بۆچی رۆژی شەهیدی یەكێتی؟

(رۆژی وەفا و بەڵێن تازەكردنەوە)

09:43 - 2023-11-21
له‌تیف نێروه‌یی
56 خوێندراوەتەوە

لەتیف نێروەیی

بەرلەوەی رۆژی 20/5/2013 لەلایەن ئەنجومەنی پێشووتری سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە 21/11 وەك رۆژی شەهیدی یەكێتی پەسەندبكرێت، پرسی گەڵاڵەكردنی رێسایەكی تایبەت بە رۆژی شەهید لە ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی و دەزگای شەهیدان و مەكتەبی رێكخستن تاوتوێكرا و كۆدەنگییەك لەسەر دیاریكردنی رۆژێك وەك رۆژی شەهیدی یەكێتی هەبوو، دواجار لە ئەنجومەنی ناوەندی رەشنووسی رێسایەك پێشكەش بە مەكتەبی سیاسی كرا.

هۆكاری سەرەكیی دیاریكردنی رۆژێك وەك رۆژی شەهیدی یەكێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەركی جێبەجێكردنی رێوڕەسمێكی تایبەت و شایستە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكاندا بۆ 26 هەزار شەهیدی نەمر لەلایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارەكانی یەكێتییەوە ئاسان نەبوو، چونكە رۆژانە لە دێهات، شارۆچكە، شارە جیاوازەكان چەندین رێوڕەسمی تایبەت بە یادی شەهیدان رێكدەخران. بەشێكی رێوڕەسمەكان بەپێی نزیكیی جوگرافی لە ئۆرگانە باڵاكان وەكو مەكتەبی سیاسی، یان ئەنجومەنی سەركردایەتی دەكران، هەندێكی دیكەیان بەهۆی دووریی سنووری جوگرافی لە ئۆرگانی باڵا، لەلایەن ئۆرگانەكانی وەك مەڵبەند و كۆمیتەكان رێكدەخران.
هەندێكجاریش بەبێ‌ ئاگاداریی ئۆرگانە حزبییەكان، رێوڕەسمی یادی هەندێك شەهیدی نەمر تەنها لەلایەن كەسوكاری شەهیدانەوە رێكدەخران، ئەوەش رەخنە و گازندەی بەدوای خۆیدا دەهێنا و پرسیاری ئەوە دروستدەبوو، بۆچی هەندێك رێوڕەسم لەسەر ئاستی باڵا و هەندێك رێوڕەسمی دیكە لەسەر ئاستی خوارەوە و هەندێكیش لەلایەن كەسوكاری شەهیدانەوە رێكدەخرێن؟، لەلایەكی دیكەوە، رووماڵكردنی رێوڕەسمەكان لەلایەن راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، رەخنەی لێدەگیرا، چونكە لە توانای راگەیاندنەكەدا نەبوو كە بتوانێت هەموو رێوڕەسمەكان راستەوخۆ پەخش بكات، هۆكاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەگەر 26 هەزار شەهید دابەشی رۆژەكانی ساڵ بكەین، دەبوایە رۆژانە رێوڕەسم بۆ یادی زیاتر لە 70 شەهیدی نەمر بكرێت.
هەندێکجار راپۆرتێك لەسەر رێوڕەسمێك بڵاودەكرایەوە، هەندێکجاریش تەنها بە هەواڵێك باس لە رێوڕەسمەكە دەكرا، جاری واش هەبوو بەهۆی زۆریی یادەكان و نەبوونی هەماهەنگی پێویست لەنێوان ئۆرگانە حزبییەكان و راگەیاندن و نەبوونی تیمی پێویست، هەموو رێوڕەسمەكان رووماڵ نەدەكران، ئەمەش دیسانەوە نیگەرانیی كەسوكاری شەهیدانی لێدەكەوتەوە یان نیگەرانیی مەڵبەند و كۆمیتەكانی ئەو سنوورەی لێدەكەوتەوە و پرسیاری ئەوەیان دەكرد، بۆچی بۆ هەندێ‌ رێوڕەسم بەرپرسە باڵاكان بەشداری تێدا دەكەن، بۆ هەندێكی دیكە بەرپرسان لە ئاستی پلە خوارتردا بەشداری دەكەن؟. بۆچی هەندێك رێوڕەسم راستەوخۆ پەخش دەكرێت، بەڵام هەندێكیان تەنها راپۆرتێك یان هەواڵێكیان لەسەر بڵاودەكرێتەوە؟. لەبەر ئەم هۆكارانە و هەندێك هۆكاری دیكە، بیر لەوەكرایەوە كە رۆژێكی تایبەت بە یادی هەموو شەهیدانی (ی.ن.ك) دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی هەموو خانەوادە سەربەرزەكانی شەهیدان هەست بە یەكسانی بكەن و بەبێ‌ جیاوازیی ئۆرگان و پلە و سنووری جوگرافی، بەشداری لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی كەسوكاری خۆیاندا بكەن و هەموو ئۆرگانەكان و هەڤاڵانی یەكێتیش لەو رۆژەدا بەبێ‌ جیاوازی ئەركی سەرشانی خۆیان جێبەجێبكەن، بەڵێنی وەفاداری بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەرببڕن.
ئەگەرنا هەموو رۆژێكی ساڵ بۆ یەكێتییەكان هەر رۆژی شەهیدانە، چونكە هیچ رۆژێك تێپەڕ نابێت، كە لەو رۆژەدا هەڤاڵێك یان چەندین هەڤاڵ، هەندێك رۆژیش دەیان هەڤاڵی نەمر، بە گیانی خۆیان شاباشی رزگارییان نەدابێت.
هیچ گوندێك، شاخێك، لووتكەیەك، ئەشكەوتێك، پێدەشتی گەرمیان و كوێستانێكی ئەم وڵاتە نییە، قارەمانە نەمرەكانی یەكێتی؛ پەیامی شەهیدستانیان پێنەگەیاندبێت.
هیچ گەڕەك و شەقام و كۆڵانێكی شارەكانی ئەم وڵاتە نەماوە، قارەمانەكانی یەكێتی؛ دەیانجار بە خوێنی خۆیان ئاویان نەدابێت.
هیچ زیندانێكی سەردەمی رژێمی بەعسی رووخاو نەمابوو، نیشتمانپەروەرەكانی یەكێتی؛ لەبەردەم پەتی سێدارە پەیامی (كەم ژیان و كەڵ ژیان)یان بە گوێچكەی جەللادەكانی ئەو سەردەمە نەگەیاندبێت.
بۆیە هەموو رۆژێكی ساڵ بۆ یەكێتییەكان و بۆ گەلەكەمان رۆژی شەهیدانە.
رۆژی 21/11ش رۆژی دەربڕینی وەفا و بەڵێن تازەكردنەوەیە بۆ گیانی پاكی شەهیدان، كە درێژە بە رێبازە پیرۆزەكەیان بدەین.

وتارەکانی نوسەر