یەکێتی کەرکوک دەکاتە شاری ئاشتی و پێکەوەژیان

10:56 - 2023-12-06
ئارام هادی
199 خوێندراوەتەوە

یەکێتی بە ستراتیژ و بەرنامەی نوێ، بە خاتری کەرکوکی قودسی کوردستان، چاوی لە ململانێ ناوخۆییەکان داخست و دەستی برایەتی بۆ حزبە کوردییەکان درێژ کرد تا بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکەن، بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکوک، بە ئامانجی بردنەوەی زۆرینەی دەنگی کورد و دروستکردنی تێگەیشتنێکی نوێی هاوبەش بۆ ئیدارەدانی شاری کەرکوک و دوورخستنەوەی مەترسییەکان و گرتنەبەری چارەسەر، بەڵام ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن حزبە کوردییەکان پێسوازی لێنەکرا، جگە لە حزبی شیوعی.
لێکەوتەکانی دۆخی رابردوو، زیانی زۆری بە کورد گەیاندووە و رۆڵی کوردی لە شارەکە لاواز کرد، ئەمەش هۆکار بوو بۆ ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا پارێزگاری بەوەکالەت ستەم و نادادپەروەری دژی کورد بگرێتە بەر. 
خواستی یەکێتی ئەوەیە، ئەم هەڵبژاردنە بکاتە دەرفەت بۆ گەڕاندنەوەی هێز بۆ شارەکە و بە بردنەوەی زۆرینەی دەنگەکان پارێزگاری بەوەکالەت لابدا و یەکێتییەکی دڵسۆزی خەڵکی شارەکە بکاتە پارێزگار و زۆرینەی ئەنجومەنی پارێزگا بکاتە شوێنی خزمەتکردن.
یەکێتی ویستی لەگەڵ لایەنە سیاسییە کوردیەکان پێکەوە ئەم هەنگاوە بنێت، دیارە حزبە کوردییەکان لەبری کۆکردنەوە، پەرتکردنی دەنگی کوردیان هەڵبژارد، لەکاتێکدا باش دەزانن یاسای هەڵبژاردنەکە (سانت لیگۆ) یە و دەنگی حزبە لاوازەکان لەلایەن حزبە بەهێزەکانەوە قوت دەدرێت، هەروەها باشیش دەزانن هەڵبژاردنەکە لە هەرێمی کوردستان نییە تا دەنگەکان لەناو بازنەی حزبە کوردییەکاندا بخولێتەوە، بەم حاڵەی ئێستاوە ئەگەر دەنگدەرە کوردەکان وریایانە دەنگ نەدەن، ئەوا دەنگەکانیان دەچێتە قازانجی پێکهاتە شۆڤێنییەکانی شارەکەوە.
دەنگدەرانی کەرکوک مافی خۆیانە سزای حزبە کوردییەکانی تر بدەن و چیتر نەبنە کەرەستەی یاریکردن بە چارەنووسیان و دەنگەکانیان بکەنە چەکی تۆڵە و دەنگ بدەن بە کاندیدەکانی هاوپەیمانیی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە بەژمارە ١٤٢" لەبەر ئەوەی یەکێتی سیاسەت و بەرنامەی نوێی هەیە بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە و ئامانجیەتی بیکاتەوە بە شاری ئاشتی و پێکەوەژیان و مافی هەموان وەکو یەک پارێزراو بێت، ئەمەش بە بەهێزیی پێگەی یەکێتی دەکرێت کە بەستراوەتەوە بە دەنگی کەرکوکییەکانەوە.

وتارەکانی نوسەر