوانی ئێزدی نادیارە.
-هێشتا سەرجەم رەهەندە سیاسی، یاسایی، ئیقلیمی، نێودەوڵەتی، كۆمەڵایەتی و مێژووییەكانی شنگال، تەنها بە دیدی رەهەندێکی سەربازییەوە سەیر دەكرێت.
خەمەکانیان بەردەوامە، چونکە لە دوای ڕۆخانی رژێمەوە شنگالییەکان هاوشێوەی ناوچە دابڕێنراوەکان چاویان لەوەیە زانکۆیەک، نەخۆشخانەیەکی شایستە، پارکێکی سەردەمیانە، لە شارەکەیاندا بکرێتەوە. 
هۆکاری بەردەوامبوونی هەموو ئەم خەمانە بۆ سیستمی ناڕەوای ئیدارەی قەزاکە و ئیدارە خۆجێیەکەی پارێزگای نەینەوا دەگەڕێتەوە و تاکە چارەسەریش بۆ دۆخی شنگال بەشداریكردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە ئیدارە خۆجێیەکەی نەینەوا و شنگال و پێکهێنانی ئیدارەیەکی بنکەفراوانی خزمەتگوزار و شەفافە کە خزمەت بەهەموو شنگالییەکان بکات بەبێ جیاوازی. 
بۆیە ئەم هەڵبژاردنە بۆ جەماوەری شنگال چەندە چارەنووسساز و گرنگە، ئەوەندەش دەرفەتێکی مێژووییە کە بەشدارییەکی فراوان لە پڕۆسەی دەنگداندا بکەن و دەنگ بدەنە هاوپەیمانی (یەکێتی خەڵکی نەینەوا). چونکە سەرکەوتنی یەکێتی لەو پارێزگایە، دەبێتە فاكتەری سەرلەنوێ‌ كۆكردنەوەی ئێزدییەكان، نەهێشتنی جیاکاری، ئاسایکردنەوەی دۆخی ناسەقامگیری شنگال، گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ سەر زێدی خۆیان، ئاوەدانكردنەوەی شارەكە، نەهێشتنی ئاسەواری تیرۆرستانی داعش، دەستپێكردنی كۆچی پێچەوانە بۆ شارەکەیان. بۆ ئەو مەبەستە، هاوپەیمانیەتی یەکێتی خەڵی نەینەوا، بەرنامەیەکی تایبەت و ستراتیژی بۆ چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشەی شنگال و میکانیزمی جێبەجێکردنی بەرنامەکە داڕێژراوە، بەجێبەجێکردنی بەرنامەکە، زامی شنگال ساڕێژ دەکات و كۆتایی بە خەمە بەردەوامەکانی شنگالییەكان دەهێنێت.  

* ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

وتارەکانی نوسەر