خولی شەشەمی پەرلەمان

09:24 - 2024-03-11
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
101 خوێندراوەتەوە

هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا بەدۆخێکی جیاوازدا تێپەڕدەبێت، لەلایەک تەمەنی یاسایی پەرلەمان کۆتایی هاتووە و لەلایەکی تریش دۆخی سەختی ژیان و پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئـەمریکا و هێرشی درۆنی بۆسەر خاکی کوردستان، هەموو ئـەمانە کاریگەریی زۆری کردە پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و هەڕەشە یەک لەدوای یەکەکان وایکرد پێگەی کورد تا رادەیەک لاوازببێت لە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و وڵاتانی دەرەوە.
بەهێزیی و لاوازیی پێگەی سیاسی یان ئـیدارەدانی وڵات دەکرێت رووبدات، چونکە لە هەموو کۆمەڵگەییەکی سیاسی گۆڕانکاری لەو شێوەییە دروست دەبێت و سەردەمی ئـێستا سەردەمی گۆڕانکاری و بەرژەوەندییە ئـیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانە، روونە ئـەمجارە زۆرترین چاوی میدیا و سەنتەرەکانی توێژینەوەی ناوخۆیی و جیهانی لەسەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو لە جەنگی غەزە و ململانێی ئـەمریکا و ئـێران، تا پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵ کە تۆڕێکی بەیەکەوە بەستراوی کێشەکانن لە ناوچەکە.
ئـەوەی گرنگە بەرەو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەڕۆین، پێویستە ئـەم خولەی پەرلەمان رۆلێکی زۆر جیاوازتر لە خولەکانی پێش خۆی ببینێت و  هەموو بۆشاییە سیاسییە ناوەخۆییەکان پڕبکاتەوە و هەنگاوبنێت بۆ چارەسەری تەواوی پرسی مووچەخۆران و پرسی پەیوەست بە کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و کارکردن لەسەر دەستووری هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا، چونکە بەم خاڵانە کورد دەتوانێت پێگەی سیاسی خۆی بەهێزتر بکات و خۆی لە هەڕەشە و مەترسییەکان بە دوور بگرێت .
پێویستە دوو خوێندنەوە بۆ ئـەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بکەین :-
1- کێبڕکێی تەندروستی هەڵبژاردن، ئـەمەش لە هەموو سیستمێکی پەرلەمانیدا، شتێکی ئـاساییە کە پارتە سیاسییەکان کێبڕکێی زۆرترین کورسی پەرلەمانی دەکەن.

2- دیوێکی نیشتمانیی هەیە و گرنگە هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆدەنگیی نیشتمانیی دروست بکەن و هەڵگری یەکگوتاری سیاسی و کۆمەڵگەیی بن، چارەسەری تەواوی کێشەکان بکرێت و خوێندنەوەی نوێ بۆ کۆی پرسەکان و بەتایبەتی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەماهەنگی زیاتر بکرێت تا ئـەم خولەی پەرلەمانیش درێژەپێدەری هەمان کێشەکانی رابڕدوو نەبێت و هەرێمی کوردستان بەرەو رێڕەویی ئـاسایی خۆی هەنگاو بنێت.

 لەماوەی رابردوودا هەرێمی کوردستان نەوەک تەنها لە رووی داراییەوە کێشەی بۆ دروستبوو، بەڵکو بەهۆی گۆڕانکارییە یەک لەدوای یەکەکانی ناوچەکە، هەموو سێکتەرەکانی سیاسی و ئـەمنی و بەدۆخێکی جیاوازدا تێپەڕی، بۆیە ئـەرکی هەموو لایەکە لە قۆناغی داهاتوودا و خاوەنی کارنامەی راستەقینەی نیشتمانی بن و دوور لە ململانێی سیاسی ئـامادەکارییەکی زۆر باش بکەن و کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت چارەسەر بکەن و ژیانێکی خۆشگوزەرانییە کۆمەڵایەتییەکان بۆ خەڵک دەستەبەر بکەن.

وتارەکانی نوسەر