دەستوور باڵاترین یاسای وڵاتە و سەرچاوەی شەرعیەتی هەموو دەسەڵاتەكانیشە، سەرجەم دامودەزگاكانی دەسەڵات شەرعیەتی بوون و مانەوە و كاركردنیان لە دەستوورەوە وەردەگرن، ئەو یاسا باڵایەیە كە سیستمی سیاسی دادەمەزرێنێت و پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان گروپ و هێزە كۆمەڵایەتییەكان رێكدەخات، دوا مەرجەعە بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو ململانێ و كێشانەی كە لە نێو كۆی سیستمی سیاسیی وڵاتدا دێتەكایەوە، هەربۆیە ناكرێ هیچ دەسەڵاتێك بەبێ دەستوور بەڕێوەبچێت.
ئەوكاتەی دەستووری عیراق لە ساڵی 2005 پەسەندكرا و لە مادەی 120دا رێگەیدا بە هەرێمی كوردستان دەستووری خۆی هەبێت، هەوڵەكان لە هەرێمی كوردستان بۆ نووسینەوەی دەستوور دەستیپێكرد و ساڵی 2009 پڕۆژەی دەستوور لە پەرلەمانی كوردستان پەسەندكرا، بەڵام بەهۆی ناكۆكییە سیاسییەكانەوە تائێستا هەرێمی كوردستان دەستوورێكی تایبەت بەخۆی نییە، هەربۆیە ئەركی هەموولایەكە هاوكار و هاندەربێت بۆ نووسینەوەی دەستوورێكی هاوچەرخی دیموكراسی، چونكە هیچ وڵاتێك بەبێ دەستوور پێشناكەوێت.
لەم دۆخەی كە ئێستا هەرێمی كوردستان پیایدا تێپەڕدەبێت، نووسینەوەی دەستوور و پەسەندكردنی بۆتە پێویستییەكی هەنووکەیی، چونكە دەستوور دەبێتە چەترێك كە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكان كۆبكاتەوە و دەبێتە بنەمایەك بۆ سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ئەو جیاوازییە سیاسییەی كە هەیە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان رێكدەخاتەوە، بەمەش دەستوور دەبێتە زەرورەتێك بۆ پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان لایەنەكان دەخاتە فۆڕمێكی تەندروستەوە.
لەلایەكی ترەوە بوونی ململانێكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر چەندین دۆسییە، وادەخوازێت پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بخرێنە چوارچێوەیەكی دەستوورییەوە، بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت رووبەرووی گوشارەكانی بەغدا ببێتەوە و پێشێلكاریی بەرامبەر نەكرێت، ئەمەش بە روونی لە وتەكانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە چوارەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك رەنگی دایەوە كە وتی:" بەشێكی ئەو پێشێلكارییانەی بەغدا بەرامبەر هەرێم كردوویەتی پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە هەرێمی كوردستان غیابی دەستووریی هەیە".
لەسەروو ئەوانەشەوە زۆر جار بەرپرسانی هەرێم لە لێدوانەكانیاندا داوادەكەن كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەربكرێن، بەڵام ناكرێت هەرێم بۆخۆی دەستووری نەبێت، جیا لەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەبوونی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان پێگەیەکی بەهێزتری پێدەبەخشێت و متمانەیان زیاتر بۆ دەگەڕێتەوە و رۆڵی فریادڕەس دەبینێت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لە هەموو هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا.
لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە دەستوور ئامڕازێكە بۆ هاوسەنگی سیاسی و دەكەوێتە سەرووی ئەو لایەنانەی كە دەسەڵات دەگرنە دەست، هەر بۆیە دەستوور، سەرەنجام دەبێتە بنەما بۆ هاوسەنگیی سیاسی زیاتر لەوەی بنەمایەك بێت بۆ شەرعییەت پێدان، چونكە دەستوور سروشتی دەسەڵات دیاریدەكات و رێگە دەگرێت لەوەی هەر كەس و لایەن و حزبێك لە دەسەڵاتدا بێت، بە كەیفی خۆی كار بكات، بەڵكو دەبێت لە چوارچێوەی ئەو دەستوورەدا كاری خۆی بكات، بەوەش ژیانی سیاسی زیاتر دەكەوێتە سەر رێچكەی یاسایی خۆی و سەرجەم كاروبارەكان رێكدەخرێنەوە.