كەركوكی كوردستانی و پارێزگاری بەنۆرە

10:37 - 2024-01-09
سۆزان حەمەتاتە
238 خوێندراوەتەوە

سۆزان حەمەتاتە


ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك گفتوگۆ هەڵناگرێ، نەك دەیان، بەڵكو سەدان بەڵگەش هەن دەیسەلمێنن ئەم شارە كوردستانییە و كورد خاوەنی راستەقینەیەتی. 
چەند ساڵ پێش ئێستا سەرۆك مام جەلال لەسەر مێزی كۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی حوكمی عیراق، ئەوەی سەلماندەوە و هەموویانی بێدەنگ كرد، بەڵام ئیتر لە هەر دەرفەتێكدا هەوڵی گۆڕینی ناسنامەكەی دەدەن، بەڵام خۆ مێژوو هەروا ئاسان نادزرێ.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، دەتوانرا بە یەكگرتوویی كاریگەریی كورد بسەلمێنرێت، دەنگی زیاتر كۆبكرێتەوە و كورسی زیاتریش بەدەستبهێنرێت، ئیتر كە ئەوە نەكرا، دیارە دەرەنجامی پەرتبوونی لایەنە كوردستانییەکان بوو، بەڵام ئێستاش دەرفەتی دووەم هەیە، كەوا كورسییەكانی یەكێتی و پارتی و ئەوانەی بڕوایان بە پێكەوەژیان هەیە، باری لاری حوكمڕانی لە كەركوك راستبكەنەوە و پێكەوە شارەكە پێشبخەن.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی ترسناكی دژە كورد هەن كە دوو نموونە باس دەكەم لێرەدا:
یەكەم: بەشێک لە عەرەبەكان دەیانەوێت بە هەر فێڵ و نرخێكە پۆستی پارێزگار بۆ خۆیان ببەنەوە، ناوی راكان جبوری دیارترینیانە بۆ بردنەوەی پۆستەكە.
دووەم: لە كۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانیدا، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا پێشنیازی پێدانی پۆستی پارێزگاری بە نۆرەی خستووەتەڕوو و ئاماژەی بەوە كردووە ئەمجارەیان نۆرەی توركمانە ئەو پۆستە وەربگرێت.
راستییەكە ئەو پێشنیازە بۆنی پیلانگێڕیی لە كورد لێدێ، بەوپێیەی زۆرینەی كورسییەكانی ئەو شارەی بردۆتەوە وەكو لیست، كە ئەگەر دەنگدەری زیاتری كوردیش دەنگی بدایە و بەهۆی فرە لیستییەوە دەنگێكی زۆری كورد نەفەوتایە، ئەوا كورد كورسیی زۆر زیاتریشی بەدەستدەهێنا.
ئەو پیلان و هەوڵانە بۆ لەدەست دەرهێنانی پۆستی پارێزگار لە كورد، مەترسیی گەورەن و كارەكتەری ناوخۆیی، هەرێمایەتیی لە پشتەوەیە، بۆیە بۆ رێلێگرتنی پێویستیی بە پلان و پڕۆژەی كوردستانیی دڵسۆزانە هەیە، پێویستیی بەوەیە كوردستانییانە بەگژ ئەو هەوڵانەدا بچنەوە و هێزە كوردستانییەکان بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە شان بدەنە بەر ئەو ئەركە و پیلانی نەیارانی كورد پووچەڵ بكەنەوە.
لێرەدا زۆر گرنگە بەرژەوەندیی كەركوك و كەركوكییەكان و پاراستنی ناسنامەی كوردستانیبوونی كەركوك بخرێنە سەرووی هەموو شتێكەوە و بە نەفەسی تەسكی حزبی بیرنەكرێتەوە. 
ئەمە بەرپرسیارێتیی مێژووییە و بە چاك یان خراپ دەنووسرێتەوە و هەر كەمتەرخەمییەك مەترسییەكان لەسەر كورد و كەركوك و جواگرافیای كوردستان گەورەتر دەكەن.
راست وایە هێزە كوردستانییەکان بەشداریی و دڵسۆزیی كەركوكییەكان لە پێشتر و لە كاتی دەنگدان لەبیر نەكەن و بیكەنە بنەما و نەخشەڕێی كاركردنیان و كەركوك وەكو بیلبیلەی چاویان بپارێزن.

 


وتارەکانی نوسەر