بەر لەوەی قسە لەسەر هەڵبژاردنی كەركوك بكەم، دەبێت بڵێم لە دوای 2003ەوە دەبوو ئەگەر بە هەڵبژاردنیش نەبێت هەمیشە پەرلەمانی كوردستان، 10 كورسی بۆ خەڵكی كەركوك دابنایە، یانی ئەگەر بە دیاری كردنیش بێت 10 كورسیەكە نوێنەرایەتی پێكهاتەكانی كەركوكی بكردایە.
پێویستیی پێكەوە بوون لە كەركوك، بۆ ئەوەیە شوناسە كوردستانییەكە وەك خۆی بمێنێتەوە، با خەڵكێكیش هەبن نەیاری ئەو شوناسە بن
راستە زۆر لە مێژە پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری سیاسی بێ ئەرزش و بێ رۆڵكراوە، بەڵام پێویست بوو لەو پەرلەمانەدا نوێنەری كەركوك هەبوایە، ئەمەش لەو روانگە دەستووریەوە كە كەركوك بە قەد ئەوەی هی بەغدایە هی هەرێمیشە، بەندی سەت و چلی دەستوور، كەركوك و ناوچەگەلی دابڕێنراو لە كوردستانی ناو ناوە ناوچەگەلی كێشە لەسەر، با كێشەكە لە نێوان خاوەن ماڵ و میوانگەلێكی بە زۆر پێ داكوتیوشدا بێت، من ناوم نان میوان گەرچی ئەوان وەك میوان نەهاتوون و ئێستاش لە سەرگەڕان و داقوق خۆیان پێ خاوەنە و كوردیان پێ غەوارەیە.
ئێستا كە دیسان قسەو باسی هەڵبژاردن لە عیراق گەرمەو پەرلەمانی عیراقیش لە چاو پەرلەمانی كوردستانەوە پەرلەمانێكی بە سەنگ و دەنگە، پێویستە لە كەركوك كوردەكە بیر لەوە بكاتەوە، چی تر و بە هیچ بیانویەك دەنگی بە هەدەر نەچێت، لانی كەم شتێك نەكرێت كە دەنگی كورد بچێتە خزمەتی خەڵكی دیكەوە، وەك ئەوەی جاری تر وا كراوە، بابەتەكە ململانێی ناسیونالیستانەو شەڕی تائیفی نییە، بابەتەكە قەبارەو سەنگی خۆنیشاندانە لە شارێكدا كە سەت ساڵە دەیانەوێت لە بن چنگی كوردی دەربكەن، شارێك هاونیشتمانییەكی كورد نابینیتەوە تێیدا ئازار نەدرابێت مەگەر جاش و لۆمپەن، كە ئەوانەش لە دەستی بەعس رزگاریان نەبووە.
پێویستی پێكەوە بوون لە كەركوك، بۆ ئەوەیە شوناسە كوردستانیەكە وەك خۆی بمێنێتەوە، با خەڵكێكیش هەبن نەیاری ئەو شوناسە بن، خۆ بەعسیش نەك هەر نەیار دژ و جەلادی ئەو شوناسە بوو، بەڵام سەرنەكەوت، نەیتوانی كوردستانی بوونەكە بسڕێتەوە، كەركوك لە ئێستادا كوردستانییە لە چوارچێوەی عیراقدا، وەك چۆن دهۆكیش وەسایە، تێناگەم بۆ هەن لەمە دەچن بە حەوادا، نە پێویستە عەرەب و توركمان لەم شوناسە قەڵس بن بۆ كەركوك، نەپێویستە برادەری دیكەش لەم شوناسە گڕبگرن بۆ دهۆك، لە كاتێكدا دهۆك تیپی تۆپێنەكەی لە خولی عیراقدا گەمە دەكات و مووچەی پارێزگارەكەشی لە بەغداوە دێت.
هەموو هەڵبژاردنێك، ئێمە بە سیاسی و دەمڕاستی سیاسی كورد دەڵێین «برابن غایەتان سەك بێ برایی غایە یەك بوونە»، لێ ئەوان دەكەونەوە وێزەی یەكتر و هەندێكجار بۆ خستنی براكەیان، باوەش بە شەیتانیشدا دەكەن، شەیتان نەك پێكهاتەگەلی شار، ئەمە دەمێكە وتراوە، بۆ ئەوەی بۆڕت بدەم دەستی شەیتانیش دەگوشم، كە ئاوڕ لە دیرۆك دەدەینەوە، لەم یارییە قێزەونە زۆر دەبینین، كەچی كەس خۆی خەتابار ناكات.