بەردەركی سەرا سیمبولی سلێمانی

11:02 - 2023-11-16
ماردین عه‌بدولكه‌ریم
1282 خوێندراوەتەوە

ماردین عەبدولکەریم


یادی 239 ساڵەی شاری سلێمانییە، بەو بۆنەیەوە لەبەردەركی سەرا كۆنسێرت و ئیڤێنت و چالاكی جۆراوجۆر سازدەكرێ‌، لەگەڵ ئەو تەمەنە كەمەیدا هەگبەی یادەوەرییەكانی هێندە پڕە، بەڕاستی نازانیت لەوتارێكدا ئاوڕ لە چ لایەنێكی ئەم شارە بدەیتەوە و لە یادەكەیدا وەك چەپكەگوڵ بیدەیت لە یەخەی.
نازانیت باسی شۆڕش و راپەڕین و قوربانیدانەكانی بكەیت، یان باسی یاخی بوون و ناڕەزاییەكانی بەڕووی دوژمناندا، كە لە هەموویاندا سەرای سلێمانی كراوەتە مەنزڵ، ئەی باسی فەراهەمكردنی كەشی ئازادی و دیموكراسییەكەی چۆن بكەم، سلێمانی لەلایەك شاری شەهیدانە و لە پێناو بیروباوەڕەكانیدا لە ئازادی و سەربەخۆیی بۆ كوردستان بە هەزاران شەهیدی داوە، لە لایەكیش شاری هونەرمەند و شاعیر و رۆشنبیرانە، ئەوەتا پەرلەمانی كوردستان نازناوی پایتەختی رۆشنبیری پێدەخشێ و یونسكۆ نازناوی شاری ئەدەبی پێدەخشێ، باسی چی بكەم سلێمانی، خۆ نابێت‌ جووتیارە دەستڕەنگینەكان و خواردنە خۆش و بەتامەكانت لەبیر بكەین، ئەوەتا پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: سلێمانی بۆتە دەستە خوشكی (12) كێڵگەی كشتوكاڵی لە جیهاندا، واتە خاك و ئاو و هەواكەشت پڕ پیت و بەرەكەتە سلێمانی.

گرنگی سەرای سلێمانی
سەرای سلێمانی بۆ یەكەم جار بابانەكان وەك شوێنی بەڕێوەبردنی كاروبارەكانیان بەكاریان هێنا بۆیە شێخ رەزای تاڵەبانی دەڵێت:  سلێمانی دارولملكی بابانە، ساڵی(1926-1928) لە سەردەمی حوكمی مەلەكیشدا سەرای سلێمانی بە دوو نهۆم و (43) ژوور بنیات دەنرێت و دیسان بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری ئیداری بەكاردەهێنرا، لەوێ‌ رۆژەوە سەرای سلێمانی بوو بە سیمبولی سلێمانی، راپەڕین و مانگرتن، ناڕەزایی و خۆپیشاندان هەمووی لە دەوری سەرای سلێمانی بووە، (6)ی رەشی ئەیلول دژی پەیماننامەی عیراق - بەریتانیا بوو كە هیچ دەستكەوتێكی بۆ كورد تیادا نەبوو، خۆپیشاندانەكە بەڕابەرایەتی بێكەسی شاعیر و چەندانی تر لەبەردەركی سەرا بوو، سلێمانی كە پایتەختی مەملەكەتەكەی مەلیك مەحمود بوو، لە دروستبوونییەوە ئاكاری وایە نەنگی و سەرشۆڕی قبوڵ ناكات، حزبی بەعس ناوی دەنێت (مدینة الصعبة) ئەمەش بۆ ملنەدان و وەستانەوە بەڕووی ملازم موحسین و تاقمەكەی و رژێمی دیكتاتۆریدا بووە، ئەمنە سوورەكە مۆزەخانەی ئەمڕۆ و ئەشكەنجەخانەی ئەوسای رۆڵەكانی سلێمانی بووە، بە هەموو ئەمانەشەوە كاتێک‌ لەسەر گۆیژەوە سەیری شاری شاران سلێمانی دەكەیت، دەبینیت چۆن ملوانكەی زێڕینی شەست مەتری تەوقی گەردنی داوە، كە رژێمی بەعس نییەتی بوو لەو رێیەوە بەر لە هەڵمەت و قوربانییەكانی پێشمەرگە بگرێت، بەڵام پێشمەرگە گیان لەسەر دەست یەك یەك هەوڵەكانی پوچەڵ دەكردەوە هەربۆیە سلێمانی بوو بە شاری هەڵمەت و قوربانی.

