لە پێناوی پاراستنی شکۆی مامۆستادا

10:00 - 2024-02-22
عومەر قادر
196 خوێندراوەتەوە

مامۆستایان هەمیشە هەوڵی بێوچانیان داوە لە پێناوی بەرەوپێشبردنی پەروەردە و فێرکردندا، لەکاتێکدا هەرێمەکەمان تووشی چەندین کێشە و قەیران هاتووە بەهۆی خراپیی باری ئابوورییەوە، ئەوەش کاریگەریی بەسەر هاووڵاتیان بە گشت چین و توێژەکانییەوە هەبووە، مامۆستایانیش بەدەرنەبوون لەو مەینەتییە گشتییە دروستکراو و سەپێنراوە. 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە خۆی بە پشتیوان و داکۆکیکاری راستەقینەی خەڵک زانیوە، بۆ بەدیهێنانی داوا رەواکانیان بە پەروەردەکارانیشەوە کە لە رابردوو و ئێستادا رۆڵی پێشڕەوییان هەبووە.
هەر بەم شێوەیەش لە چەند مانگی رابردوودا مامۆستایان لەبری خۆیان و بەرژەوەندیی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم و خوێندکاران بڕیاری بایکۆتیان راگەیاند بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، وەکو بەرگرییەک لە مافەکانیان. 
رێگەچارەیەکی سەردەمیانە
دیارە بایکۆت رێگایەکی سەردەمیانەی هاوچەرخە، دەرفەتی باشی بەخشی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەلایەن مامۆستایانەوە، بە  خەباتێکی جوان و شیاو بۆیان هەژمار دەکرێ، چونکە ئەوان رێگەی ئاژاوە و کاری نەشیاویان نەگرتەبەر و سەلماندیان پێش هەموان خۆیان بە خەمخۆری پەروەردە و داهاتووی وڵات دەزانن. 
بۆ ئەم رۆڵە جوامێرانەیەی مامۆستایان، ی.ن.ک هەمیشە خۆی لە بەرەی مامۆستایان و کۆمەڵانی خەڵکدا دەبینێتەوە، هەر لەم روانگەیەوە نەیتوانیوە داواکانیان رەتبکاتەوە و پشتگیریی کردوون و هەقی پێداون، خەمخۆرانە لەگەڵیاندا لەسەر هێڵ بووە تا کۆتایی بە کێشەکانیان و بایکۆتەکەیان بهێنن کە زیانی گەورە لە خوێنداکاران دەدات و ئەگەر کۆتایی پێ نەهاتایە لەوانەبوو خوێندنی ئەمساڵیان دوابکەوتایە.
دوا هەوڵ لەگەڵیاندا ئەوە بوو کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵیاندا کۆبۆوە و گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بایکۆت بشکێنن بەرامبەر ئەوەی داواکانیان جێبەجێبکرێت.   
پێویستە سەرۆکی حکومەتیش ئەم هەوڵانە لەبەرچاو بگرێت و هەرچی زووترە هەوڵی جدی بدات تا کێشەکانی مامۆستایان و سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم جێبەجێبکرێت، چونکە ناکرێت کەسێک کاربکات و لەگەڵ یەکێک لە وەزارەتەکاندا گرێبەستی هەبێت، بەڵام لە کۆتایی مانگدا مووچەی نەدرێتێ، ئەوە دەبێتە هۆی تووڕەیی بێزاریی.
بەو هیوایەی مامۆستایان پشوودرێژتربن، دڵی خوێندکاران خۆش بکەنەوە و ئومێدی ئاساییبوونەوەی ئەو رەوشە نالەبارەی ئێستایان پێبدەن، لەپێناوی چەسپاندنی رێبازی راست و راستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکان.  
ئەرکی گشت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمە کە گوشار بکەن، تا حکومەت بە سەرۆکەکەشییەوە بێنە سەرخەرت و هەموان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و ئەم قەیرانە چارەسەر بکەن.

سلێمانی کانگای ئازادی و دەربڕینی  خواستەکانی خەڵکە

وتارەکانی نوسەر