لەم مانگەدا عیراق لە دوای 13 ساڵ، جارێکی دیکە میوانداریی لووتکەی جامیعەی عەرەبی دەکات، گەورەترین ئاڵنگاریی بەردەم حکومەتی وڵاتەکەش میوانداریکردنی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریایە، کە تا دوێنێ تیرۆریستێکی داواکراو بووە و ئەمڕۆ سەرۆکێکی دراوسێ.
هەر ئەوە نییە شەرع پێشتر تیرۆریست بووبێت و دەستی بە خوێنی عیراقییەکان سوور بێت، بەڵکو روخێنەری سەرۆك و حکومەتێکی وەك بەشار ئەسەدە، کە بەشێك لە هێزە شیعەکانی عیراق بە نزیك و هاوپەیمانی خۆیانیان دادەنا و پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوانیاندا هەبوو، بۆیە بانگهێشتکردنی شەرع لەلایەك ناچارییە و لەلایەکی دیکەشەوە خۆگونجاندنە لەگەڵ ئەو دیفاکتۆیەی هەیە و دەبێت لە قۆناغەکە و مەترسییەکانی بەرهەڵستیکردنی گۆڕانکارییەکان تێبگەن، بەتایبەت ئەو شیعانەی لە بەڕێوەبردنی عیراقدا بڕیاربەدەستن و لە بارودۆخەکە نیگەرانن.
مشتومڕ زۆرە لەسەر ئەو بانگهێشتە رەسمییەی عیراق لە رێی د.ئەحمەد فەکاك بەدرانی وەزیری رۆشنبیرییەوە ئاراستەی شەرع-ی کرد بۆئەوەی 17ی ئەم مانگە سەردانی بەغدا بکات و لە ریزی پێشەوەی سەرۆك و سەرکردەی وڵاتە بەشدارەکاندا بێت.
ئەگەرچی بە لای منەوە هیچ کات لووتکەی عەرەبی جێی سەرنج و ئومێد و هیوای گۆڕانکاری نەبووە و نابێت، بەڵام بەهۆی ئەو ئاڵنگارییەی ئەمجارە، چاوی دنیای دەکەوێتەسەر، نەك لەبەر دەرئەنجامەکانی و بڕیارەکانی، بەڵکو لەبەر شەرع، کە سێ ئاماژە هەن وادەکات خۆی ئامادەبێت و نوێنەری نەنێرێت.
سێ ئاماژەکە بریتین لە:
یەکەم: دیداری چاوەڕواننەکراوی سودانی و شەرع لە دەوحە بە چاودێری و ئامادەیی میری قەتەر کە هەنگاوێکی گرنگی ئامادەسازییە بۆ رەواندنەوەی مەترسیی دەستگیرکردنی، ئەگەر بچێتە بەغدا بەوپێیەی لەلایەن دادگاوە داواکراوە و دۆسێی تیرۆری لەسەرە.
دووەم؛ بۆ دووپاتکردنەوەی نیازپاکیی عیراق و زیاتر دڵنیاکردنەوەی سەرۆکی سوریا، هەینی رابردوو بە دیاریکراوی دوای 10 رۆژ لە دیدارەکەی دەوحە، هەر بە راسپاردەی سودانی، وەفدێکی عیراقی بە سەرۆکایەتیی حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری چووە دیمەشق و چاوی بە ئەحمەد شەرع کەوت.
سێیەم؛ دوای چەند رۆژێكی کەم لەو دیدارەی دیمەشق، وەفدێکی دیکەی عیراق بە سەرۆکایەتیی د.ئەحمەد فەکاك بەدرانی وەزیری رۆشنبیری چووە لای شەرع و بانگهێشتی رەسمی بۆ ئامادەبوون لە لووتکەی جامیعەی عەرەبی رادەستکرد.
ئەو سێ دیدار و کۆبوونەوانە تەنها ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، کە خودی شەرع دڵنیاکراوەتەوە لەوەی لە بەغدا پارێزراو دەبێت و دەستگیرناکرێت، بەڵام دیار نییە چۆن لە دۆسێی بەردەم دادگا دەیپارێزن و دێت و دەگەڕێتەوە.
ئەگەر شەرع بێت بۆ عیراق و بە سەلامەتی بگەڕێتەوە، لە قازانجی عیراق دەبێت، لەلایەك ناکرێت لە دۆخی شڵەقاو و ناجێگیری ئەم ناوچەیەدا خۆی دوربخاتەوە، لەلایەکی دیکەش سنووری بەرفراوان لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە و پێویستییان بە هاوئاهەنگی هەیە. وەك ئەوەی ئەمریکییەکانیش دەڵێن، عیراق لەژێر هەژموونی ئێراندایە و ئەو باڵانسە رێك نەکاتەوە، ئەوا حوکمڕانانی ئێستا «مەبەست شیعەکانە زیاتر» زەرەرمەندی یەکەم دەبن و ناتوانن وەك ئەوەی لە دوای رووخانی سەدامەوە بۆیان لواوە، بۆیان بچێتەسەر. کردنەوەی دەرگاش بە رووی ئەوانەی هیچ نەبێت دژایەتیی ئەمریکا و ئیسرائیل ناکەن، یەکێکە لەو رێگەیانەی دەیانپارێزێت، هەرچەندە مانەوەی خودی شەرع مسۆگەر نییە، بەڵام گۆڕانکارییەکەی سوریا بە دڵی دژەکانی ئێرانە و شەرع-یش رێبەری سەرەکی ئەو گۆڕانکارییەیە.