مردووەکانتان زوو مەنێژن

11:07 - 2023-12-06
هیبە فەیسەڵ
362 خوێندراوەتەوە

دەزانم ئەم بابەتەی من ئاماژەی پێدەکەم، قبووڵکردنی لەلایەن هەندێ کەسەوە قورسە، بەڵام هیوادارم کە بەدڵ و تێگەیشتنێکی فراوان بیخوێننەوە.
 مەبەستیش لە بابەتەکە، تەنها بۆ روونکردنەوەی چەند خاڵێکە کە گرنگی زۆری هەیە بۆ پڕۆسەی ماڵئاواییکردنی جەسەدی و رۆحی لە مردووەکانمان. 
لە هەمانکاتدا چۆن خزم و خۆشەویستانی مردوو بتوانن ژیانیان بەردەوامبێت بێئەوەی مردنی ئازیزانیان ببێتە برینێک هەردەم بکولێتەوە. 
بەپێی ئەزموونی ژیان و بەسەرهاتەکانی، هەندێک پرسیارت لا دروست دەبێ جا ئەگەر منداڵ بیت یان گەورە.
من کاتێك منداڵ بووم و سەردانی خزم و دراوسێمان دەکرد، سەرم دەسوڕما لە ئەندامانی خێزانێک کە دوای چەندەها ساڵ لە کۆچی دوایی باوکیان، برا، هاوژین و..هتد هەر دەگرین و دڵیان گەرمبوو وەک وابێ ئێستا لێیان رۆیشتووە. 
هەتا خۆشم گەیشتمە تەمەنێک و هەمان شتم دووبارەکردەوە، مردنی نازدارترین، بێ وێنە و ئازیزترین کەس لە منداڵیمدا، بوو بە قورسترین بار کە بەهیچ شێوەیەک نەمدەتوانی بۆ کەسی بگێڕمەوە و باسی بکەم، دەمم لاڵ و بێ وشە. قوڕگم قورس وەک وابێ چنگی تێنراوە، خنکاو و بێ هەناسە.
ئاسانترین بەسەرهات کاری تێ دەکردم و دەیگریاندم، دەمزانی کە ئەمە ئاسایی نییە. شتێک هەیە کە لە ناخەوە بێئەوەی خۆم بزانم ئازارم دەدات و لەگەڵ هەموو تازێیەکدا، سەرهەڵدەداتەوە لێم.
لەگەڵ خوێندن و بەدواداچوونما رۆژ بە رۆژ سووچی تازەم دەدۆزییەوە و خاڵم لەسەر پیتەکان دادەنا، بۆم دەرکەوت کە یەکێک لەو هۆکارانەی مرۆڤ دەچەوسێنێتەوە و سزای دەدا، کات و هەق نەدانێتی بەو پرۆسێسانەی کە لە ژیانیدا پێیدا تێدەپەڕێ، بۆ نموونە کاتێک ئازیزێکی دەمرێ تا چەند دەوروبەری دەهێڵن پڕ بە دڵ و بە شێوەی خۆی ماڵئاوایی لە خۆشەویستەکەی بکات؟ 
چەندێک دەهێڵن بیبینێ و دوا قسەی لەگەڵ بکات؟ ئەو کەسانە خۆشەویست بن، باوک و کوڕ یان کچ و دایک ئەمانە چاپتەرێکیان هەیە لە پێکەوەژیان. 
خۆشی و ناخۆشی، شەڕ و ئاشتی، ئەو چاپتەرە دەبێ بە جوانترین شێوە دابخرێت، ئەمەش مانای ئەوە نییە کە لە بیربکرێت، لە بیرکردن نییە، بەڵام لەگەڵی ژیان هەیە بە ئاشتی 
( التعایش مع الماچی) .
زۆربەی حەسرەتی ئەو کەسانەی کە گفتوگۆم لەگەڵ کردوون ئەوەیە کە نەگەیشتوون مردوویان ببینن پێش ناشتنیان، نەگەیشتوون بە هێمنی ماڵئاواییان لێ بکەن. 
مردن لە خودی خۆیدا زۆر ئاڵۆزە، بە هەمان شێوە تێگەیشتن و قبووڵکردنی، هەر بۆیە لەپڕ دابڕان بێ ماڵئاوایی، پڕۆسەکە قورس تر و بێمانا تر دەکات، هەمیشه ئامۆژگاری و ئیشم لەگەڵ ئەو کەسانەدا بە چەند خاڵێک دەستپێدەکات.
1- کۆڵ مەدە و هیچ کاتێک مەڵێ تازە تەواو رۆی.
2- هەتا دەتوانی باسی پڕۆسە و هەست و قورسیی لە دەستدانی مردووت بکە، بیگێڕەوە و مەیکە بە تابوو.
3- گەر ناتوانی باسی بکەی بینووسە، هەرچییەک فریا نەکەوتووی بیکەیت یان بیڵێیت، بینووسە وەک نامەیەک بۆ مردووەکەت. مەرج نییە تەنها خۆشەویستی بێت. سەرزەنشت و گلەیی و تووڕەیشی بۆ بنووسە و بۆی بخوێنەرەوە بەدەنگی بەرز.
4- رێگە و کات بەخۆت بدە بگریت، دڵتەنگ بیت، کاتێک خەم لەدەرگات دەدا، بهێڵە بێتە ژورێ، دەرگای لێبکەوە و پێی بڵێ کە هاتنی کاتییە،  دڵنیام ئەگەر دەست بە پەیڕەوکردنی یەک خاڵیش لەمانە بکەی، دوای ماوەیەک هەست بە سووکی ئەو بارە دەکەی کە چەند ساڵە لەسەر شان و دڵت وەک کێوێکی قورس و سەختە.

وتارەکانی نوسەر