هەر جارێك كە سەردانی مامۆستا لەتیف هەڵمەتی شاعیر دەكەم، بەشێك لە باس و خواسمان بابەتی كەركوك و ئەدەبی كەركوك و خەمی ئەو شارەیە، ئیشقی ئەو وەك چۆن بۆ كفری زێدە زا لە ترۆپكایە بۆ كەركوكیش وەسایە، هەموو جارێكیش هەندێك بە سەر و گوێی سیاسەتا دێین، سیاسەت ئەو بابەتەی وەك سزادان و تەنگپێهەڵچنین لای كەركوكیزادە رۆیشتوە، ئێ لە كەركوك دوو كەس دەمەقاڵەیەكیان ببێت ئەو بەوی دیكە دەڵێت بێم سیاسەتت دەكەم، لە شەڕی ژنانیشدا ئەوە دەوترێت، من بە گوێی خۆم گوێم لێبووە یەك بەوی دیكەی وتووە سیاسەتێكی باشم كرد. دەی دیارە ئەمە لە سەرووی سەرزەنشت و داشۆرین و سزاوەیە، ئێستا كە دەبینم ترەمپ بەو جۆرە سیاسەت دەكات كە نایەوێت نە یەكسان بوونی تیا بێت نە دۆڕان، هەرچەندە هەندێك جار تاكتیكی پاشەكشەش دادەنێت و لاسایی كەڵەشێری شامی دەكاتەوە لە هەڵمەتا، تێدەگەم كەركوكیزادە زۆر زوو لە مانا قووڵەكەی سیاسەت گەیشتوون، دەی خۆ ئەم قسانە رەها نین، من دۆستێكی پلەداری نێو حزبێكی سیاسییم هەیە، هەر بەڕاست لە رووە زانستییەكەوە سیاسەت دەكات و كورد وتەنی كەروێشك بە عارەبانە دەگرێت، نەك هەر ئەوە، دەبینی چارەكێك دوای هەڵاتنی كەروێشكەكە، ئەو هێشتا خەریكی ئامادەكردنی عەرەبانەكەیەتی، لەو سەریشەوە بە كەروێشكەوە دێتەوە .
با لە كەروێشك و عارەبانەكە گەڕێین و بێینەوە سەر بابەتی كەركوكەكەی لە مەڕ خۆمان، لەو رۆژانەی پێشوو، كشانەوەی دوو ئەندامی ئەنجومەنم لە بەرەی پێكهێنانی حكومەتی كەركوك بینی، دەستكێشانەوەكە لە حكومەتەكە بوو كەچی داوای بەشداریی كارای تۆراوەكانی پێشتریان دەكرد بۆ هاتنە نێو ئەنجومەن، تا داكۆكی لە شار و خەڵكەكەی بكەن و گەندەڵی لە قاو بدەن، راستییەكەی من ئەو راگەیاندنەم كۆڵێك پێخۆش بوو، چونكە بابەتی سیاسەتكردنە كەركوكیانەكەی بیرخستمەوە، ئەو دوو بەڕێزە خۆیان سیاسەت دەكەن نەك ئەوەی خەڵكی تر بەو كارە هەستابێت، ئەمەش ئەفراندنە لە سیاسەتكردنی خۆییدا، بەڵام بۆنی تۆران و زیزبوونیشی لێدێت، دۆستێك وتی ئەوەش لە خۆ سیاسەت كردنەوە بۆ ئەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا چەكێكیان بە دەستەوە بێت، لەڕاستیدا چەند هەڵبژاردنێكە ئاوەز لە پڕوپاگەندە و بانگەشەكەیدا نییە، لەبەر ئەوە، دەكرێت ئەمە وەك رێگەیەكی نوێ كاری لە سەر بكرێت.
لە سیاسەت و تۆران و ئاشتی و شەڕیشدا، زۆر گرنگە هەموومان ئەوەمان بیر بێت كە بەرپرسیارێتییەكی ئاوەزیانەی ئاكاریمان لەسەرە، كورد بۆ شەڕیش گوتویەتی « بەشی ئاشتیش بهێڵنەوە « هەر چەند زۆر جار ئەو بەشەی ئاشتیمان نەهێشتوەتەوە، بەڵام زۆر پێویستە بیرمان بێت ئەگەر بەختەوەری و ئارامی رووبكاتە شار، لە شوناسی نەتەوە و ئایین ناپرسێت و بۆ هەمووانە، وەك چۆن ئەگەر نەهامەتی و كوێرەوەریش رووبكاتە شار دیسان ناپرسێت پارێزگار كوردە یان عەجەم؟.
نیشتمان كچێك بێت وەك رۆزاناكەی كامەرانی شێركۆ بێكەس یان ماڵێك بێت بۆ پشوودان دەبێت بیپارێزین و لە خەمیدا بین.