بڕیارەکانی دادگای باڵا و هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستاندا

09:52 - 2024-03-27
شاڵاو عەبدوڵڵا
236 خوێندراوەتەوە

دیموکراسی، حوکمی گەل و سەروەریی گەل دەگەیەنێت، هەڵبژاردنیش رۆحی دیموکراسییە، شەمەندۆفێری سەقامگیریی سیاسیی باشووری کوردستان ئێستا بەرەو دۆخێکی خراپ و هەڵدێر دەچێت، دروستکردنی کۆسپ و لەمپەڕیش لەبەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن و رادەستکردنی دەسەڵات، بنەماکانی سیستمی دیموکراسی دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورەوە.

لە ماوەی رابردوودا، کۆمەڵی نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێز، هۆشداریان دایە لانە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم و پێیان راگەیاندن کە لەپێناوی بەردەوامبوونی قەوارەی هەرێمدا، دەبێت  رێز لە بنەماکانی دیموکراسی بگرن و رێز لە ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی کاری رۆژنامەوانی بگرن و هەڵبژاردنیش بکرێت.
بڕیارەکانی دادگای باڵا
 هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عیراقی فیدڕاڵ دوای بڕیارەکانی دادگای باڵا، گوزەری کرد بۆ قۆناغێکی  نوێ،  لە گرنگترین بڕیارەکانی دادگای نابراو بە نیشتمانیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم و هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسیی کۆتاکان بووە لە پەرلەمانی کوردستان، کە لەجیاتی نوێنەرایەتیی پێکهاتەکان، هاوسەنگیی سیاسیی تێکدابوو، چونکە پێکهاتەکان هەرگیز نوێنەرایەتی خۆیان نەکردووە، بەڵکو پێکهێنەری دۆخی چەقبەستووی هەرێم بوون لە پەرلەمانی کوردستاندا لە بەرژەوەندیی لایەنێکی سیاسی و هیچی تر. 
لە چوارچێوەی یەکلاییکردنەوەی بەشێکی تر لەو سکاڵایانەی کە تۆمارکرابوون لە دادگای فیدڕاڵ،  دادگا بڕیاریدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات و هەرێمی کوردستانی دابەشکرد بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا،  ئەمەش لە بەرژەوەندیی  ویست و ئیرادەی دەنگدەرانە.
کۆمسیۆنی بەغدا سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات
جێی ئاماژەیە، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێم بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، یەکێکی تر بوو لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، بەوەش پڕۆسەی هەڵبژاردنی حوزەیرانی ئەمساڵیش بە هەمان میکانیزمی دەنگدانی هەڵبژاردنی 2021ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەدەچێت.
بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵیش پاڵپشت بە دەستووری 2005ی عیراق دەرچوون، کە هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشداربوون لە نووسینەوەیدا.
دانانی کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم هەڵبژاردنی حوزیرانی 2024 بە پاساوی نایاسایبوونی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدڕاڵی،  پاساوێکی ناڕەوایە و خزمەت بە پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێم ناکات و سەقامگیریی نەتەوەیی و سیاسیی و نیشتمانی  بەرەو توونێلێکی نادیار دەبات.
جەوهەری دیموکراسی
 هەڵبژاردن جەوهەری دیموکراسییە و بەڕێوەچوونی لە حوزەیرانی ئەمساڵدا بۆتە پێویستییەکی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان، کە ئێستا لە بۆشاییەکی دەستووریدایە و حکومەتیش کاربەڕێکەرە. ئەوە لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە هاووڵاتیان و مووچەخۆران و خانەنشینان  لە دۆخێکی سەخت و نالەباری ئابووریدان، بۆیە دەبێت ئەو لایەنە سیاسییەی لەمپەڕ لەبەردەم  هەڵبژاردندا دروست دەکات و کێشە لەگەڵ بەغداش دەنێتەوە، واز لەو جۆرە سیاسەتە بێنێت و ریز لە ئیرادەی گەل بگرێت.

بڕیارەکانی دادگای باڵا لەبەرژەوەندی  فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە

وتارەکانی نوسەر