شیرین. ک
(78)
ئه‌مساڵ 2023 په‌نجا ساڵ تێپەڕی به‌سه‌ر مه‌رگی تراژیدی پابلۆ نیرۆدا-ی شاعیری چیللیدا، كه به‌ناوبانگترین شاعیری ئه‌مریكای لاتین و جیهانیش بوو له سه‌ده‌ی بیستدا، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ئه‌ده‌بیشی وه‌رگرت ساڵی 1971، نیرۆدا خاوه‌نی كتێبی (سه‌د قه‌سیده‌ی خۆشه‌ویستی) و (به‌رده‌كانی ئاسمان) و (كتێبی پرسیاره‌كان) و ده‌یان دیوانی شیعری تره كه وێردی سه‌ر زمانی لاوانی سه‌ده‌ی بیست بوون، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ژێر هه‌ژموونی ئایدۆلۆژیای چه‌پدا بوون، كتێبه‌كانی بۆ ده‌یان زمانی زیندووی جیهان ته‌رجه‌مه كراون، ئه‌و سه‌رده‌مه ئه‌وه‌ی شیعره‌كانیشی نه‌خوێندبێته‌وه ژیاننامه‌كه‌ی خوێندۆته‌وه (دانی پێداده‌نێم كه ژیاوم)، نیرۆدا پاش دوازده رۆژ له كوده‌تاكه‌ی پینۆچێ به‌سه‌ر حكومه‌ته سۆسیالیستەكەی سلڤادۆر ئەلێندی-دا كه هاوڕێی نزیكی بوو، كوده‌تاچییه‌كان له 23ی سێپته‌مبه‌ردا، ده‌رمانخوادیان كرد و گیانی له‌ده‌ستدا، دوا رسته‌شی له‌و یاداشتنامه‌یه‌دا: (هاتنه‌وه‌و جارێكی‌تر خیانه‌تیان لەچێللی كرده‌وه).
نیرۆدا ژیانی و شیعره‌كانی شۆڕشێك بوون دژی دكتاتۆرییه‌ت، به‌رگرییكردن بوون له هه‌ژاران و په‌راوێزخراوان، له رۆشنبیران و شۆڕشگێڕانی ئه‌مریكای لاتین و هه‌موو جیهان، بۆیه ئه‌و كاته‌ی چه‌كداره‌كانی پینۆچێ هه‌ڵیانكوتایه سه‌رماڵه‌كه‌ی گوایه بۆ چه‌ك ده‌گه‌ڕێن، پێیوتن: له‌ماڵه‌كه‌مدا جگه‌له شیعر و وشه هیچی تری تیانییه.. چه‌ندین كۆمه‌ڵه شیعری نیرۆدام خوێندۆته‌وه كه ته‌رجه‌مه‌ی عه‌ره‌بی كراون، به‌ڵام سیحری وشه‌كانی كاڵ نه‌بوونه‌ته‌وه: (ئاخۆ ده‌بێت له‌كێ بپرسم هاتووم چی بكه‌م له‌م دنیایه‌دا.. كتێبی پرسیاره‌كان).. كۆمێنت: (ئه‌م بروسكه شیعرانه به‌ته‌نیا گوزارشتكردن نییه له هه‌ست و سۆز و مه‌سه‌له تایبه‌ته‌كان، به‌ڵكو شتێكه له بابه‌تی سرووته ئاینییه‌كان.. چه‌ندین ئاسۆی نوێ له زه‌ینی خوێنه‌ردا ده‌كه‌نه‌وه).
به‌ڵام كتێبی (دانی پێدا ده‌نێم..) كه یه‌كه‌م یاداشتنامه بوو له‌ژیانما بیخوێنمه‌وه، چه‌ند جارێكیش خوێندوومه‌ته‌وه، له ده‌فته‌ری ساڵی 1992 دا نووسیوومه: (كتێبێكی جوانه، چێژبه‌خشه، ده‌بێت وابێت مه‌گه‌ر یاداشتننامه‌ی شاعیرێكی مه‌زنی وه‌كو نیرۆدا نییه؟ ژیانێك پڕه له رووداوی مه‌زن، له گه‌شت و سه‌فه‌ر، ناسینی گه‌لان و بینینی وڵاتان.. ژیانی شاعیرێك كه تا دواهه‌ناسه‌ی به‌رگریی له‌بیروباوه‌ڕه‌كانی كرد..).