له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
كه‌ركوكییه‌كان ده‌یانه‌وێت سبه‌ینێ چۆن بێت، ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه پێویسته ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت كه‌ركوك به‌ڕێوه به‌رن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه و لێیتێبگه‌ن.
كه‌ركوك له ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسییه‌كاندا هه‌وڵی زۆر بۆ له شارخستنی درا، به‌عس و هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاته كورتبین و ده‌شته‌كییانه به مانا نه‌رێنێكه‌ی كاریان لەسەر لە شارخستنی شاره، هه‌ندێكجار ئه‌م كاره وه‌ك پڕۆژه به‌ڕێوه‌ده‌چێت بۆ نموونه به‌عسییه‌كان ده‌یانویست تكریت له‌ڕووی شاربوونه‌وه بخه‌نه سه‌روو به‌داوە نه‌ك تكریت بگره عۆجەش، ئه‌مه له هه‌ستی خۆ به‌كه‌مزانی و دواكه‌وتووییانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه ره‌نگه لێره‌دا بواری ئه‌وه‌مان نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌ڵوێسته بكه‌ین، بۆ نه‌خۆشه ده‌رونییه‌كانی كورسی و ده‌سه‌ڵات له زۆر شوێنی ئه‌م دونیایه زۆر بایه‌خ به شوێنه‌زا ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێت دره‌وشاوه‌تر بێت له شوێنه‌كانی تر.
كه‌ركوك له سایه‌ی به‌عسدا به‌چه‌ند جۆرێك هه‌وڵی له شارخستنی ده‌درا، پڕۆسه‌كانی عه‌ره‌باندن، به‌عساندن، تاراندن هه‌روه‌ها لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناسنامه به‌شێك بوون له‌و كاره، له دوای 2003ه‌وه به‌شێك له كه‌ركوكییه‌كان له هه‌وڵی به‌رده‌وامدا بوون بۆئه‌وه‌ی كه‌ركوك بكه‌نه‌وه بەشار، به‌ڵام ئه‌م به‌شه سه‌ریان ته‌قی به سه‌ری خه‌ڵكانێكدا خراپتر له پێشوو هه‌وڵی له‌شارخستنی كه‌ركوكیان دا.
بۆئه‌وه‌ی شار بكرێته‌وه به شار، یه‌كه‌مین كار ئه‌وه‌یه خاوه‌نی گوتاری شاری بین، گوتاری شاری به‌و مانایه‌ی ئه‌و گوتاره دووربێت له هه‌ڕه‌شه و ناشرینكردن و جیاكاری و سڕینه‌وه‌ی ئه‌وی تر، گوتاری شاری به‌رهه‌می مرۆڤی شارییه، مرۆڤی شاری ئه‌و مرۆڤه‌یه ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ پێكه‌وه ژیانی جیاوازییه‌كان و جاده‌و بان و پارك و باخچه و سینه‌ما و مۆڵ و كافێ و گفتوگۆی شارستانییانە و كاركردن و جووڵه و خوێندنه‌وه نه‌رم ده‌كات، كه‌ركوك هێواش هێواش زۆرشتی لێسه‌ندراوه‌ته‌وه، كه‌ركوكییه‌كانی ئێستا وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ركی زۆریان له‌سه‌ره بۆئه‌وه‌ی ئاینده جیاواز نیشانبده‌ن، له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدان به‌شێك له جوانییه دزراوه‌كانی رابردوو بۆ ئاینده بگێڕنه‌وه، ئه‌مه سۆز بۆ رابردوو ناگه‌یه‌نێت، ئه‌مه به‌گژداچوونه‌وه‌ی دواخستنی به‌به‌رنامه‌ی شاره كه ساڵه‌هایه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
كه‌ركوكی سبه‌ی كه‌ركوكی كه‌ركوكییه‌كانه، ئه‌و كه‌ركوكییانه‌ی له مانی یه‌كتر ده‌گه‌ن و به‌چوار زمان باسی ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن و چوونه سینه‌ما و خوێندنه‌وه‌ی كتێب ده‌كه‌ن، گفتوگۆی ئاوه‌زیانه له بری گوتاری كوێربینانه، یه‌كه‌مین كارێك بۆ تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركوكییه‌كان و به‌شاركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك ئه‌وه‌یه ئاوه‌زی ناسیونالیستی ئه‌وی تر نه‌بین كه به‌شێكی له ته‌ك عه‌ره‌باندن و به‌عساندندا هاورده‌كراوه و بیسڕینه‌وه، سڕینه‌وه به مانای گۆڕینی ئه‌و ئاوه‌زه و فێركردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه، له‌م رووه‌وه ئه‌ركی كه‌ركوكییه‌كان قورسه و پێویستی به هێوری و پشوودرێژییه، به شاركردنه‌وه‌ی شارێكی وێران كاتی ده‌وێت، ئه‌مه‌یان وه‌ك له شارخستن نییه كه زۆر ئاسانه و ده‌توانرێت به ماوه‌یه‌كی كه‌م بكرێت.