له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
هه‌موو كێشه‌یه‌ك پێویستی به چاره‌سه‌ره، ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی وه‌ك چۆن ده‌بێت كێشه‌ی غه‌زه چاره‌سه‌ر بكرێت و فه‌له‌ستین و ئیسرائیل ده‌بێت ببنه دوو دراوسێی باشی یه‌كتر، خورماتوش وه‌ك هه‌ر شارێكی تری كوردستانی، سته‌م و نادادیی زۆری به‌رامبه‌ر به كارهاتووه و هه‌میشه له‌به‌رده‌م ئه‌و ره‌شه‌بایه‌دا بووه كه بۆ سڕینه‌وه‌ی شوناس هه‌ڵیكردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك كورده‌كه ده‌ڵێت: «هێشتا له‌سه‌رپێی خۆی وه‌ستاوه»، ئه‌ویش ئه‌و رۆژه دێت كه ده‌بێت ئیدی ئارامی و ته‌ناهی رووی تێبكات و چیتر خه‌ڵكه‌كه‌ی نه‌بنه قوربانی.
به به‌رتاقای ئه‌وه‌ی بۆ مرۆڤ خه‌مخواردن له كێشه‌كانی له رووی مرۆیی بوونه‌وه و ئاكاره، به‌و جۆره‌ش ده‌بێت بۆ خورماتوو وه‌سا بێت، به‌تایبه‌تی كاتێك ئه‌وه بزانین كه ده‌یان ساڵه ئه‌و شاره بێنازه خزمه‌تێكی ئه‌وتۆ نه‌كراوه تا تۆز و نه‌هامه‌تی سه‌ر سیمای بسڕێته‌وه.
خورماتوو یه‌كێكه له شاره دێرین و بێنازه‌كانی كوردستان، كه وه‌كو كه‌ركوك و خانه‌قین و شوێنگه‌لی دیكه له ته‌ك كورددا خه‌ڵكی دیكه‌شی تێدا ده‌ژێت و گه‌ڕیده‌كان به‌ر له 200 ساڵ باسی بوونی ئه‌و جیاوازیانه‌یان كردووه، به‌رده‌وام هه‌وڵێك هه‌بووه كه ئه‌و پێكهاتانه بكرێن به‌گژ یه‌كتردا، ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ی ئاسانتر خه‌ڵكی شاره‌كه كه‌وی بكرێن. ئه‌م هه‌وڵه تا ئه‌م ساته به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری په‌یامی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ن له‌و شاره‌دا كه‌م نین، به‌تایبه‌تی كورده‌كه، من به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ساڵانی رابردوودا چه‌ندین كۆڕ و دانیشتنم له‌و شاره هه‌بووه، ده‌زانم كه كورده‌كه و له‌ناو ئه‌وانی دیكه‌شدا زۆرن ئه‌وانه‌ی خولیای ئاشتی و ته‌بایی و پێكه‌وەیی شاره‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی دروست له شاره‌كه‌دا هه‌بێت، ئه‌وا دانیشتوانی شاره‌كه‌ش له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌میشه چاویان له‌وه بێت به‌دوای شوێنی ئارامتر و خۆشتردا بگه‌ڕێن، شاره‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه زۆنێكی ئارام و خۆش.
له غه‌زه و خورماتووش زۆرجار به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سانێك ئه‌وه ده‌خوازێت ئارامی نه‌بێت، نه‌بوونی ئارامی واته وێرانی بۆ زۆرێك و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و پشێوییه‌ش بۆ كه‌مینه‌یه‌ك، هه‌ڵبه‌ت هه‌ردوو شوێنه‌كه‌ش به شێوازی جیاواز ده‌ستی ده‌ره‌كی تێیدا ئیش ده‌كات، پرسی غه‌زه پرسێكی تره، لێ خورماتوو پێویستی به‌وه‌یه ئیدی حكومه‌تی عیراق ئاوڕی لێبداته‌وه و دوو كێشه‌ی سه‌ره‌كی شاره‌كه چاره‌سه‌ر بكات.
یه‌كه‌م: گێڕانه‌وه‌ی شاره‌كه بۆ سه‌ر كه‌ركوك، كه ئه‌مه بابه‌تی شوناسه و خودی كه‌ركوك خۆشی هه‌مان كێشه‌ی هه‌یه، دیاره ئه‌مه‌یان له چوارچێوه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی ماده‌ی 140 دا بووه به به‌ڵێن و كاتی ئه‌وه هاتووه كاری له‌سه‌ر بكرێت.
دووه‌م: خورماتوو له‌و بێنازی و بێ خزمه‌تییه رزگار بكرێت و ده‌ستی ئاوه‌دانی و شوێنی گه‌شتوگوزاری بۆ دابین بكرێت، هه‌ڵبه‌تە ئه‌گه‌ر نیازی ئاوه‌دانی و جوانكاری هه‌بێت، خورماتوو شوێنه‌كه‌ی زۆر له‌باره بۆئه‌وه‌ی په‌ره‌ی پێبدرێت و پێشبخرێت، شاره‌كه هیممه‌ت و ئاوه‌دانی ده‌وێت و خه‌ڵكه‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ئاماده‌ن.