کام بەڕێوەبەرە سەرکەوتووە؟

09:45 - 2023-11-27
سمکۆ چنارەیی
163 خوێندراوەتەوە

هەموو ناوەندەکانی خوێندن و دامەزراوە پەروەردەییەکان، دەستەیەکی کارگێڕی بەڕێوەیان دەبات و لەناو ئەو دەستەیەشدا کەسێک وەک بەڕێوەبەر زیاتر دیار و لەبەرچاوانە و وەک سەرکردەی دامەزراوەکە دەناسرێت.
ئەو کەسە بۆ ئەوەی ببێتە بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتوو پێویستە توانا و وزەی کارمەندەکانی برەو پێ بدات و هانیان بدات تا چالاک و دڵسۆزبن و گیانی یارمەتی لە نێوانیاندا بەهێز بکات، پێویستە لە گفتوگۆ و دانانی پلانی کوالێتی خوێندنگەکەدا بەشداری کارا بە مامۆستایان و کارمەندان بکات.
هەروەها واباشە گەشت و چالاکییەکان و هەموو ئەو سیمینار و کۆڕانەی رێکدەخرێن مامۆستایان پێشوەخت لێی ئاگاداربن، باشترین بەڕێوەبەریش ئەو کەسەیە تۆمار و کاری شاراوەی نەبێت و تەواوی داهات و خەرجی خوێندنگەکەی کە لەڕێی فرۆشگەی خوێندنگە و کۆمەکی کەسوکاری قوتابیانەوە بەدەست دێن ئاشکراو دیاربن و هەموو خەرجی و بابەتێکی لەوجۆرە لەڕێی لیژنەوەبێت.
هەڵسەنگاندن و دیدەنی مامۆستاش لەناو پۆلدا و پێدانی رێنمایی پەروەردەیی بە بەردەوامی بە مامۆستایان خاڵێکی تری بەڕێوەبەری سەرکەوتووە، پەیوەندی بە کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسوکاری قوتابیش ئەگەر بەشێوەیەکی چالاک پتەوبێت، بۆ ناو و ناوبانگی خوێندنگەکە رۆڵی خۆی دەبێت، لە کۆتایشدا هەموو بەڕێوەبەرێک دەتوانێت لەڕێی راپرسی تایبەتەوە لە ئاستی سەرکەوتنی خۆی و ستافەکەشی شارەزابێت، هەروەها رێژەی سەدی دەرچوونی خوێندکارانیش تاڕادەیەک سەلمێنەری سەرکەوتنی بەڕێوەبەرە لە خوێندنگەدا.

وتارەکانی نوسەر