هیبە فەیسەڵ
هەڵبەتە من یەکەم کەس نیم و هیوادارم دوا کەسیش نەبم کە تیشک دەخەینە سەر هێڵێکی گەرم، لە کۆمەڵگەیەکدا کە جیاوازی چینایەتی بە شیری دایکەوە دەرخواردت دەدرێ.
کۆمەڵگەیەک کە کوێرانە لە بری نەفرەت، تف دەکەنە دەمی یەکتر و فەرمانی گەورە و بچووکیان رەوایە کاتێک دەگاتە تێڕوانین و مامەڵەکردنی بەرانبەر. جا بەرانبەر مرۆڤ بێت، سروشت یان ئاژەڵێکی بەر کوچە و کۆڵانەکان.
کۆمەڵگەیەک، وەک وابێ خۆڕسکانە و بە خێماڤێکی سیحری، لە پیرۆزترین کتێبی نادیاری مرۆڤایەتیدا نووسیبێتی، ئافرەت هەمیشە دەبێ لێپرسێکی هەبێ. جا چ لێپرسێکیش؟ کەسێک ببێتە چەتر و بیپارێزێ. بەڵام لە چی؟ لەهەمان ئەو کەسەی کە وەک خۆی بۆتە لێپرسی یەکێکی دی. لە زۆربەی کاتیشدا هەردوو لێپرسراوەکە یەک رەگەزن.
لێگەڕێین بدەین لە بنی هەمانەکە و بڵێین پیاو ژن دەپارێزێ لە پیاوی دی. نازانم گەر ئێوە لەم دژیەکی و دەبڵ مۆراڵییە تێدەگەن. لە کاتێکدا کە پیاوی کورد خۆی بە هەموو جۆرێکییەوە یەکێکی دەوێ بیپارێزێ.
هەموویان پەروەردە و بەرهەمی شەڕ و برسێتی و توندڕەوین. لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی پاراستنیان دراوە بەسەردا بێ ئەوەی هەڵیان بسەنگێنن تا چەن لێهاتوون. ئایا خۆیان لەو رۆڵە دەبیننەوە؟ چۆن ئەو رۆڵە پڕدەکەنەوە؟ ئایا بەو شێوەیەیە کە خۆیان دەیانەوێ؟ یان وەک ئەوەی کەسانی پێشتر بۆیان نەخشاندوون؟
شایانی باسە کە ئەم پاراستن و ئاگاداری بوونە لە بری ئەوەی ببێتە دەستێکی گەرم، میهرەبان و ئاوێنەیەکی هەقانی کە ژن بێ پەردە بتوانێ لەگەڵی بدوێ و خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ بەش بکات، دەبێتە کەسێک کە لە گچکەترین هەنگاو دەبێ پرسی پێبکەیت و لە فەرمانی دەرنەچی.
لە ناو ژنانیشدا وا باس دەکرێ کە فڵان پیاوێکی باشە و دەپرسن چۆن « رێگەی » بە ژنەکەی داوە بخوێنێ؟ بچێ بۆ ئیش و پارە بێنێتەوە.
جا خۆ ئەگەر ئەو ژنە چووبێ بۆ ئاهەنگێک و مناڵی بەسەر مێردا بەجێهێشتبێ، ئەوا ژنانی دی لەسەرەوە بۆ خوار چاوی سووکایەتی بە باڵای دەخشێنن.
ئیدی زۆرن ئەو ژنانەی کە باجی ناخی چۆڵ و بێ متمانەیی پیاوێک دەدەن، تەنانەت سەرکەوتنەکانیشیان دەبێ ژێربەژێر یاد بکرێتەوە. نەک تەنها لە ترسی قسەڵۆکی ژنانی دی، بەڵکو بۆ ئەوەی پیاوان دوودڵ نەبن و نەکا دڵیان لە خۆیان دابمێنێ کە ئەوان بە هەمان پلەی سەرکەوتن نەگەیشتوون.
من هەتا ئێستا تێنەگەیشتووم، هونەر لەوەدا چییە کاتێک مامۆستایەک، نووسەرێکی ژن لە کۆڕێکدا، یان هونەرمەندێک بەرهەمێکی دیاری دەبێ و سەرکەوتنێک بەدەستدەهێنێ، دەبێ لەگەڵ یەکەم دەستخۆشی لێکردنی ئەو خاتوونە، باس لە باڵای بەرزی ئەو پیاوە بکرێ کە یارمەتی داوە؟ هەروەک بڵێی ژن هەمیشە و گەر یەکێک لە پشتی نەبێ ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێ. ئەگەر ئەم بۆچوونە دروستیش بێت، مانای وایە ئێمە کوێر و لاڵ بووین لە ئاست ئەو سترەکچەرەی کە کۆمەڵگەی ئێستای کورد، لەسەری سەما دەکات.
ئەو خاڵە بنەڕەتییەشمان لە یاد نەچێت، گەر پیاوێک ئاشنا بێت بە پێگەیشتن، کامڵ بوون و مانای نێرایەتی خۆی، هەرگیز ناهێڵێ ئەو بەراورد و پیاهەڵدانە لەبەرانبەری بکرێ. چونکە پڕاوپڕ لە کەمکردنەوەی بوونی ئەو نێرەیە و یەکسان کردنێتی بە هاوڕەگەزی خۆی کە پیاوسالاریی لە خوێنیدا راست و چەپ دەکات، بێ ئەوەی لە خودی خۆیدا بزانێ بۆ!
ئیدی چ پێویستە کە بە بەژن و پیاوەتی نێردا هەڵبدرێ، گەر بناغەی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەشی ئەو دوو مرۆڤە لەسەر دابەشکردنی ئەرکەکان بێت و هەر لە سەرەتای پێخستنە ژیانی هاوبەشیتەوە، تەرازوی کەس لەوەی دی قورستر نەبووبێت.
ئایا نییە جوانتر، ئاڵۆزتر و پیرۆزتر لەوەی کە دوو مرۆڤ بتوانن هاوکار و هاوڕێی یەکتربن. بەڵام کاتێک ئەم یەک بوونە دەخرێتە قاڵبی رەگەز و بە کەمتر و لاوازتر بینینی بەرانبەر، ئەوا ناهەوسەنگی دەبێتە نەخۆشییەکی درێژخایەن و لە کۆتاییدا کوشندە، بەڕێزان، ژن-نێر-هاوڕێ- پشت-هاوسەنگی-خود.