زووم

ئەستێرەی پۆپی ئاسیا

10:44 - 2023-12-04
رۆزا دڵشاد مەریوانی
297 خوێندراوەتەوە

لە ساڵانی کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای دووهەزارەکاندا مۆدەی باندە میوزیکییە بیانییەکان بوو نموونەی باک ستریت بۆیز و وێست لایڤ و بلو..هتد ئەو کاتە هەواداری گۆرانییەکانی باک ستریت بۆیز و وێست لایف بووم و تازە ئاشنا دەبووم بە زمانی ئینگلیزی دوور لە خوێندنە رۆتینییەکە کە بەداخەوە هیچی وا لە خودی زمانەکە فێرنەبووم، من بۆ خۆم دراما و فیلم و گۆرانییە ئینگلیزییەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لەو ئینگلیزییەی ئێستا دەیزانم و لێی تێدەگەم، ئەو کاتە بەدوای مانای گۆرانییەکانی ئەو باندە میوزیکییانەدا دەگەڕاین و بە ئێستاشەوە زۆربەی ئەو گۆرانییانەم لە مۆبایلەکەمدا هەڵگرتووە و چێژێکی تایبەتیان هەیە و دەگمەن بوو گۆرانییەکیانم بەدڵ نەبێت، بەڵام لەگەڵ نەمانی مۆدەی باندە میوزیکییەکان زۆر کەم گوێم لە گۆرانی ئینگلیزی دەگرت یان حەزم بە گۆرانییەکانیان دەکرد.
هەموو ئەو شتانەش گۆڕان کاتێک لەم ساڵانەی دوایيدا ئاشنای جۆرێکی دیکە لە میوزیک و باندی میوزیکی بووم ئەویش میوزیکی کۆریای باشوورە کە بە «کەی پۆپ» ناسراوە، بەتایبەتی گروپی «بی تی ئێس» هەرچەندە بە گشتی زۆربەی گۆرانییەکانیان بە زمانی کۆرییە، بەڵام میوزیک و قووڵیی مانای گۆرانییەکانیان و ئەو پەیامەی لە پشتییانەوەیە کە لەمێژە لە گۆرانی دیکەی بیانیدا گوێم لێ نەبووە وایکرد ببم بە هەواداریان، هاوکات دوای ئەوەی ئەو گروپە رێستیان بۆ دوو ساڵ وەرگرت لەبەر خزمەتی سەربازی و هەر یەکەیان ئەلبوومی تایبەت بە خۆی بڵاوکردەوە، یەکێک لەوانەی هەموو گۆرانی ئەلبوومەکەی تایبەتی و چێژبەخشە کیم تایهیۆنگ-ی ناسراو بە ڤی-ە، بە دەنگ و هەستە بەرزەکەی دەتباتە دنیایەکی دیكەوە، بەڵام تاکە خاڵ واملێبکات ئەلبوومەکەی جەنگکووک کە دوایین ئەندامە ئەلبوومەکەی خۆی بڵاوبکاتەوە لەلام یەکەم بێت ئەوەیە زیرەکی هونەریی بەکارهێناوە بۆ بەدەستهێنانی ناوبانگ لەسەر ئاستی دنیا کاتێک ئەلبوومەکەی هەمووی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردەوە، جگە لە بابەتی گۆرانییەکانی هەمووی لەسەر خۆشەویستییە، لەگەڵ دەنگ و ستایلە تایبەتەکەی ئەوانە وایکردووە بڵێم هەموو گۆرانییەکانی خۆش و تایبەتین نەک تەنیا لای هەوادارانی، بەڵکو لەسەر ئاستی دنیا بچێتە ریزی گۆرانیبێژە جیهانییەکان و بە پادشای پۆپی ئەمریکی مایکڵ جاکسۆن وەسفی بکەن.
هەروەها ئەوەی وایکردووە ئەم گۆرانیبێژە خۆشەویست بێت و لە پلەیەکی بەرزدا بێت تەنیا ئەوە نییە دەنگی خۆشە و سەرنجڕاکێشە و توانایەکی جەستەیی تایبەتی هەیە بۆ سەماکردن و ئەدای سەر ستەیج، بەڵکو وەک مرۆڤیش کەسێکی نەرمونیان و لەخۆبردوو و خێرخوازە و ناوبانگ و ئەستێرەبوونی هیچ شتێکی لە کەسێتی نەگۆڕیووە، بە رای من ئەوە وایکردووە جەنگکووک وەک یەکەم ئەستێرەی پۆپی ئاسیایی لە جیهاندا بناسێنرێت.

وتارەکانی نوسەر