ساڵی 2023 ساڵێكی شووم و خوێناوی

10:29 - 2023-12-26
نەوزادی موهەندیس
176 خوێندراوەتەوە

نەوزادی موهەندیس



وا هێواش هێواش بەرەو كوژاندنەوەی مۆمی تەمەنی ساڵی 2023 هەڵدەكشێین و لە خاڵی كۆتایی نزیكدەبینەوە و ماڵئاوایی لێدەكەین و رەنگە زۆرینەشمان هیچ كات ئاواتی بۆ نەخوازینەوە و هەمیشەش بە ساڵێكی خوێناوی و پڕ ململانێ گەرمەكانی كوردستان و عیراق و ناوچەكە و جیهانیشی ناوزەد بكەین، بۆیە لەساڵی نوێی 2024دا ناڵێین خۆزگەمان بە پار.
ئەگەر بەكورتی و وەكو شریتێكی سینەمایی لە لوتكەی  كۆتایی ساڵی 2023وە سەیری رووداوەكانی ئەو ساڵە بكەین، دەبینین كە ساڵی 2023 ساڵێكی پڕ خەم و مەینەتی ناتەبایی و دڕدۆنگی و مملانێی ناڕەوا و خوێناوی بووە.

ساڵی 2023 لەكوردستاندا

 كورد لە هیچ كام لە بەشەكانیدا بێ كێشە و ململانێ نەبووە، لەلایەك لە ناوخۆی خۆیدا و لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ وڵاتە سەردەست و داگیركارەكانیدا لە ناوچەكەدا. لە هەرێم ساڵێكی پڕ رووداو و لێكترازانی ریزەكان و ناكۆكی و ململانێی توندی راگەیاندن و قۆڵبادانی یەكتری و تۆران و ئاشتبوونەوەی نێوان هەموو سەركردە و لایەنە سیاسیەكان بووە و ساڵی نەمانی شەرعییەتی دەسەڵاتی پەرلەمان بووە و ساڵی هەژاركەوتن و برسیكردنی میللەت و رادەستكردنی تەواوی دۆسێی نەوتی كوردستان بووە بە بەغدا و بەوەش یەكێك لە پایە گرنگەكانی دەسەڵات و ئەزموونەكەمان لەدەستدا و لاواز و بێهێز ماینەوە و ساڵی بێ مووچەیی و نەمانی كار و بڵاوبوونەوەی بێكاری و ساڵی ناڕەزایی دەربڕینی مووچەخۆران و مامۆستایان و بوونی ململانێ حزبیە ناوخۆییەكان و دابەشبوونی كورد و هەڵوێستەكانی بووە بەسەر دووبەرەی جیاوازدا كە هەموویان بوونە مایەی بچووكبوونەوە و لاوازیی دەسەڵاتە شەرعییەكانی كوردستان، بەهۆی زاڵكردن و تۆخكردنەوەی بیروڕا حزبییەكان و تێكدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و بەلاوازی چوونەوە و گەڕانەوە بەردەم بەغدا تەنها بۆ پێدانی مووچە و شایستە رەواكانی گەلەكەمان و لەبیركردنی گەڕانەوەی خاك و جێبەجێكردنی مادەی 140 و كێشە گەورە و نەبڕاوەكانی چەندین ساڵەی رابردوو، ئەمەش هەمووی بەهۆی ململانێی ناوماڵی كوردەوە.
لە بەشەكانی تری كوردستانیشدا جگە لە هەندێك هەنگاوی گەشاوەی وەكو نووسینەوەی دەستوور لە رۆژئاڤا و خۆپیشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و لەباكووریش بەردەوامیی شەڕی سیاسی و چەکداری، بەڵام بە تێكڕا بۆ ئەوانیش ساڵی بێدەنگكردن و بچووككردنەوەی هێزە كوردییەكان بوو، ساڵی هێرشبردنی ناڕەوای توركیا بوو بۆ سەر رۆژئاڤای كوردستان و ساڵی جەنگی درۆنەكانی توركیا بوو بۆ سەر باشووری كوردستان.

ساڵی 2023 لە عیراقدا 
بەهەمان شێوەی كوردستان عیراقیش بە خراپیترین شێواز گیرۆدەی ململانێ ناڕەواكانی نێوان سەركردە و حزبە سیاسییەكان و میلیشیا چەكدارەكان بوو كە حكومەتیان لە پەلوپۆ خستبوو،  ساڵی 2023 ساڵی خۆپیشاندان و ململانێ و ناڕەزایی و هەڵكوتانە سەر پەرلەمان و حكومەت بوو لەلایەن سەدرییەكانەوە و ساڵی بەستنی هاوپەیمانیی سیاسی دژبەیەك بوو، ساڵی دابەشبوونی سیاسی بوو بۆ دووبەرەی دژ بەیەك، ساڵی ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران بوو لەسەر خاكی عیراق و ساڵی كردار و پەرچەكرداری سەربازیی بوو لەنێوان ئەمریكا و هەندێک میلیشیادا كە هەندێك لەو هێرشانە کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان. 
ساڵی 2023 لەڕووی ئابووریشەوە بۆ عیراق بەهۆی بەرزیی نرخی نەوتەوە ساڵێكی پڕ داهات بوو، بەڵام وەكو پێشووتر ساڵی چەقبەستوویی گەشەكردن و گەڕانەوەبوو بۆ دواوە و سووڕانەوە بوو لە بازنەیەكی بۆشدا. 
لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشدا ساڵی لێكتێنەگەیشتن و نەگەیشتن بوو بە رێكەوتنی سیاسی و ئابووری و ساڵی قووڵبوونەوە و بەردەوامبوونی كێشەكانیش بوو.

