لەم رۆژانەدا هونەرمەندانی كوردی كەركوك لە بۆنەی شانۆیی نێودەوڵەتی و عەرەبیدا خەڵاتیان چنیەوە، راستی من ئەوەی هەموویانم پێخۆش و لەبەر دڵان بوو، تایبەت ئەوی خاتوو هەوار، هەوار هونەرمەندێكی بوێر و بۆ شانۆ خەمڵیوە، ئەو بە دڵ نمایش دەكات و لە نێو كارەكتەری نمایشەكەدا خۆی ون دەكات، یان باشترە بڵێین ون دەبێت، ئەمەش گیانئاوێزانی شانۆیە، كە كەم كەس دەتوانن تێیدا بە سەركەوتویی بێنە دەرەوە، ئێمە لە كوردستان شانۆكاری وامان هەس بۆ نموونە گەزیزە عومەر، بە ئومێدم ئەو خاتوونە بەردەوامی بدات بە كارەكەی و تێیدا هەمیشە سەربەرز و سەرفراز بێت، كەركوك لە كاتی خۆیشیدا لە شانۆدا بە شانۆیی تەقینەوە كارێكی مەزنیان لە بەغدا نمایش كرد، كە راستیەكەی من نەمبینیوە و تەنها لە بارەیەوە خوێندومەتەوە، بەتایبەت گەر بیرم مابێت وتارێكی هونەرمەند عەلی كەریم بوو لەو بارەیەوە، لام وابێت كاتی خۆی فەرەیدون عەبدولقادریش لە سەری نووسی بوو.
شانۆی كوردی و شانۆكارانی كورد، بریتین لە جوانی ئەو شارەی ئەوەتەی هەیە هەوڵی ناشرینكردنی دەدرێت و ئازار دەچێژێت بەدەست یاری نەزان و نەیاری دژەوە
شانۆی كوردی و شانۆكارانی كورد، بریتین لە جوانی ئەو شارەی ئەوەتەی هەیە هەوڵی ناشرینكردنی دەدرێت و ئازار دەچێژێت بەدەست یاری نەزان و نەیاری دژەوە، لەم رۆژانەی پێشوشدا یەكێكی تر لە جوانی ئەو شارە غەمگینە، هونەرمەندێكی ناوەزەو ئاوازدانەر و خاوەن ئاوەز «محەمەد عەباس بارام» رێی نەگەڕانەوەی گرتەبەر و پاش ماوەیەكی نە زۆر بەدوای حەسەن جافی برایدا، ئەویش تاڵی ژیانی بە مەرگی خۆی بەخشی، ئەو جوانییەكی دیكەی كەركوك بوو، لە نێو ئەم جوانی و رەنگاوڕەنگییەی شاردا، ئێمە هێشتا بە دوای مانا قووڵەكەی شاربووندا دەگەڕێین، ئەو مانا قووڵەی كە وای كردبوو كەركوك بەلای نەك دەوروبەری خۆیەوە، بگرە شارگەلی دیكەشەوە شار بێت، كاتێك منداڵ بووم پێم وابوو بەس كەركوك شارە، چونكە كە دەیانگوت چوینە بۆ شار مەبەست كەركوك بوو، لێ بۆ سلێمانی و هەولێر و بەغدا ناویان دەبرا، بۆ نموونە دەیگوت فڵان چوو بۆ بەغدا، لەو نهێنییەی شاربوونی كەركوك تێنەگەیشتم تا درەنگێك، تا ئەو ساتەی كۆمەڵەی ئەدەبی و كۆمەڵەی هونەری كەركوكم ناسی، ئێ خۆ رۆمانەكەی فازڵ عەزاویش ناوی شارە «مەدینە» كە مەبەستی كەركوكە، با من لە تەك ناوەڕۆكی رۆمانەكەشدا نەبم.
دزێوی شارەكەش هەر ئەوە نییە، كە هێشتا كۆڕنیشێكی جوانی نییەو خاسەش ئاوێكی روونی پێدا ناڕوات، هەڵبەت ئەوەش نییە كە سیاسەتكارانی كورد و توركمان و عەرەب لە یەك دژو بەیەك قەڵسن و نایانەوێت هەقیقەتی كەركوك وەكو خۆی ببینن، هەڵبەت لەناو هەموو ئەوانەشدا خەڵكی واهەن كە زۆرینەشن هەقیقەت دەبینن، لێ خۆیان لە وتنی دەبوێرن، لەم رۆژانەی پێشودا بۆ بڕێك پارەو گوایە بۆ دانەوەی قەرز، بكوژێك مرۆڤێكی زۆر بێوەی و دەنگخۆشی كوشت، ئەوە یەكێكە لەو قێزەوەنیانەی ناوی شار ناشرین دەكات، دەستچوونە خوێنی مرۆڤ بەهەر پاساوێك، تاوانەو لەسەر ناو و ناوبانگی شاریش دەكەوێت، حكومەت و زانكۆ و كاروباری ئاینی و مامۆستایانی ئاینی و هونەرمەند و رۆشنبیر و دەستەبژێری شاریش، ئەركیانە ئەم دزێویانە لەقاو بدەن بۆ ئەوەی ناشرینییەك كار نەكاتە سەر جوانی شار، ئەم بابەتە قسەی زۆر هەڵدەگرێت، لێ لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا كە هەندێكجار لێشی دێینە دەرێ، هەرئەوەندە دەگوترێت.