وتەیەك هەیە دەڵێت: "ئەگەر سیاسەت هەموو شتێك نەبێت، ئەوا لە هەموو شتێكدا هەیە"رەنگە ئەم وتەیە لای هەندێك بە زیادەڕەوی لە قەڵەم بدەن، بەڵام لەكۆمەڵگەی ئەمڕۆدا سیاسەت بەجۆرێك ئاوێتەی ژیان بووە هەموان دەستوپەنجەیان لەگەڵ نەرم كردووە، یان كاریگەریی لەسەریان دادەنێت یان كاریگەر دەبن پێی، لەم رێگەیەشەوە سیاسەت دەچێتە ئاستێكەوە هەموو بوارەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتوری لەخۆ دەگرێت، وەك رۆبەرت داڵ دەڵێت"سیاسەت راستییەكی دانەبڕاوی ژیانی مرۆڤە".
كاتێك باسی سیاسەت دەكرێت هەندێک بیریان بۆلای كاری خراپ و دەرد و بەڵا و ئافات دەچێت، بە رەشبینی و چاوێكی پڕ لە گومانەوە تەماشای دەكەن، سیاسەتمەداریش وەك كەسی خراپ و تێکدەر و بەرژەوەندیخواز تەماشا دەكرێن.
هەندێك زانا و شارەزایانی سیاسەت، تێڕوانینی سلبیان هەیە بۆی، هەروەك ولیام لیۆم ماكبراید دەڵێت:"سیاسەت گەمەیەكی قێزەونە".
رەنگە کەم بن ئەوانەی لە بواری سیاسەتدا راستگۆ بن، بەڵام ئەگەر سیاسەت بە مانا دروستەكەی پیادە بكرێت دەتوانرێت دەستەبەری ئارامی و ئاسایش و بەختەوەری بكات، چونكە سروشتی سیاسەت رێكخستن و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەیە لە رێگەی دامەزراوەكانی دەوڵەتەوە لەوانە: دەركردنی یاسا و بڕیارەكان و دابەشكردنی خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاسایش و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی ئازادی و ژیان و سامانی هاووڵاتیان و دابەشكردنی دادپەروەرانەی سامانی گشتی و پەروەردەكردن و فێركردن، هەموو ئەم كردەوانە ئەركی سیاسەتە لە رێگەی دامەزراوەكانەوە كە ئەوەش خێری سیاسەتە.
لە یۆنانی كۆن پرسیاری سیاسەت ئەوە بووە، كە چۆن بەختەوەرترین شار دروست بكرێت لەرێگەی سیاسەتەوە؟ پاشایەكیان هەبێت كە دادپەروەری و بەختەوەری و خێری گشتی بۆ كۆمەڵگەكەی دەستەبەر بكات و وڵات لە هەڕەشە دەرەكی و ناوەكییەكان بپارێزێت، لێرەوە فەیلەسوفی یۆنانی ئەرستۆ دەڵێت: "ئامانجی سیاسەت خێری گشتییە"، بەڵام كاتێك سیاسەت كورت دەكرێتەوە بۆ پیشەی گروپێكی بچووك لە چینی فەرمانڕەوا كە چینی فەرمانپێكراو دەچەوسێنێتەوە و ستەم و سەركوتكردن دێتە ئاراوە، بەوەش سیاسەت لە جەوهەری راستەقینەی خۆی دەردەچێت كە خێری گشتییە.
بەڵام كاتێك سیاسەت شۆڕدەبێتەوە بۆ ژیانی گشتی و چالاكییەكە هەموان تێیدا بەشدارن و تەنها كاری نوخبەكان نابێت، كۆمەڵگە دەبێتە بكەرێكی سیاسی گرنگ، تاكەکان لێرەوە هەوڵی بەدیهێنانی خێر و ژیانێکی باشتر دەدەن و چالاكییەكانی ژیانی گشتی بۆ جوانتركردنی ژیان و كۆمەڵگەیەكی دادپەروەر دەبێت، هەموان هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی كۆمەڵگە دەدەن ئەمەش رەهەندێكی ئەخلاقی دەبەخشێت بە سیاسەت.
لەلایەكی دیكەوە ئەركی سیاسەت رێكخستن و چارەسەكردنی كێشە و گرفت و ململانێكانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكانە لە رێگەی دابەشكردنی دەسەڵات بەسەریاندا، وادەكات لە رێگەی گوێگرتن و دانوستانەوە دەسەڵات بەسەر گروپە ناكۆكەكاندا دابەش بكات و رێگری بكات لەوەی ململانێكان نەگاتە ئاستی تەقینەوە و پشێوی گەورە دروست نەبێت و هەموان بگەیەنێتە سازان.