ساڵی 2023 لە ناوچەكەدا

هەمووان لەلایەك بەهۆی بەردەوامبوونی كێشە و ململانێ سیاسی و ئابوورییە درێژخایەنەكانی ساڵانی رابردوو و لەلایەكی تریشەوە بەهۆی هەڵایسانی جەنگی حەماس-ئیسرائیل لە 7 ئۆكتۆبەرەوە (گەردەلولی ئەقسا) وە تائێستا ناوچەكە كەوتۆتە بەر مەترسیی فراوانبوونی ئەو جەنگە و پەلوپۆهاویشتن بۆ وڵاتانی دیكە و هەژموونی خۆی سەپاندۆتە سەر هەموو بوارەكانی ژیان و هیچ وڵاتێك لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەست بە ئاسایشی خۆی ناكات، هەرچەندە لەنێوان دوو جەمسەرەكە مەزهەبییەکەی ناوچەکەدا ئاشتەوایی رووکەش روویداوە لەسەر دەستی چین و ئاشتبوونەوەی توركیاش بەهەمان شێوە لەگەڵ ئیمارات و سعودیە و میسر و ئیسرائیل و ئاشتبوونەوەی قەتەر لەگەڵ هاوپەیمانیی عەرەبیدا  (وڵاتانی كەنداو +میسر). هەروا ئیمزاكردنی رێكەوتننامەی ئاشتی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ هەریەكە لە عومان و ئیمارات و بەحرەیندا، بەڵام هێشتاش كێشە و ململانێكان بەهێواشی لەسەر ئاگرێكی هێواش لەهەر ئانوساتێكدا ئامادەن بۆ تەقینەوە.

ساڵی 2023 لەسەر ئاستی جیهاندا 

نزیكەی دوو ساڵە جەنگی روسیا- ئۆكراینا هەڵایساوە و تائێستاش بەتوندی بەردەوامە و بە هەزاران قوربانی لێكەوتۆتەوە و بە ملیاران دۆلاریش زیانی مادیشی لێ کەوتۆتەوە و ئەم جەنگە بووە بە هۆكاری سەرەكی تێكچوون و ناجێگیریی باری سیاسی و ئابووری و بازاڕ  و ئارامی و ئاسایشی تەواوی جیهان و ئەو جیهانەشی دابەشكردووە بەسەر دوو بەرەی دژبەیەكدا و بەتایبەتیش ئەوروپا و ئەمریكای خستۆتە بەرەی پشتیوانی لە ئۆكرانیا و روسیا و چین و كۆریای باكوور و ئێران و ...هتد. خستۆتە بەرەی دژەوە و ئیدی ململانێكان بەردەوامن و تەواوی گۆی زەوی بۆتە قوربانیی ئەم جەنگە و ژیان و گوزەرانی لە هەموان تێكداوە و راوەستانێكی ئابووریی گەورەی خستۆتەوە و نرخی كاڵا و پێداویستی و سووتەمەنی و وزەی لە جیهانیشدا بەرزكردۆتەوە. 
لەولاشەوە كێشەی گۆڕانی كەشوهەوا و ژینگەی جیهان بۆتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر هەموان.
ئیدی بەم شێوەیە ساڵی 2023 ساڵێكی ناجێگری سیاسی و ئابووری و ئەمنی و ساڵی بڵاوبونەوەی برسێتی و بێكاری بووە بۆ هەموان، بەهەق ئەم ساڵە بۆ هەموان ساڵێكی شووم و پڕ كارەسات و رووداوگەلێكی دڵتەزێن و ساڵێكی خوێناویی بوو.
هەربۆیە هەموان ئاواتەخوازن هەرچی زووە تێپەڕێت، بەو ئومێدەی ساڵی 2024 وەك ساڵێكی نوێی مژدەبەخش دەستپێبكات و ببێتە مایەی توانەوە و رەوینەوەی خەم و پەژارە و نەهامەتی و كۆتایهاتنی جەنگ و ململانێ خوێناوی و ناڕەواكان و دەستپێكی قۆناغێكی نوێ بۆ هەموان لە گەشە و پێشكەوتن و بەرقەراربوونی ئاشتی و پێكەوەژیانی گەلان، دوور لە پەتا و برسێتی و نەخۆشی و جەنگ و كاولكاری و ئاوارەبوون.

وتارەکانی نوسەر