ئـایا مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟

09:41 - 2024-02-04
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
263 خوێندراوەتەوە

تێکچوونی سەقامگیریی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە کاریگەریی لەسەر وڵاتان دروستدەکات، هەرێمی کوردستانیش بەهۆی ستراتیژیی وڵاتانی زڵهێز و پێگە جیۆپۆلۆتیکیەکەیەوە، دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و گۆڕانکارییەکان دەیگرێتەوە.
هەرێمی کوردستان  لەناوخۆی خۆیدا، کێشەی هەیە، چونکە لەدوای شەڕی داعش و دروستبوونی قەیرانی دارایی و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان، دواکەوتنی مووچە و کەمی هەلیکار، هەموو ئـەمانە کێشەن و لە ئـارادان.
لەگەڵ ئـەوەش کۆمەلێک کێشەی تر هاتۆتە پێش، شەڕی حەماس و ئـیسڕائـیل جیهانی دابەشکرد و بووە هۆی ئـەوەی پڕیشکی ناکۆکی و ململانێکان، بگاتە هەرێم و کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی و ئـەمنی و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند قووڵتر بکاتەوە.
بەردەوامی و کاریگەریی ئەو جەنگە، هۆکار بوو کە درۆن ئـاسمانی هەرێم بگرێتەوە، ئەگەرچی هەرێم ناتوانێ وەڵامی هێرشێکی وەها بداتەوە و لایەنێکی سەرەکی ناکۆکییەکان نییە.
هەرێمی کوردستان مەترسی لەسەر هەیە بەهۆی ئـەو دۆخانەوە، بەڵام ئـەستەمیش نییە خۆی بپارێزێت، پێویستە لەناوخۆی خۆیەوە دەستپێشخەری بکات بۆ چەندین هەنگاوی گرنگ :
1- ململانێی و ناکۆکییە سیاسییەکان یەکلایی بکرێنەوە و دەنگی کورد و کوردستان بکرێتە دامەزراوەیی و سەنتەر و گوتاری هەرێمی کوردستان بێت و هەموو لایەنەکان کۆبکرێنەوە و پەراوێز نەخرێن، هەر بەم هەنگاوەش دەتوانرێ ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند لە چەندین پرسی چارەنووسساز یەکلایی بکاتەوە و سەقامگیری دروست بکات .
2- پرسی هێزەکانی پێشمەرگە و یەکخستنیان لەچوارچێوەی هێزێکی نیشتمانییدا، چونکە ئـەم پرسە لەدوو خاڵەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگی خۆی دەبێت:
*شانە نووستوەکانی تیرۆر، ناتوانن سوود لە بۆشایی ئـەمنی و سیاسی وەربگرن.
*یەکێکی تر لەگرنگییەکان، مامەڵەکردنە لەگەڵ ئـەو هێزانەی لە چوارچێوەیەکی یاسایی و یەک هێزدا رێکنەخراون، لە ئـەگەری جێبەجێکردنی ئـەم هەنگاوە هاوکاریی چەک و پشتیوانیی سەربازیی لەلایەن هاوپەیمانان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، بەتایبەتی چەکی دژە درۆن کە ئـێستا مەترسییەکی جدییە.
3-بەهێزکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان، ئـەمە دەبێتە کەناڵێکی گرنگی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دوورخستنەوەی کاریگەریی جەنگەکان و سەقامگیریی کوردستان.
4-پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆیی وڵات لە کەرتی کشتوکاڵی و ئـاژەڵداری و دەستی هێزی کار، چونکە هەرێمی کوردستان، خاوەنی زۆرترین هێز و توانای گەنجانە، بۆیە بە بەرهەمی ناوخۆ دەتوانێت بۆشاییەکی زۆری ئـابووری و نەبوونی هەلیکار پڕبکاتەوە.
5- بەردەوامبوونی پڕۆسەی خوێندن بەبێ دابڕان، ئـەمە وادەکات کێشەکان قووڵ نەبن و نەوەیەکی تێگەیشتوو و دڵسۆز دروست ببن بۆ نیشتمانیی خۆیان.
6- خۆپیشاندان وەکو هێزێکی نەرم و پشتیوانی لە کوردستان لە وڵاتانی دەرەوە، لەم هەنگاوە دەتوانین سوود لە رەوەندی کوردی وەربگرین بۆ پاراستن و پشتێنەی پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان.

وتارەکانی نوسەر