سەرکەوتنی یەکێتی سەرکەوتنی کوردە لە کەرکوک

01:42 - 2023-12-14
عومەر قادر
245 خوێندراوەتەوە

عومەر قادر وسو


یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە رابردوودا لە گشت قۆناغەکانی شۆڕش و بەرەنگاری چی لە بەرژەوەندی کورد و مەسەلە نەتەوایەتییەکەیدا بووە لەو پێناوەدا کۆشاوە و خوێنی رشتووە، هەمیشە بژاردەکانی کێشەی کورد زۆربەی لەژێر دەستی یەکێتیدا بووە وەک هێزێکی نەخشێنەر و داهێنەر و کاریگەر بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلەکەمان لە گشت قۆناغە جیاجیاکان و رۆڵی سەرەکی  بینیوە. لە کاتێکدا لایەن و هێزی تر هەبوون لە کوردستان   دوژمنانی کورد هەوڵیانداوە ئەم بژاردانە لەژێر دەستی یەکێتی دەربهێنن و بیخەنە دەست هێزی تر کە دار دەست و جێبەجێکاری پلانە دوژمنکارییەکانیان بوون. 

کەرکوک گرنگترین شوێن و خاکی پیرۆزی کوردستانە کە بە درێژایی مێژوو دوژمنانی ناوخۆ و دەرەوە لە عەرەبی شۆفێنی و تورکە رەگەزپەرستەکان. 

چاوی تەماعیان بڕیوەتە ئەو بەشە گرنگە لە خاکی کورد، خاکێک کە بۆ یەکەمجار لە سەرتاسەری جیهان نەوتی تێدا دۆزراوەتەوە، لەبەرئەوە پێویستە ئێمەش بەها و گرنگی کەرکوک بزانین و مشتێک خۆڵی نەگۆڕینەوە بەهیچ دەسکەوتێک و هێز و توانای گەلەکەمان یەکخەین لەپێناوی پاراستنی کەرکوک و هاوبەشیمان لەو سامانە نەتەوایەتییە گرنگە. 
خۆشبەختانە هەوڵە نەزۆکەکانی ئەمدواییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگا لە کەرکوک سەرینەگرت، ئەم هەنگاوە مژدەبەخشە بۆ سەرکەوتن، زۆرینەی پێشبینیەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەنجامی باشتر بەدیدەهێنێت بەتایبەتی رێژەی دەنگەکانی یەکێتی روو لە هەڵکشانە، هەر لەبەرئەوەشە یەکێتی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئەرکە مێژووییە گرنگە باری زۆر قورسی خستۆتە سەرشانی خۆی و ئەندام و دۆست و لایەنگر و خەڵکە شۆڕشگێڕ و رەسەن و دڵسۆزەکەی کەرکوک. بەو شێوەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خەمی کەرکوک و دانیشتوانی گرتۆتە ئەستۆ هەمیشە داکۆکیاری بێ هاوتا بووە و لەپێناوی ئەم شارە دێرینەی کورد دا جەنگاوە. 
لەبەرئەوە پێویستە رۆڵە دڵسۆز و گیان بەخت کردووەکانی کەرکوکیش ئەم راستیە لەبەرچاوبگرن و بەهەند وەریبگرن لەپێناوی کورد و کەرکوک و  سەرکەوتنی یەکێتی لە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوکدا. 

1- لە یەکەم رۆژەکانی دامەزراندنی (ی.ن.ک)وە چاوی ئومێدی بڕیوەتە کەرکوک و بایەخ و گرنگی پێداوە، لەو پێناوەدا لە پێکهاتەی یەکێتی رۆڵی گرنگی بەڕۆڵە جوامێرەکانی کەرکوک و دەوروبەری بەخشیوە، تاکە هێز بووە لە کوردستان لەدوای ئاشبەتاڵەوە کە دوژمنی بەعسی هەراسان و گێژ کردبوو لە کەرکوک و دەوروبەر، لە راپەڕینی (1991) یش توانی تاجی سەرکەوتن بکاتە سەری ئەم شارە دێرین و ئازیزەی کورد و کەرکوکی بەقودسی کوردستان ناوزەد کردووە.

