رێـڕەو

یەكێتی لە كەركوك، بەرەكەتی تێكەوتووە

11:00 - 2023-12-06
فەرید دڵشاد
264 خوێندراوەتەوە

وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق نزیك دەبێتەوە، كە بڕیارە 18ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، كاتێك دیمەنی گشتیی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دەبینیت، لە كەركوك جۆش و خرۆشێكی زۆری پێوە دیارە، بەتایبەتی لە هەڵمەتەكانی بانگەشەی "هاوپەیمانی كەركوك هێز و ئیرادەمانە ١٤٢" كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەرکردایەتی ئەو هاوپەیمانییە دەكات.
دەبێت پرسیاری ئەوە بكەین بۆچی كەركوكییەكان خەمی سەرخستنی كاندیدەكانی یەكێتی دەخۆن و هەندێکیش کە پێشتر یەکێتی نەبوون، ئێستا کار بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی لیستی ١٤٢ دەکەن، چونكە باش لەوە تێگەیشتوون، كە دەنگی یەكێتی دەنگی رەسەنی كوردایەتییە و پێیان وایە ئەگەر گۆڕانكارییەك بكرێت لە كەركوك تەنها بە یەكێتی دەكرێت.
كەركوكییەكان هۆشیارن دەزانن دەنگ بە کێ دەدەن و کێ بازرگانییان پێوە ناکات، وەفایان بۆ خۆشەویستیی مام جەلال هەیە کە هەمیشە لە خەمی کەرکوکدا بووە، ئە‌وەشیان لەبیرە كە یەكێتی لە ساتە ناخۆشەكاندا لەگەڵیان ماوەتەوە، لەوە تێگەیشتوون ئەگەر لە ترسی یەكێتی نەبێت لەلایەنە شۆڤێنییەكان بەردەوام لە هەل دەگەڕێن بۆ ئەوەی كورد لە رەگ و ریشەوە لە پارێزگاكە هەڵتەكێنن.
پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت"بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت"، ئێستا یەكێتی وەك خۆر وایە بۆ كەركوكییەكان هەم رووناكی لێ وەردەگرن هەم وزە، لەبەرئەوەی یەكێتی لەسەرەتاوە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی لە كەركوك لە بانگەشەكەی خۆیدا بەیان كردووە، دەیەوێت پارێزگارە عەرەبە سەپێنراوەكەی قودسی کوردستان لە كورسییەكەی بێنێتە خوارەوە و کوڕە کوردێک بخاتە شوێنی، كەركوكییەكانیش هەر ئەمەیان دەوێت.
نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت، گرنگی ئەم هەڵبژاردنە لەوەدایە ئەنجومەنی پارێزگا دەسەڵاتێكی زۆری هەیە، ملكەچی هیچ وەزارەتێك نییە و سەربەخۆیی دارایی خۆی هەیە. 
پارێزگاری داهاتووی كەركوك دەستنیشان دەكات، كە یەكەم بەرپرسی جێبەجێكارە لەسەر ئاستی پارێزگاكە، هەربۆیە ئەگەر كورد پارێزگار وەربگرێتەوە، هاوشێوەی پێشتر خزمەتگوزاری دەگەڕێنێتەوە بۆ شارەكە و ناوچە كوردییەكان .
بوژانەوەی یەكێتی لەم هەڵمەتی بانگەشەیەدا زۆرێك لە نەیارەكانی شۆك كردووە، ئەو دەمەی پێیان وابوو دەنگەكانی یەكێتی لەم هەڵبژاردنە كەمدەكات، ئێستا خۆیان ئیمزا لەسەر پەڕەی شانازی سەركەوتنی یەكێتی دەكەن و دەڵێن، یەكێتی بۆتە دەنگ و رەنگی كورد لە كەركوك و كەس ناتوانێت لەرووی تواناکانیانەوە، شان بدات لە شانی كاندیدەكانی.
كەركوكییەكان ئەو حەقیقەتە باش دەزانن، كە دەنگ بە كاندیدەكانی یەكێتی بدەن، تاكو لە شەڕی بەرگریكردن لە ناسنامەی كوردستانی بوونی كەركوك، كورد ئەو شارە كوردستانییە نەدۆڕێنێت، لە راستیدا دەنگدان ئەركێكی ئەخلاقیی و ویژدانییە، لەهەمان كاتدا بۆ تاكی كورد لە كەركوك ئەركێكی نەتەوەییە و دەبێت بیزانێت.
ئەگەر لە رابردوودا مەقامەكانی مامۆستا عەلی مەردان بۆ سەلماندنی ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگر بووبێت و رژانی خوێنی شەهیدەكانی یەكێتیش مۆری سەر تاپۆی شارەكە بێت، ئەوا ئێستا دەنگی تاكێكی كورد فیشەكێكە بۆ تەوێڵی ئەوانەی دەیانەوێت بە زەبری هێز كەركوك دەستەمۆ بكەن و بەردەوامی بەو شەپۆلە نوێیەی تەعریب بدەن کە كەركوك و دەوروبەری گرتۆتەوە.

وتارەکانی نوسەر