پارێزگاریكردن لە ئاشتی سەختترە لە دروستكردنی، هەربۆیە چەسپاندنی ئاشتیی و بەرقەراركردنی لەنێوان یەك كۆمەڵگە و وڵاتدا، یان لەنێوان دەرودراوسێ و دواتریش تەواوی جیهاندا هەمیشە خواست و ویستی تاك و خێزان و كۆمەڵگە مرۆڤایەتییەكان بووە و هەمیشەش سەركردە كارێزما و بەتوانا و خەمخۆر و دادپەروەرەكان لەهەوڵی بەرقەراركردنی ئەو ئاشتییە كۆمەڵایەتیەدابوون لە نێوان چین و توێژە جیاوازەكان و هەوڵیانداوە كە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و ناوچەییەكان نەبنە هۆكاری دڕدۆنگی و لێكترازانی ریزەكان و هەڵایسانی جەنگ و ململانێ و مرۆڤەكان دەستیان نەچێتە خوێنی یەکتری و هەمیشە كاریان كردووە بۆ بنەبڕی چەوساندنەوە.
ئاشیتخوازەكان لە چەمكی ئاشتی تێدەگەن
ئەو سەركردە ئاشتیخوازانە، باش لە مانا و چەمكی ئاشتی تێگەیشتوون و زانیویانە تەنها لەسایەی ئاشتیی و تەباییدا دەتوانرێ گەشە و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری بەدی بێت، بە پێچەوانەوە لەسایەی جەنگ و ململانێدا هەمیشە كاولكاری و وێرانی بێكاری و برسێتی و تاوان زیاددەبێت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە گرێژەنە دەردەچن.
جەنگ و كاولكاری
لەگەڵ هەموو ئەم راستیانەشدا، جیهان و مرۆڤایەتی دوورنەبووە لە جەنگ و كاولكاری و ململانێ و داگیركاری، هەموو پاڵنەرەكانیش بۆ ئەو جەنگە ناڕەواو و ماڵوێرانەكەرانە، خواست و ویستە نەرجسییەتەكانی سەركردە و تاكڕەوەکان بووە بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتەكانیان و تێركردنی غەریزەکانیان و دەستگەیشتنیان بە خواستە دیکتاتۆرانەکانیان. بەهەمان شێوە بێئاگا لەو راستییەی كە سەركەوتنە راستەقینە و هەمیشەییەكان ئەوانەن كە لە ئاشتییەوە دێن، نەك سەركەوتن لە جەنگەكاندا.
ویستی ئاشتی زیاترە لە جەنگ
خۆشبەختانە لەم سەردەمی تەكنۆلۆژیا و هۆكارەكانی پەیوەندیی و میدیا و بەجیهانبووندا، مرۆڤایەتی بەگشتی پێكەوە كاردەكەن بۆ سەقامگیریی و بەرقەراركردنی ئاشتییەكی راستەقینە لە جیهاندا و ویستی مرۆڤایەتی بە پێشكەوتوو و دواكەوتووەوە ئاشتی و پێكەوە ژیانە و بەهێزترە لە ویستی شەڕەنگێزی.
ئێستا مرۆڤایەتی بەگشتی دژبە جەنگن و هەموان داوای پاراستنی مافی مرۆڤ دەكەن. بۆیە بۆیە ئومێد وایە دواجار ئیرادەی چەسپاندن و بەرقەراكردنی ئاشتی لە جیهاندا سەربكەوێت.
زیندووترین نموونەش هاوئاهەنگی و یەك هەڵوێستی و یەك ئیرادەیی گەلانی جیهانە بۆ سەپاندنی ئاشتی و راگرتنی ئەم دوو جەنگە خوێناوییەی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل و روسیا و ئۆکرانیایە كە زۆرینەی قوربانیانی هەردوو جەنگەکە ژنان و منداڵان بەتەمەنەکان و خەڵکی بێتاوانی هەر چوار لایەنە بەشەڕهاتووەکەیە.
خۆپیشاندانە جەماوەرییە فراوانەكان لە ئەوروپا و ئەمریکا و تەنانەت لەناو جالییەی جووەكانیشدا و لە ئیندۆنیسیا و مالیزیا و ئوسترالیا و ... هتد، مانا و ئاماژەیەكی گرنگن بۆ زیندوو مانەوەی ویژدانی مرۆڤایەتی و دەرخەری ئەو راستییەن كە مرۆڤایەتی لە تەواوی جیهاندا پێكەوە گرێدراون و هەموان لە ئازار و نەهامەتییەكاندا یەكن و بۆ ئەم سەردەم و قۆناغەش جەنگ و ململانێكان راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ كاریگەریی گەورە دەكەنە سەر باری سیاسەت و ئابووریی و كۆمەڵایەتی و ئەمنیی هەموان، بۆیە پێكەوە لە هەوڵی چەسپاندنی ئاشتییەكی هەمیشەیی و راستەقینەدان بۆئەوەی چیدی جەنگ باڵ نەكێشێت بەسەر جیهاندا و هەموان دروشمی ئاشتی و نەفرەت لە جەنگ دەڵێنەوە.
کەسە ئازاکان ئاشتی دەهێننە کایەوە
وەك دەوترێ هەمیشە ئاشتی لەلایەن كەسە ئازاكانەوە دەهێنرێتە کایەوە و پارێزگاریشی لێدەكرێت، بەپێچەوانەوە كەسە ترسنۆك و بەرژەوەندخواز و نەرجسییەكان پەنا دەبەنە بەر هەڵایسانی جەنگ و كاولكاری. خۆشبەختانە ئێستا دەنگی ئاشتیخوازان بەهێزترە لە دەنگی شەڕخوازان.
هەربۆیە پێویستە لەپێناوی پاراستنی مرۆڤایەتی و ئەم شارستانێتییە پێشكەوتووەدا، ئاشتیەكی راستەقینە بۆ هەموان بەرقەرار ببێت بەبێ گوێدانە جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەكان.
ئاشتی وەک بنەمای خۆشگوزەرانی
بۆ چەسپاندنی ئاشتی دەبێت هەموو مرۆڤایەتی ئامادەبێت بۆ جەنگان لەو پێناوەدا، چونكە هەمیشە ئاشتی بنەمای خۆشگوزەرانی و پێشكەوتن و گەشەكردن و پێكەوەژیان و دادپەروەریی كۆمەڵایەتییە.
دیمەنەکە شوێنەواری جەنگە، نەک کارەساتی سروشتی