سڕینەوەی مەترسییەکانی سەر کەرکوک لە رێگەی هەڵبژاردنەوە

12:09 - 2023-12-14
سۆزان حەمەتاتە
213 خوێندراوەتەوە

سۆزان حەمەتاتە  



 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نزیک دەبێتەوە، ئەوە بۆ کورد و کوردستان و سەرخستنی پڕۆژەی پێکەوەژیان و برایەتیی نێوان پێکهاتەکان تەواو گرنگە، چونکە حکومەتی داهاتووی خۆجێیی لە کەرکوک لەسەر ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە پێکدێت، بۆیە لە هەموو لایەنەکان زیاتر بۆ کورد گرنگیی هەیە، ئەوەش ئەرکی بەشداریی قورستتر دەکات.
دوای 2003، دەرفەتێکی باش بۆ کورد رەخسا کە ئیدارەیەکی هاوبەش پێکبهێنێت و بیکاتە سەرەتایەکی جیاواز بۆ پێکەوەژیان و کۆتاییهێنان بە ستەمی زیاتر لە 30 ساڵی بەعس، سەرەڕای کەموکووڕیی زۆر، لەگەڵ ئەوەشدا ئیدارەکە هەوڵی پێکەوەژیانی زیاتری دا و کوردی ستەملێکراوی چەندین ساڵەی شاری کەرکوکیش بۆ ماوەیەکی زۆر ئاسوودە و ئارام ژیان و هیوای زۆریان لەسەر پێکەوەژیان و سەرەتای ژیانێکی نوێ هەڵچنی، بەڵام گۆڕانکارییە خێراکان لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە ئەو دەرفەتەیان لەدەست کورد وەرگرتەوە و ئێستا بارودۆخی ئەو ناوچانە و خەڵکەکەی وەک ئەوکاتە باش نین.
گەڕانەوەی کورد بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات لە کەرکوک و روبەڕوبوونەوەی ئەو سیاسەتە شۆڤێنییەی هەیە، دەرفەتێکی باشی بۆ هاتۆتە پێش، ئەویش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقە، بەتایبەتی بۆ کورد کە دەتوانێت بە بەهێزیی بگەڕێتەوە بۆ سەر شانۆی سیاسی و فەرمانڕەوایی و رێگە نەدات چیتر ناوچە کوردستانییەکان کە لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن لە پەراوێزخستندا بمێننەوە.
هەڵبژاردن باشترین رێگەی خەباتی مەدەنییە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکان، بۆئەوەی دەسەڵاتی سەربازی کاریگەریی نەمێنێت لەسەر پڕۆسەی حوکمڕانی و دادپەروەریی بێتەکایەوە.
مادەی 140 لەبەردەم مەترسیدایە، زەویی جووتیارە کوردەکان داگیردەکرێت، بەبیانووی دروستکردنی بنکە و بارەگای سەربازییەوە، خوێندن بە زمانی کوردی مەترسی لەسەرە و دەرچووەکان دانامەزرێن، بۆیە تەنها رێگە بۆ رزگاربوون لەو سیاسەت و گوشارانە ئەوەیە کە کورد بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداریی هەڵبژاردن بکەن و زۆرینەی کورسییەکان ببەنەوە، دواتریش ژیان بۆ کورد و کوردستانییەکان ئاسان بکەنەوە.
کەمتەرخەمییمان ئاراستەی مێژوو و داهاتووی ئەو ناوچانە دەگۆڕێ، دۆڕانیش شوێنەوارە نەرێنییەکانی لاناچن و دەبێتە بەڵگەی دەستی ئەوان بۆ حاشاکردن لە کوردستانیبوونی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە.

وتارەکانی نوسەر