لە یادوەریی مانگرتنی ساڵی1991دا

11:11 - 2023-12-07
عومەر قادر
282 خوێندراوەتەوە

عومەر قادر وسوو



مانگرتن شێوازێکی نوێی خەباتی جەماوەریی مەدەنی بوو،  کورد لێرەوە پێینایە قۆناغێکی نوێ بۆ بەدەستهێنانی ماف  و داوا رەواکانی کە ئەو رۆژانە بەعسییەکان وڵاتیان غەرقی کوشتن و بڕین کردبوو. 
ئەو رۆژانە کۆمەڵێک گەنجی لەخۆ بوردوو کە ژمارەیان 25 کەس بوو، رۆژی 05-12-1991 لە سلێمانی چوونە بەردەم نووسینگەی کۆمیسیاری باڵا بۆ کاروباری پەنابەرانUNHCR، یاداشتێکی حەوت خاڵییان پێشکەشکرد و مانگرتنیان لە خواردن راگەیاند، لە وەرزێکی سارد و سەرمادا بڕیاریاندا تا ئەو کاتەی وەڵامی سەرجەم داواکارییەکانیان دەدرێتەوە وازنەهێنن. 

داواکرابوو رێگریی لە گەڕانەوەی بەعس بکرێت
لە یاداشتەکەیاندا جارێکی تر نیەتی گڵاوی بەعسیان بۆ پەلاماردانەوەی کوردستان و مانەوەی ئاوارەکانی کەرکوک و خانەقین و دەربەدەربوونیان و نەگەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان و خەمساردی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری 688 کە تایبەت بوو بە ئاساییکردنەوە و هێمنکردنەوەی رەوشی ناوخۆی عیڕاق و فراوانکردنی هێڵی پانی 36 بۆ 34 بگوازرێتەوە تا کورد پارێزراو بێت. داوایان کردبوو گیراوە سیاسییەکانی لای رژێم ئازاد بکرێن و ئابڵووقەی ئابووری لەسەر کوردستان لاببرێت. 
دوای دوو رۆژ  ئەم مانگرتنە سەرتاسەری کوردستانی گرتەوە، جەماوەری رانیە بۆ پاڵپشتیی ئەوان لەبەردەم بارەگای UN لە رانیە مانیانگرت، جەماوەری قەڵادزێش رێپێوانێکی هێمنانەیان نیشاندا بەرەو رانیە،  دوای ئەوە لە هەولێر و دهۆک و ئامێدی مانگرتن دەستیپێکرد.
مانگرتن دەنگی باشی دایەوە لە راگەیاندنە جیهانییەکان باس دەکرا و چاودێریی دەکرا.
 مانگرتوان دەریانخست کە گەلی کورد ساڵەهایە بە ناچاری پەنای بۆ چەک بردووە، گیانی ئاشتیخوازانەی کوردیان زاخاو دایەوە، مێژوو دەبێ شانازی بەم شێوە خەباتەی ئەو پۆلە خۆبەخشەوە بکات کە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

نەتەوە یەکگرتووەکان  وەڵامی دانەوە
نەتەوە یەکگرتووەکان هاتە سەرخەت و پەیوەندییان بە سەرۆک مام جەلال-ەوە کرد، هاوسۆزی خۆیان دەربڕی و بەڵێنیاندا کار بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانی مانگرتوان بکرێ. 
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەغدای ئاگادار کردەوە کە ئابڵووقەی ئابووری هەڵگرێت و ئەمریکییەکانیش نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان ئاگادارکردەوە کە پشتیوانی ئاوارەکانی کەرکوک دەبن بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانی خۆیان . 
مانگرتن دەریخست کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەسەڵاتی بەعسیان قبووڵ نییە و رەفتاری فاشیانەی ئەوان لەگەڵ ژیانی سەردەمدا نەگونجاوە، خوازیاری رژێمێکی دیموکراسیخوازن کە حوکمیان بکات. 
خەباتی مانگرتوان گیانی سەدان هەزار کەسیان لە مردن رزگار کرد و شکۆ و هێزی جەماوەریان پیشان دا کە ئەگەر هەرکات مەبەستی بێت چی بەربەست بێتە رێگەی  رای دەماڵێ و ورد و خاشی دەکات. 
هاوپەیمانان ئەوکاتە بڕیاریان دا هێزی چەکوشی ئامادە لە تورکیا بهێڵنەوە بۆ ئەوەی ماوە نەدەن جارێکی تر رژێمی عیراق، پەلاماری کوردستان بداتەوە، تورکیاش رازی بوو لەسەر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە تورکیا.  
هاوپەیمانان بەڵێنی گەڕانەوەی هەموو ئاوارەکانی کەرکوک و جێبەجێکردنی بڕیاری 688 ی نەتەوە یەکگرتووەکانی دا. لەسەرووبەندی رۆژانی مانگرتندا، کۆنگرەی ئاشتی لە مەدرید بەسترا و ئێمەش خوازیار بووین کێشەکانی ئێمەش لەو کۆنگرەیەدا بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە لەگەڵ حوکمڕانانی عیراق . 
هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی مانگرتن تا دوا رۆژەکانی، مامی گەورەمان سات بە سات لەگەڵ ئازار و مەینەتییەکانی مانگرتوان بەشدار و لە پەیوەندیدا بوو، خەمی  گەورەی گەڕانەوەی دانیشتوانی کەرکوک بوو بۆ زێدی خۆیان و هەمیشە پشتیوانیی خۆی و ی.ن .ک ی بۆ دووپات دەکردنەوە، پەیامەکانی خۆی و مژدەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەوانی پێ رادەگەیاندن و هەمیشە لەسەر خەت بوو لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بۆ گەیاندنی پەیام و داواکارییەکانیان.

لەدەنگی گەلی کوردستانەوە داواکرا
لەو کاتەدا ئێستگەی دەنگی گەلی کوردستانیش پشتیوانێکی گەورەی مانگرتوان بوو، بۆیە وەک ئەندامی شەرەفی (26)ەم لەلایەن مانگرتووەکانەوە قبووڵ کرا، هەر لێرەشەوە مامی گەورەمان پەیامێکی ئاراستەی مانگرتوان کرد کە دەنگی زوڵاڵی ئەوان بە دنیا گەیشت و داوایلێکردن بەدەم داوای بەرەی کوردستانییەوە بچن، بە گوێیان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە مانگرتن، ئەوە بوو رۆژی 14-12 کۆتایی بە مانگرتن هێنرا. پێویستە دان بەو راستییەدا بنێین، مانگرتن ئەزموونێکی تازە بوو، خەباتی مانگرتن خەباتێکی کورتخایەن بوو، لە ئەگەری بایەخ پێدانی دڵسۆزان و رۆشنبیرانی گەلەکەمان بەرهەمی باش بەدەستدێنێ و گەلەکەمان سەلماندی هۆشیار و زیندووە و ئامادەی خەبات و قوربانیدانە تا سەرکەوتن.

 

مانگرتن وەک شێوازێکی نوێی خەبات، ئامانجی خۆی پێکا

وتارەکانی نوسەر