‎ئـاسایشی عیراق و هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ ؟

10:32 - 2023-12-13
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
242 خوێندراوەتەوە

رۆژ لەدوای رۆژ پرسی ئـاسایش و شێواز و فاکتەرەکانی لە جیهاندا فراوانتر دەبێت و هەندێک جاریش لاوازی پەیوەندییە سیاسییەکان و دۆخی نێوخۆی دەوڵەتان دەرفەت بووە بۆ پرسی نا ئـاسایشی و بەهێزبوونەوەی گروپە تیرۆریستەکان و سەرهەڵدانی گروپ و رێکخراوی نوێ .
گەر بمانەوێت باسی عیراق بکەین، دەبێت لە کوێوە دەستپێبکەین؟ لە رووی جەنگەوە یان کۆمەڵایەتی ، سیاسی ، یان  ژینگەیی؟
عیراق لەدروستبوونییەوە دەستوەردانی دەرەکی تێدا بووە، ئـەمەش دیوێکی ئـاساییە، چونکە زۆربەی دەوڵەتانی دروستبوون، جگە لە تفەنگی بەرخۆدان و ئـازدایخوازان، ئـیرادەی نێودەوڵەتیش زاڵ بووە بۆ هاتنە کاییەی دەوڵەتێکی نوێ، بەڵام دیوەکەی تر نا ئـاساییە وڵاتانی ئـیقلیمی و دەرەکـــی دەستوەردانی سیاسی لەوڵاتەکە دەکەن و سەروەرییەکەی لاواز دەکەن کە نەتوانێت پیادەی دەســـەڵاتەکانی خۆی بکات.
عیراق وڵاتێکی بریندارە، چونکە هێشتا برینی گۆڕینی دیمۆگرافیا و گۆڕانکاری شێوازەکانی حکومڕانی و قوربانیانی رژێمی بەعس و قاعیدە و داعش ساڕێژنەبووە کە سەرتاپای ئـەو قۆناغانە بە تراژیدیا و خەمناکی باڵی کێشاوە، کەچی هێشتا دڵی هاووڵاتیان ئـارام نییە و ترسیان لەدۆخەکە هەیە .
هەرێمی کوردستان، لە رووی کەلتوری و سیاسی و دروستبوونیەوە ئـەگەرچی جیاوازە لە عیراق، بەڵام ئـازاری هاوبەش رووبەڕووی هەردوو کۆمەڵگەکە بۆتەوە، بەرژەوەندیی ئـاسایشی هەردوولا پێکەوە گرێدراوە، چونکە تێکچوونی دۆخی ئـەمنی شارێکی عیراق کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست دەکات .
هەر دوێنی بوو زەنگی سەرکەوتنمان لێدا، گوایە سەرکەوتین بەسەر دواین گروپی تیرۆریستی داعشدا،  کەچی ئـەمڕۆ لێرە و لەوێ دەبینین گروپە تیرۆریستییەکان خۆیان بەهێز دەکەنەوە و هێرش دەست پێدەکەنەوە.
دۆخی ئـەمڕۆی ناوچەکە و بەتایبەتی درێژبوونەوەی شەڕی حەماس و ئـیسڕائـیل، خوێندنەوەیەکی تازەی دەوێت، چونکە پەیوەندییەکان گرێدراوی یەکترن، بۆیە هەرچی زووە پێویستە حکومەتی هەرێم و  حکومەتی عیراقی فیدراڵی، لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و هەڵگری یەک وتاری نیشتمانی و ئـاسایشی بن بۆ ئـەوەی کێشە کەڵەبووەکان پەلنەکێشن بۆ قەیرانێک دەیان ساڵی تر بخایەنێت.
گرنگترین خاڵ کە هەردوولا جەختی لەسەر بکەنەوە:-
‎-1 بەردەوام بوونی گفتوگۆکانی هەردوولایە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان.
‎-2 ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی لێکتێگەیشتنێکی نوێ.
‎-3 تەوافوقی سیاسی و ململانێکان تێکەڵ بە قووتی هاووڵاتیان نەکرێت.
‎-4 یەک وتاریی سیاسی و ئـاسایشی، بۆ روبەڕوبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراو کە بێتە پێشەوە.
ئـەو دۆخەی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت و لەگەڵ ئـەو باکگراوندەی عیراق و هەرێمی کوردستان لەپرسی ئـاسایشدا هەیبووە، خوازیاری ئـەو پەیوەندی و دۆخە سیاسییە نییە کە ئـێستا لە ئـارادایە، بەڵکو پێویستیی بەوەیە بە هاوبەشی و زیاتر لە جاران هەماهەنگی سیاسی و ئـەمنی دروستببێت لەپێناوی پاراستنی سیادەی وڵات و بەرژەوەندیی گشتی و رێگریکردن لەوەی عیراق و هەرێم ببێتە شوێنی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان .

وتارەکانی نوسەر