‎لە زەیتوونەوە تا درەختی بادەم

10:55 - 2024-02-15
سۆزان حەمەتاتە
209 خوێندراوەتەوە

‎سۆزان حەمەتاتە   



‎رۆژی 18ی ئاداری 2018، سوپای تورکیا و هێزە توندڕەوەکانی هاوپەیمانی، چوونە ناو جەرگەی عەفرین و داگیریان کرد، لەو کاتەوە پڕۆسەی تەعریب و تەتریک بە قۆناغ دەستیپێکردووە، ئەوە جگە لەوەی دزینی دار زەیتوونەکانی بووەتە کاری رۆژانەی میلیشیاکان و خوویان پێوەگرتووە.
‎تازەترین چیرۆک لە عەفرینەوە بەم شێوەیەیە:  ‎رۆژی شەممە 10ی شوباتی 2024، عەرەبێکی هاوردە کە خەڵکی ناوچەی تەل رەفعەتە، لە گوندی ڤێرکانی هەرێمی عەفرین، چۆتە نێو زەویی پیاوێکی بەساڵاچووی کورد بەناوی محەمەد ئیبراهیم سۆران کە تەمەنی نزیکەی 80 ساڵە، دواتر بە شۆفڵ لێیداوە و بەسەریدا رۆیشتووە، دواتریش لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
‎پاشان ئەو عەرەبە هاوردەیە بە شۆفڵ پێنج داری بادەمی ئەو پێرەمێردە هەڵدەکێشێت و لە شوێنی رووداوەکە هەڵدێت.
‎لەو رووداوەدا سێ لایەنی نەرێنی هەیە: ‎ یەکەم: داگیرکردنی عەفرین فراوانتر دەکرێ بە بەرنامە، لە شوێنی کورد، عەرەب و تورکمان نیشتەجێدەکرێ.
‎دووەم: کورد کوشتن بەردەوام و ئاساییە بەدەستی داگیرکەرەکانی، پیر، گەنج، ژن یان منداڵ بن، هیچ لێپرسینەوەیەکیشی لەسەر ناکرێ.
سێیەم: هەڵکێشان، بڕینەوە، سووتان و دزینی دارەکانی عەفرین ئاساییە لای داگیرکەران، بۆ ئەوەی عەفرین بخنکێنن.
‎جیا لەوە، دەردەکەوێت بارودۆخی کورد  لە خراپتربووندایە، بەشێوەیەک هیچ ناوچەیەکی کوردنشین نەهێڵن ئارامی و سەقامگیریی تیادابێت، ئەوەش کۆچی زۆرەملێی بەدوادا دێت و رەنگە زۆر فراوان بێت.
‎رۆژئاوای کوردستان لە زۆر رووەوە مەترسیی گەورەی لەسەرە، مەترسیی سڕینەوەی شوناسە کوردییەکەی، گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی، جینۆسایدی ژینگەکەی، دروستکردنی ئۆردوگا بۆ عەرەبەکانی فەلەستین بە پارەی هەندێک وڵاتی کەنداو و تورکیا.
بەردەوامیی داگیرکاری و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەبوونی هێزی کوردی وا کە توانای راگرتنی هەبێت، ، وا دەکات عەفرین بەرەو دابڕینی زیاتر ببرێ لەو بەشەی کوردستان و وا زوو و ئاسان وەرنەگیرێتەوە.
‎لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیی نەتەوەیی ئەوە دەخوازێ، بەرەی کوردی و کوردستانی بۆ رێگریکردن لەو پڕۆسە داگیرکارییە فراوان بکرێ، هەوڵی زۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بخرێتەگەڕ بۆ راگرتنی ئەو داگیرکارییە، بەپێچەوانەوە رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم داگیرکاری و جینۆسایدی بەردەوامدا دەبێت.

مانەوەی عەفرین بە داگیرکراوی، مەترسیی سڕینەوەی دیمۆگرافیای هەیە

وتارەکانی نوسەر