رێگەی دیپلۆماسی و زمانی درۆن

09:42 - 2024-01-21
شاڵاو عەبدوڵڵا سۆفی
326 خوێندراوەتەوە

لەچوارچێوەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتدا، دەوڵەت و سەروەریی، دوو رووی یەک دراون، سەروەریی هەمان مانای سەربەخۆیی دەوڵەت دەگرێتەوە کە دەسەڵاتی هەبێ بەسەر سنووری ناوچەیەکی جوگرافی و پاراستنی سنووری هەموو خاکەکەی بە وشکانی و ئاوی و ئاسمانیەوە و پاراستنی لە هەموو دەستێوەردانێکی دەرەکی. 
پایەکانی دەوڵەت بریتین لە، گەل، دەسەڵاتی سیاسی، خاک.
ئەم ستوونانە لە عیراقی فیدراڵدا بە جۆرێک داڕوخاون کە ئەستەمە بنیات بنرێنەوە، لەلایەکی ترەوە لەدەستدانی سەروەریی خاکی عیراق و ناجێگیری نرخی دراوی دەوڵەت و کێشە ئابوورییەکان ئەوەندەی تر عیراقیان خستۆتە دۆخێکی نالەبار و تەمومژاوییەوە. 
بە پێی مادەی یەکەمی دەستووری عیراقی ساڵی 2005، عیراق وڵاتێکی فیدراڵیی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە، رژێمی حوکمڕانی تێیدا پەرلەمانیی دیموکراسییە، ئەم دەستوورەش یەکپارچەیی عیراق دەپارێزێت. 
بە تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی دەقی مادەکە و دۆخی واقیع، دەردەکەوێ کە لە هەندک حاڵەتدا مادەی یەکەمی دەستوور، جگە لە رواڵەت، هیچی تر لە خۆناگرێ و نەتوانراوە ئەم مادەیە پەیڕەو بکرێ. 
فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەک و درۆنی وڵاتان بەبێ سنوور و بەربەست دێنە ئاسمانی خاکی عیراق و هەرێمی کوردستان، ئامانجی راست و ناڕاست دەپێکن و سەروەرییەکانیان پێشێل دەکەن. 
لە نوێترینیاندا هێرشی موشەکی کرایە سەر شاری هەولێر، لە ئاکامدا چەندین کەس بوونە قوربانی.
 یەکێک له هۆکارەکانی  هێرشەکان  دەرەنجامی نا هاوسەنگی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەولێر و تارانە کە نەتوانراوە زەمینەیەکی لە بار دروستبکرێت بۆ هەبوونی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ. 
ئەمە لە کاتێکدایە کە  تورکیاش ساڵانێکی درێژە بە پاساوی پاراستنی سنوورەکانی، هێرش دەکاتە سەر خەڵکی مەدەنی و بە فڕۆکە و درۆن، هاووڵاتیان دەکاتە ئامانج و سنوورێکی فراوانی هەرێمی داگیرکردووە و چەندین سەربازگەی  تیادا دروستکردووە. 
ئەمەش پێشێلکردنی سەروەریی عیراق و هەرێمی کوردستانە، سەرباری ئەمەش سزای شاری سلێمانی دەدات بە قەدەغەکردنی گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی.
 ئەم هێرشانە نایاسایین و پێچەوانەی یاسا و رێسا  نێودەوڵەتییەکانە. 
پێویستە  وەزیری دەرەوەی عیراق، سکاڵای یاسایی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تۆماربکات.

سەروەری و دیپلۆماسی لە غیابی مام جەلال 

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، شادەماری بەرەوپێشچوونی دەوڵەتن لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و فاکتەری سەرەکییە لە  دەستەبەرکردنی ئامانجە بنەڕەتییەکانی سیاسەتی دەرەوە، کاریگەریی دیپلۆماسی هێزێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی هێزی دەوڵەت. 
دوای کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال، عیراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین کێشە و تەنگژە بوونەوە، پەرتەوازیی و ناتەبایی هێز و لایەنەکانی گرتەوە،  ناکۆکی و ناتەبایی تووشی نەتەوەی کورد و عەرەب و تورکمان بۆوە، لە رووی دیپلۆماسییەوە عیراق پاشەکشەی کرد، ئەمنیەت و سەقامگیری و سەروەریی عیراق کەوتە بەر لێشاوی مەترسیی وڵاتان.
سەرۆک مام جەلال، لە ماوەی حکومڕانییدا وەک سەرۆک کۆمار،  توانیبووی ببێتە چەتر و کۆکەرەوەی هەموو نەتەوە و ئایین و رەنگە جیاوازەکان، هەموانی لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆدەکردەوە و  رێگری کرد لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان. 
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەو سەردەمەدا، لە باشترین پەیوەندی دیپلۆماسیدا بوو لەگەڵ ئەمریکا و خۆرئاوا و وڵاتانی عەرەبی و درواسێکان، ئەمەش بەهۆی لێهاتوویی سیاسەتی حەکیمانەی خۆیەوە،  چونکە رێگەی دیپلۆماسیی کاریگەریی ستراتیژیی هەیە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پشتگیری و هاریکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان.

چەندە چەکەکان پێشکەوتووتر بن، هێشتا خەڵکی مەدەنی زیاتر زیانی بەردەکەوێت

وتارەکانی نوسەر