2- لە سەردەمی حوکمڕانی یەکێتیدا بوو، ئەو کاتە کە هەڤاڵ رزگار عەلی پارێزگاری کەرکوک بوو، هەوڵەکانی یەکێتی سەریگرت بۆ دووبارە گێڕانەوەی ناوی پیرۆزی کەرکوک لەبری ناوە سەپێنراوەکەی سەردەمی بەعسی روخاو (التأمیم) و گێڕانەوەی ناوی گەڕەک و کوچە و کۆڵانەکانی شار بۆ ناوە راستەقینە و کوردییەکەی پێشوو. 
3- لە هەمووی گرنگتر کە پێویستە دانیشتوانی کەرکوک لەبەرچاوی بگرن، تاکە لایەن لە کوردستان هەوڵی مانەوە و پاراستنی ناسنامەی کەرکوکی داوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە. لە هەمان کاتدا هێز و لایەن لە هەرێم هەن کە داردەست و نۆکەری بێگانەن، گەرەکیانە و بەئاشکرا هەوڵدەدەن کەرکوک رادەستی دوژمنانی کورد بکەن لەپێناوی مانەوەی خۆیان و لە کەمیی نفوزیان لە کەرکوک و دەوروبەری هەر وەکو بینیمان لە رادەستکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە عەرەب و پیلانە کوشندەکەیان لە رێگەی ڕیفراندۆمە ساختەکەیانەوە هەوڵیاندا کەرکوک بە دەردی کۆبانێ بەرن و رادەستی دوژمنی بکەن و پێشوەختە سەفقەیەکی سیاسی مادییان لەوپێناوە مۆرکرد بوو بە رادەستکردنەوەی پانتاییەکی زۆری هەموو ئەو شوێنانەی کە بەخوێن رزگار کرابوون.
4- جگە لەوە، دەسکەوتەکانی یەکێتی لە میانەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری ئەو شارە و رێکخستنەوەی دانیشتوان و هەوڵەکان لەپێناوی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و داکۆکی و بە زیندوویی هێشتنەوەی ماددەی (140)ی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان، داکۆکی نوێنەرەکانی یەکێتی لە پەرلەمانی عیراق لە مافەکانیان، هەموو ئەوانەی بەئەرکی خۆی زانیوە.
5- پێویستە خەڵکی رەسەنی کەرکوک بەگشت پێکهاتەکانییەوە ئەو حەقیقەتە لەبەرچاو بگرن کە خەڵکانی دڵسۆزی کورد چاوی ئومێدیان لەسەر دەنگ و هەڵوێستی جوامێرانەی ئەوانە، بڵێین و نەڵێین کەرکوک پارسەنگی هێزە بۆ مانەوەی قەوارەی هەرێم، بەشداریکردنی جەماوەری بەرفراوان سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن مسۆگەر و دێنێتە کایەوە. وێڕای ئەوە پێویستە دەنگیان دەنگی یەکێتی بێت، چونکە ئەگەر وانەکەین کورد زەرەرمەند و دوژمنانمان دڵخۆش و کەرکوک و دانیشتوانە کوردپەروەرەکەی و یەکێتی زەرەرمەند و باجی گەورە دەدەن، ئەوکاتە دوور نییە بمانگێڕنەوە بۆ سەردەمی (التأمیم) . 
6- ئەم هەڵبژاردنە وەک تاقیکردنەوەیەک وایە بۆ کەرکوکییەکان، چەسپاندن و دەستڕاگەیشتنیان بە ژیانی شارستانی و ئاوەدانی و دیموکراسییە، لە هەمانکاتدا سەرکەوتنمان لە هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکوکدا مشتەکۆڵەیەکی بەهێزە بۆ هێزە تیرۆریستەکان لە ناوەوە ، بۆ هەندێک لە هێز و دەزگا هەواڵگرییەکانی دەرەوە کە یارمەتی تیرۆر و ئاژاوەنانەوە لە نێوان پێکهاتەکانی دانیشتواندا دەدەن. 

دەبا قۆڵی مەردانەی لێهەڵکەین و رۆژی هەڵبژاردن سندوقەکانی دەنگدان پڕبکەین لە دەنگی سەوز. خەونی ناحەزان لەگۆڕنێین و نەوەی نوێ و ئایندە لە سایە و سێبەریدا ئارام ئارام بە ئاسودەیی بژین.

وتارەکانی نوسەر