پێشێلکاریی یاسای نێودەوڵەتی لە جەنگی غەززەدا

09:59 - 2023-12-05
شاڵاو عەبدوڵڵا سۆفی
833 خوێندراوەتەوە

شاڵاو عەبدوڵڵا



رەگوڕیشەی  ململانێی ئیسرائیل و عەرەب  بۆ  پێش زیاتر لە 70 ساڵ دەگەڕێتەوە و فاکتەرەکانی تەنگژەکە  تێکەڵەیەکن لە ئاینی و نەتەوەیی و جیۆپۆلەتیکی. گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان عەرەب و ئیسرائیل پانتاییەکی فروانی هەیه لە مێژوودا.
ئەم دوو لایەنە بەھۆی ناسیۆنالیزمی عەرەبی و زایۆنیزمی یەهودییەوە پێکەوە شەڕیان کردووە و زیانی زۆریان لە یەکتریی داوە. عەرەبەکان و بەشێکی وڵاتە موسڵماننشینەکان فەلەستین بە بەشێک لە خاکی ئیسلام دەزانن و خوازیاری چۆڵکردنی ئەو وڵاتەن لەلایەن ئیسرائیلەوە. لەلایەکی تریشەوە ئیسرائیل خاکی فەلەستین بە بەشێک لە خاکی یەهودییەکان دەزانێت و پێیوایە بەڵێنی ئەم خاکە لە تەوراتدا بە جووەکان دراوە. 

هێرشەکەی حەماس
لێرەدا مەبەستمانە  تیشک بخەینە سەر دوایین هێرش و پەلامارە توندەکانی  نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان لە غەززە،  کاتێک بەرەبەیانی شەممە   7/10/2023 بزووتنەوەی حەماس هەزاران مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد و لە ئاکامدا سەدان سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی  بوونە قوربانی. 
هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز سەبارەت بە  بزووتنەوەی حەماس جیاوازە، بەم شێوەیە:  ئەمریکا حەماسی خستۆتە لیستی تیرۆرەوە و   یەكێتیی ئەوروپا  ساڵی 2003 حەماسی خستە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ساڵی 2014 بەهۆی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانەوە لە لیستی تیرۆر دەریهێنا. 
بەریتانیا تەنیا باڵی سەربازیی حزبەكە بە تیرۆرست دەزانێت.  چین و روسیا حەماس بە گروپێکی تیرۆرستی نابینن.  
بە گوێرەی یاسا و پەیماننامە  نێودەوڵەتییەکانیش، ئیسرائیل (کۆڵۆنیالیستە) واتە داگیرکەرە و فەلەستین داگیرکراوە پاڵپشت بە کۆمەڵێک بڕیار و بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی که پێکهاتوون لە:  بڕیاری ژمارە (181)ی ساڵی 1947ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە پێکدێن لە: بڕیاری ژمارە (242) لە 22/11/1967، بڕیاری ژمارە (338) لە مانگی 10ی 1973، بڕیاری ژمارە (446)لە مانگی 5ی 1979،  بڕیاری ژمارە (478)ی مانگی 8ی 1980، بڕیاری ژمارە (1397) لە مانگی 5ی ساڵی (2002)، بڕیاری ژمارە (1515)ی مانگی 11ی 2003، بڕیاری ژمارە (1850)ی مانگی 12ی 2008،   بڕیاری 67/19 ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2012 کە ئاماژە بە دۆسێی فەلەستین دەکات و تیشک دەخاتەسەر ئەوەی ئیسرائیل بەشێکی خاکی فەلەستینی داگیرکردووە و پێویستە بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی 1967. 

هەردوولا تاوانیان کردووە
هەردوو لایەنی شەڕکەر لە هێرشەکانیاندا چەندین تاوانیان دژبە دانیشتوانی مەدەنی  کردووە، کە لێرەدا ئاماژەی پێ دەکەین:  ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا چەندین تاوانی کردووە کە بریتین لە تاوانی جەنگ،  تاوانی جینۆساید، رەنگە پێناسەی تاوانی جەنگ گشتگیربێت.
لە ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو لایەنی جەنگەکە ئەوەی روونە ئیسرائیل و سوپاکەی کردەوە تاوانکارییەکانیان بریتین لە:
-بەئەنقەست ئاراستەکردنی هێرشەکان دژی دانیشتوانی مەدەنی.
-شیواندان و مامەڵەی توندوتیژ و ئەشکەنجەدان، بەبارمتە گرتن، بەئەنقەست هێرشکردنە سەر باڵەخانەیەکی تایبەتکراو بۆ مەبەستی ئاینی، فێرکاری، هونەری، زانستی، چاکەخوازی، شوێنەواری مێژوویی، یان نەخۆشخانەکان؛ کوشتنی بەئەنقەست، بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئیسرائیل  تاوانی جەنگی کردووە و بەشێوەیەکی رەمەکی دانیشتوانی مەدەنی،  نەخۆشخانەکان و دامەزراوەکان، ژێرخانی ئابووری، پەروەردە و تەندروستی کردۆتە ئامانج.
-گەمارۆی ئابووریی خستۆتە سەر کەرتی غەززە و ئاو و کارەبا و سووتەمەنی و پێداویستی پزیشکی لێ بڕیووە.
-ئیسرائیل بەرپرسیارە لە تاوانی جینۆساید، کە بریتییە لە لەناوبردنی بە ئەنقەستی گەلێک یان گروپێکی نەتەوەیی، ئایینی یان رەگەزی، بەتەواوی یان بەشێکی ئەو گروپە.
هاوشێوەی سوپای ئیسرائیل، بزووتنەوەی حەماسیش لە هێرشەکانیدا تۆمەتبارە بە تاوان دژی دانیشتوانی مەدەنی، چونکه حەماس دەستپێشخەریی کرد لە هەڵگیرساندنی جەنگی ئەمجارە و لە دەستپێکی هێرشەکەیدا زیاتر لە (800) هاووڵاتی مەدەنیی لە شارۆچکەکانی باشووری ئیسرائیل کوژران، ئەمە جگە لە برینداربوونی سەدانی کەسی مەدەنی تر.

لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکان
ئێستا دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردۆتەوە لەسەر پێشێلکارییەکانی ئەم جەنگە، کەواتە بۆئەوەی حەماس رووبەڕووی بەرپرسیارێتی ببێتەوە، پێویستە  دادگاکە لەڕێگەی لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای بەڵگەدا ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە، ئایا حەماس بە ئەنقەست و بە مەبەست تاوانی دژبە خەڵکی مەدەنی کردووە و کردونیەتە ئامانج؟ لەڕاستیدا ئەم کەیسە بابەتێکی ئاڵۆز و ناڕوونە و ئەگەر دادگای نێۆدەوڵەتی گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە حەماس بە مەبەستی تاوانکاری و بە ئەنقەست دانیشتوانی مەدەنی کردۆتە ئامانج، لەم حاڵەتەدا حەماس تاوانبار و بەرپرسیار دەبێت لە تاوانکاری دژبە دانیشتوانی مەدەنی ئیسرائیل، کردەوەکانیشی دەچنە چوارچێوەی پێشێلکارییەکانی یاسای جنێڤی (1949) و یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە. 
هەرچەند فەلەستین ئەندامی دادگای لێکۆڵینەوە لە تاوانی نێودەوڵەتییە و ئیسرائیل ئەندام نییە، بەڵام  تاوان و پێشێلکاری و کۆمەڵکوژییان بەرامبەر کراوە، بۆیە  فەلەستین ئەو مافەی پێدراوە سکاڵا تۆمار بکات.
شایانی باسه لە 2014وە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی کردۆتەوە لەسەر کردەوە تاوانکارییەکانی ئیسرائیل، بەڵام بەهۆی نەبوونی  هاریکاریی نێودەوڵەتی و  پشتوانیی وڵاتانی زلهێزەوە لە ئیسرائیل، دادگا نەگەیشتۆتە بڕیاری یەکلاکەرەوە بۆ سزادانی ئیسرائیل.  

دادگای دادی نێودەوڵەتی  
بەگوێرەی مادەی 34  ی پەیڕەوی بنەڕەتی  دادگای دادی نێودەوڵەتیش  سکاڵای دەوڵەت وەردەگیرێت، هەرچەندە فەلەستین ئەندام نییە لەو دادگایە، بەڵام دەتوانێت داوای یاسایی تۆماربکات و داوای دادبینی بکات، چەند کەیسێکی هاوشێوەش هەن لە دادگای ناوبراو کە حوکمی خۆی لەبارەیانەوە داوە  دیارترینیان:  سکاڵای گامبیا دژی میانمار،  سکاڵای کەمبۆدیا دژی تایلەند، سکاڵای سربیا دژی کۆسۆڤۆ، سکاڵای ئێران دژی بەریتانیاو...هتد.  سەرەنجام فەلەستین مافی تۆمارکردنی سکاڵای  هەیە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی و بە دەرچوونی حوکم لە بەرژەوەندیی فەلەستین،  ئیسرائیل ناچار دەکرێت بە وەستاندنی هێرش و پەلامارەکانی و پابەند دەکرێت بە قەرەبووکرنەوەی فەلەستین، 
شایانی ئاماژەپێکردنە له (2004)دا دادگای دادی نێودەوڵەتی نیشتەجێکردنی ئیسرائیلییەکانی لەسەر خاکی فەلەستین بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەمدا.
لەگەڵ هەموو ئەوانەی باسمانکرد، سەرەڕای هێرش و کردەوە تاوانکارییەکان و تاوانی جینۆساید لەلایەن ئیسرائیلەوە دژبە هاووڵاتیانی غەززە، بەڵام  ئێستا لە بری هێزی یاسا، یاسای هێز حوکم دەکات و ئەمە دیفاکتۆکەیە.

وێرانبوونی غەزە بەهۆی شەڕی ئیسرائیل - حەماس

وتارەکانی نوسەر