13ی ئاب رۆژی کەرکوکییەکان بوو، کە بە مەرسومێکی کۆماری و بە ئیمزای د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆماری عیراق، پارێزگارێکی هەڵبژێردراو بە دەنگی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کەرکوك دانرا و کۆتایی بە دوو چیرۆکی دورودرێژ هێنا.
لە ئەگەری هەر گرفتێکی سیاسی و لێکتێنەگەیشتنی پێکهاتەکانی کەرکوکدا، ئەوا پارێزگار سەرۆکایەتی کۆمار دەکاتە
مەرجەع و روو لە سەرۆك کۆمار دەکات
چیرۆکی دانانی پارێزگارێكی هەڵبژێردراو بۆ کەركوك لەدوای نزیکەی هەشت مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، یەکێك بوو لەو چیرۆکە درێژانەی کە پاش دانوستاندن و گفتوگۆی چڕوپڕ و بێنە و بەردەیەکی زۆر یەکلابۆوە و وەك چاوەڕوان دەکرا دوا پارێزگای (رێکنەخراو لە هەرێمێکدا) دەبێت، کە پرسی پارێزگارەکەی درەنگ یەکلابێتەوە، تەنها هۆکاریش سروشتی پێکهاتەی دانیشتوانەکەیەتی، کە دەتوانین بڵێین عیراقیکی بچوککراوەیە و چەندین پێکهاتەی تێدایە.
چیرۆکـــــــی دووەمیش، کە کۆتایی هات و جارێکی تر ناگەڕێتەوە، کـــــۆتایی هــــــــاتنی بوونی پــــــارێزگارێکی هـــــــەڵنەبژێردراوی بەوەکالەت بوو، کە بـــــــەدەر لە ویستی زۆرینەی کەرکوکییەکان دانرا و حەوت ساڵ درێژەی کێشا.
لەدوای ئەو دوو قۆناغە، ئیتر وێستگەیـــــــەکی نوێ هاتۆتە ئاراوە و لاپـــــــــــەڕەیەك هــــەڵدراوەتەوە، کە خواستێك هەیە بە نیازی پاك، بیرۆکەی باش، دیدگای بوونیاتنەر ئەو لاپەڕەیە پڕبکرێتەوە.
لەم لاپەڕە نوێیەدا، وەك ئەوەی سەرۆك کۆمار لە رۆژی ئیمزاکردنی مەرسومەکەدا بە رێبوار تەها پارێزگاری نوێی کەرکوکی وت، گرنگە کار لەسەر سێ خاڵی لەپێشینە بکرێت؛ پێکەوە کارکردن و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان، خزمەتکردنی کەرکوك و کەرکوکییەکان وەك یەك و بێ جیاوازی هەروەها بەتایبەتیش بەرەنگاری پەتای گەندەڵی و پەرەپێدانی ئاوەدانی و ئارامی و ئۆقرەیی.
بەسەرقاڵبونی پارێزگاری نوێ بەم دۆسیانە، بە جێبەجێکردنی کارنامەکەی و هێنانەدی بەڵێنەکانی کە لەم چوارچێوەیەدا دراون، چاوەڕێ دەکرێت کەرکوك بپەڕێتەوە بۆ قۆناغی بوونیادنانەوە و جوانکردن و ئاوەدانکردنەوە، تا ببێتە ئەو پارێزگایەی شایستەی خەڵکەکەیەتی، کە نەهامەتی زۆریان بەدەستی شۆڤێنی و سیاسەتە چەوتەکانی رژێمی لەناوچوی بەعسەوە چەشتووە و لە ململانێکانیشدا زیانیان بەرکەوتووە.
جا بەوپێیەی سەرۆکایەتی کۆمار کۆکەرەوەی هەمووانە و وەک هەمیشە دەرگای بۆ عیراقییەکان، بە پێکهاتە فرەچەشنەکەیەوە، کردۆتەوە، پارێزگاری هەڵبژێردراوی کەرکوکیش وەك خۆی دەڵێت؛ لە ئەگەری هەر گرفتێکی سیاسی و لێکتێنەگەیشتنی پێکهاتەکانی پارێزگاکە، ئەوا سەرۆکایەتیی کۆمار دەکاتە مەرجەع و روو لە سەرۆك کۆمار دەکات بۆ کۆکردنەوەی هەموان و زاڵبون بەسەر کێشەکاندا.
بەڵێنەکەشی دووبارەکردەوە، کە پارێزگای کەرکوك دەکاتە مەڵبەندی پێکەوەژیان و کارکردنی دەستەجەمعی، درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال دەبێت و چەپکە گوڵەکەی پەیڕەو دەکات.