دیپلۆماسییەتی 24 سەعاتیی سەرۆک کۆمار

10:21 - 2023-11-20
هاوکار قادر
231 خوێندراوەتەوە

هاوکار قادر


لە دنیای شێواو و پڕ پێکدادانی ئەمڕۆدا، بوونی رووناکی بە ئەستەم هەستی پێدەکرێت، بەڵام لە کۆتایی توونێلە تاریکەکەدا تروسکاییەک هەر دەبینرێت، کە دەبێت بە دیپلۆماسی و ئامرازەکانی پەیوەندی، کار لەسەر فراوانکردن و بەهێزکردنی تیشکەکەی بکرێت، ئەو سیاسەتە سەرۆک کۆماری عیراق کاری لەسەر دەکات و لەگەڵ قەداسەتی پاپای ڤاتیکان هەنگاوێکی گەورەی بۆ دەنێت.
رۆژی هەینییە و 17/11/2023یە، د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار و خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق بەرەو ڤاتیکان کەوتنەڕێ، دوو غەمی گەورەیان لەنێو جانتای دیپلۆماسی هەڵگرتبوو، هەردووکیان دۆسێی گرنگی رۆژن، خۆرهەڵات و خۆرئاوا، باکوور و باشووری زەوی سەرقاڵکردووە، هەردووکیان پەیوەندییان بە ژیانی مرۆڤایەتییەوە هەیە، شەڕ و ماڵوێرانییەکەی، ئاشتی و پێکەوەژیان.
پاش گەیشتنی سەرۆک و خانمی یەکەم و ستافی یاوەریان بە ئیتالیا و پشوویەکی کورت، دوا ئامادەکاری بۆ دیداری لوتکە بەڕێوەچوو، دیدارێک لە ترۆپکی دیپلۆماسی و پەیوەندیی نێودەوڵەتی، کە سەردەمانێکی دوورودرێژە بۆتە کاری لەپێشینەی سەرۆک کۆمار و لەنێو رێڕەوە پێچاوپێچەکانی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بیرۆکە و تێڕوانینەکانی دەخاتەڕوو.
پاش شەوێک لە پشوودان، رۆژی دواتر «شەممە» وادەی دیدار هاتەپێشەوە، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم لەنێو کۆشکی پاپادا دیداریان لەگەڵ پاپا فرەنسیس پاپای ڤاتیکان دەستیپێکرد.
لەم دیدارەدا وێنە گشتییەکە پتەوکردنی پەیوەندیی عیراق «خاکی ئایینە ئیبراھیمییەکان» و ڤاتیکان «ناوەندی باڵای ئایینی مەسیحی» بوو، چەسپاندنی زیاتری رایەڵەکانی دیپلۆماسی و پێکەوەکارکردن بوو.
لە وردکردنەوەی وێنەکەدا، بایەخدان بە مرۆڤ، هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی جەنگ و پشێوی، سنووردانان بۆ نەهامەتییەکان، گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ ئەوانەی بێئومێدبوون، دەبینرێت.
سەرۆک کۆمار بۆ پاپای دووپاتکردەوە، کە سەرۆکایەتیی کۆمار کۆکەرەوەی هەموو عیراقییەکانە، پارێزەری هەموو ئایین و پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانە، رەنگدانەوەی فرەیی کۆمەڵگەیە، سیاسەتی سەرۆکایەتیکردنی وڵات، وێناکردنی ئەسڵ و بنەمای مرۆڤایەتیی عیراقییەکانە، ئەو نەهجەش بەردەوام دەبێت بەو ئومێدەی چیتر نەهامەتی و کارەساتەکانی رابردوو، روو لە نیشتمانەکەمان نەکاتەوە.
سەرۆک کۆمار تەنها غەمی عیراقییەکانی بە پاپا نەگەیاند، بەڵکو هاواری هەموو ئەو منداڵ و ژن و کەسە بە تەمەنانەی پێگەیاند، کە بەھۆی جەنگ و شەڕ و ئاشوبەوە، بە تایبەتی لە فەلەستین، ژیانیان سەرتاپا بووە بە کارەسات و ماڵوێرانی.
جگە لەو دیدارە لووتکەیە، سەرۆک کۆمار و خانمی یەکەم چاویان بە پیترۆ پاولین سەرۆک وەزیرانی ڤاتیکان کەوت.
لە پاش گەشتێکی دیپلۆماسیی 24 سەعاتی، سەرۆک کۆمار گەڕایەوە بۆ وڵات، خۆ ئەوە تەنها 24 سەعاتی کارکردنی سەرۆک نییە، بەڵکو بە درێژایی زۆربەی سەعاتەکانی رۆژ و شەو، لە راییکردنی ئەرکەکانی بەردەوامە، لە ناوەوە و دەرەوە لە پەیوەندی و دیدار و کۆبونەوەدایە.

وتارەکانی نوسەر