جارێكیان بەرپرسێكی گەورەی حزبی لە شوێنێكدا وتبووی ئێمە لەوەتەی هەین، هەموو كورد قوربانی بۆ كەركوك ئەدەین، بە جۆرێك ئەوەی وتبوو كە گوایە كەركوك قەرزاری هەموو كوردە، من هەر ئەوكات بە كورتی بابەتێكم نووسی بەوجۆرە «هەر بەڕاست كەركوك و خەڵكی هەمیشە قوربانی ئەو ناوچەیە، قەرزارن یان قەرزیان لای حزبگەلی كوردستانە»، بیرم لەوە دەكردەوە كەركوك بە نەخشە جارانێكەی، بەو جوگرافیایەوە كە چەمچەماڵ و كەلار و كفریشی لەسەر بووە، لە كوێی كوردستان قوربانی نەداوە، ئەم جیاكاری و شارگەریە لەبری یەكانگیری لە نێوان كورداندا دروست بكات، دابڕان دروست دەكات، من وێڕای ئەوەی وتارگەلی یەكجار زۆرم لەسەر كەركوك نووسیوە و بەردەوام ویستومە ئازار و بەدبەختی ئەو شارە نیشان بدەم، بەڵام هیچ كات ئەو شارەم بە جۆرێك وێنا نەكردووە كە شوێنێكی تر بكرێتە قەزاوەگێڕی، كوردستان كوردستانی مەزن و لەهەر وڵاتێكیشدا كوردستانی داگیر و دابەش، هیچ شوێنێكی ناكرێت وانیشان بدرێت كە لە شوێنێكی دیكەی پیرۆزترە، وەك ئەوەی ئێستا زۆرجار لە زاری بەرپرس و پلەداری حزبیەوە ئەو جیاكارییە بە دیدەكرێت، كوردستان بەگشتی زێدەزای مرۆڤی كورد و ئەو خەڵكەیە كە لەسەری دەژین و دیرۆكێكی دورودرێژی هەیە، بەڵام دەكرێت ئەوە نیشان بدەین كە شوێنێكی لە شوێنێكی دیكەی زیاتر قوربانی داوە.
وێڕای ئەوەی وتارگەلی یەكجار زۆرم لەسەر كەركوك نووسیوە و بەردەوام ویستومە ئازار و بەدبەختی ئەو شارە نیشان بدەم، بەڵام هیچ كات ئەو شارەم بە جۆرێك وێنا نەكردووە كە شوێنێكی تر بكرێتە قەزاوەگێڕی
حزبی كوردی بۆ كەركوك و سلێمانی و هەولێر و هەر شوێنێكی دیكە، دەبێت بەوجۆرە كار بكات كە هەموو ئەندام و لایەنگری ئەون، چونكە لە هیچ بڕگەیەكی پەیڕەو و پڕۆگرامی ئەو حزبەدا، نەنوسراوە من تایبەتم بەو شارەو ئەركی من تەنها بینینی ئەو شارەیە و شوێنی دیكە نا، خۆ دەكرێت ئەندامی حزب هەبن وابیر بكەنەوە لەبەر ئەوەی لە باشووری كوردستان پەروەردەی حزبی و چۆنێتی مامەڵەكردنی ئەندام و لایەنگری حزبی لە تەك شوێن و ناوچە زۆر لاوازەو دەشێت بە نرخی نەبوون ئەژمار بكرێت، بەڵام ئەمە بۆ حزب كە لەهەموو گوند و شارێك ئەندام و هەواداری هەبێت و داكۆكی لە سیاسەتەكەی بكرێت كارێكی نەشیاو و نەكردەیە، بەرپرسیارێتیەكی گەورە لە ئەستۆی حزبی كوردییە، بەوەی ئەركی خۆی بەرانبەر هەر گوندێك، شار و شارۆچكە و ناوچەیەك بەو جۆرە لەئەستۆ بگرێت كە سبەینێی ئەو شوێنە لە ئەمڕۆی باشتر بێت، نەك ئەوەی بیەوێت ئەو شوێنە بدۆشێت و ئاوڕیشی لێنەداتەوە، وەك ئەوەی ئێستا بەو خەیاڵەوە كار دەكرێت .
لە نێو حزبگەلی كوردیدا، دوو حزبی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەركی زۆرتریان بەرانبەر هەر شوێن و ناوچەیەكی كوردستان دەكەوێتە ئەستۆ و ئەوان قەرزاری هەموو شوێن و ناوچەکانی كوردستانن، نەك بە پێچەوانەوە، بۆیە لەو روانگەیەوە بەتایبەت بەرانبەر خەڵكی كەركوك، بە نەخشە جارانێكەیەوە، واتە پێش هەڵوەشانەوەی كەركوك، زۆر ئەرك هەن دەبێت پارتی و یەكێتی بیگرنە ئەستۆ، كە ئەوە نەكەن خۆیان «حاجی كەسێكە بێكەس بۆ ئێوە قوڕ دەپێوێت».