نازناوی شارە حەیاتەکە
مام جەلال تاڵەبانی سلێمانی یەكجار خۆش ویستووە و ناوی نا شارە حەیاتەكە و زاری هەموانی بەم نازناوە شیرینە راهێنا، ئەوەتا فێستیڤاڵی ئەمساڵ لەژێر ئەو ناوەدا بەڕێوەدەچێت، مام زۆر بەجوانی لە سلێمانی و سلێمانییەكان گەیشتووە، مام و سلێمانی لەیەك دەچوون، هەردووكیان تامەزرۆی ئازادی بوون، بۆیە مام وەك بابانییەكان بارەگای خۆی سەرەتا لە قەڵاچوالان و دواتر لە سلێمانی جێگیر كرد.
باسی چیتر بكەم سلێمانی دایك، تۆ بوویتە دایكێكی بەسۆز و ئامێزی گەرمت بۆ رۆڵەی شارەكانی تر و پارچەكانی تری كوردستان كردۆتەوە، دەزانم ئا لێرەدا گلەیت هەیە و دەڵێیت: حەیف وەك یەكێتی نمەك سوێرم و بەنیوەی بەخشندەییم ئەوەی چاندومە وەریناگرمەوە.

پێشەنگیی سلێمانی
هەرگیز نیگەران مەبە، رۆڵەكانت ئازا و چەلەنگ و زیرەكن و زۆربەی یەكەمەكان لەسەر ئاستی هەرێم ساڵانە رۆڵەی تۆن و لە راگەیاندن پێشەنگیت و دەركردنی یەكەم رۆژنامەی (پێشكەوتن) لەلایەن مێجەرسۆن هەر بەباڵای تۆ بڕاوە، مێجەرسۆن دەنووسێت، ئیتر مەنووسن سلیمانیە، بەڵكو بنووسن سلێمانی، هەروەها یەكەم قوتابخانەی روشدییە و یەكەمین شاعیر و نووسەر و ئەدیبەكان و یەكەم راپەڕین رۆڵەكانی تۆ کردویانە و لە ئامێزی تۆوە راپەڕین سەریهەڵدا، تەنها لە یەك شتدا تۆ یەكەم نەبووی كاتێک سەدامی دیكتاتۆر تۆی لە خزمەتگوزاری دروستكردنی نەخۆشخانە و رێگەوبان بێبەش دەكرد هەروەك ئێستا كە بێبەشكراوی لە 100 مەتری و 120 مەتری و 150یی، گرنگ نییە، گرنگ ئەم هەموو سەروەرییە ئەم هەموو ئازادییەیە كە وایكردووە تەنانەت گیراوانی بادینانیش داوای گواستنەوە بۆ بەندیخانەكانت دەكەن، تەنانەت لەنێو بەندیخانەكانیشدا ئازادی هەیە،  هێمن مامەندیش، مێژووی ساڵی هێلكە بارانەكەی هێنایە سلێمانی، چونكە ویستیان مێژووەكەی راگرن، فەرهاد پیرباڵ لێرە لە ئامێزی تۆدا شاعیر و نووسەر و ئەدیبە و لەشوێنی تر وێڵ و سەرگەردان.

ئامێزی گۆڕستانەکانی سلێمانی
بابیرم نەچێت دایكی بەسۆزم، سەرقەبرانەكانیشت سەریان بڵندە و گردی سەیوان و مامەیارە بە دەیان سیاسەتمەدار و مێژوونووس و شاعیر و هونەرمەندی وەك ئەمین زەكی بەگ و سالم و كوردی و فایەق بێكەس و گۆران و حەپسەخانی نەقیب و شێخ محەمەدی خاڵ، پیرەمێرد و ولیەم یوحەنا و حەمە ساڵح دیلان و رەفیق چالاكی لە ئامێز گرتووە.
بەردەركی سەراكەشت ئەم هەفتەیە قەرەباڵغ و جەنجاڵە، بەڵام ئەمجارەیان لەوێ‌ كەس ئازار نادرێ‌، كەس راونانرێ‌ و بریندار ناكرێ‌، ئەمجارەیان ئاهەنگە ئاهەنگی بنیادنانی تۆیە، شێرکۆ بێكەس دەڵێت: لە خشتێكی قوڕ و كارێز و كانیاوی مەڵكەندییەوە بۆ هەزاران ماڵ، یاد و یادەوەریت بەرز و پیرۆز بێت.

سەرای سلێمانی پەیکەری بێکەس

وتارەکانی نوسەر