ئەوەی دەمێنێتـەوە تەنهـا مـێژووە

09:51 - 2023-11-27
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
183 خوێندراوەتەوە


کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، قۆناغ لەدوای قۆناغ بە جیاوازی ژیاوە، جاران مەترسییەکانی بەردەم مرۆڤایەتی زستانی سارد و نەبوونی پێداویستی رۆژانە و خواردن بوون، بەڵام ئێستا مەترسییەکانی بەردەم مرۆڤ جەنـگەکانن و  فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئاسمانن کە هەموو سێکتەر و جومگە بنەڕتییەکانی ژیانیان وەستاندووە .
هەر نەوەیەک رووداوەکانی مێژووی خۆی دەگێڕێتەوە و لە تۆماری مێژوو دەمێنێتەوە، هەر نەوەیەکیش ژیانی کۆتایی دێت، نەوەی داهاتوو قۆناغێکی نوێ و مەترسی نوێ تر رووی تێدەکات، ئێستا زۆر دەگمەنن کەسانێک مابن لە ژیاندا پێکەوە دانیشین باس لە دۆخی ژیان و گوزەرانیان بکەین کە لە رابڕدوودا چۆن ژیاون، لەچی ترساون؟ چیان پێویست بووە؟ هەڕەشەکان چی بوون لەسەریان؟ بەڵام هیچ یەکێک لە وەڵامی ئەو پرسیارانە لە زاری خۆیانەوە نابیستین، دەبێ بچینەوە سەر مێژوو.
جەنگەکان و لێکەوتەکانی لەسەر رێڕەوی ژیان و مرۆڤایەتی دیارترینیانن دەمێننەوە و ون نابن، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ناوچەیەیە تا ئێستا مێژوو و جەنگی لێکدانەبڕاندووە، خەریکە هەمان ناکۆکی و مەترسییەکانی سەر مرۆڤایەتی دروستدەبنەوە و دەگەڕێینەوە سەرەتاکانی مێژوو .
دڵنیام ئەو تاوانە مرۆڤاییەتیەی لە کەرتی غەزە روودەدات، هاوشێوەی هەمان جەنگەکانی رابردوو کە تەنیا خەڵکی مەدەنی و بێ تاوان بوونەتە قوربانیی هەژموون و فراوانخوازی، تەنها لاپەڕەیەکی مێژووییان بۆ دەمێنێتەوە و چارەنووسیشیان یەکلایی نابێتەوە، ئاخۆ لەداهاتوودا چ جۆرە مەترسییەک رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە و بەچ شێوازێک نەوەی داهاتوو خۆی لەگەل ئەو واقیعە دەگونجێنێت.پەندێکی ئینگلیزی هەیە دەڵێت : (بژی و فێربە) بەڵام رووداوەکان هێندە زۆر و ئاڵۆزن لەنێو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکان، هەمیشە بوونەتە رێگر لەبەردەم مرۆڤایەتی بە ئاشتی بژین و قۆناغی جەنگ تێپەڕێنن، ئەوا سەدەیەکە ئاوا دەبێ وڵاتان دەچنەوە باوەشی جەنگەوە و تاکە قوربانییش خەڵکی بێتاوانن !

وتارەکانی نوسەر