لە پەراوێزی هەوڵەکانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی-دا

09:05 - 2022-05-01
هەستیار مارف ئاغا
972 خوێندراوەتەوە

 هەستیار مارف ئاغا*

لە دواین گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا، رۆڵ و بەرپرسیارێتی هەڤال بافڵ جەلال تاڵەبانی زۆر بە ئاشکرا و روونی دەرکەوت،  ئەم کەسایەتییە سیاسییە چالاکە لاوە، وەک پیشەی لە پێشینەی خۆی و خوێندکارێکی زرنگ و دڵسۆزی رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال و ی.ن.ک، بە مەبەستی پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان و توندوتۆڵکردنی پەیوەندیی نیوان لایەنە کوردستانییەکان، لەگەڵ بەرپرسانی کایەی سیاسی هەرێمدا هەنگای زۆری نا تا کوردستان لە دۆخی چەق بەستوو رزگار بکات و برایەتی و تەبایی زیندووبکاتەوە، بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان باشتربکات، ناڕەزایی کۆمەلانی خەڵکی کوردتسان بە هەند وەربگیرێت، کێشەی مووچەی خانەنشینان و بەساڵاچوان چارەسەربکرێت.
 وەک خەمخۆری راستەقینە، یەکەم  کەس بوو  لەلایەک سەردانی سەرجەم سەرکردەی حزبەکان و لایەن و بەرپرسەکانی هەرێمی دەکرد، لەلایەکی دیکەشەوە دەچووە پێشوازیی ئاپۆڕای ناڕەزایی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان، کێشەکانی تایبەت بە گوزەران و دەرماڵەی خوێندکارانی چارەسەرکرد کە گەشتبوونە بنبەست و بە حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر نەدەکرا.

سیاسەتی چەپکە گوڵەکە:
لە خەون و خەبات و بیروبۆچۆنی هەڤال بافڵ دا سەرجەم لاپەڕە سپییەکانی خەباتی سیاسی و کوردایەتی سەرۆک مام جەلال و سیاسەتی چەپکە گوڵەکە بە بەردەوامی پیادە دەکرێت، هەڤاڵ بافڵ کە سەرۆکی پێشووی هەرێمی بە مامی خۆی وەسف دەکرد و چەندین جارێکیش بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پاکێجی پۆستی سەرۆک کۆمارو پاراستنی یەکڕیزیی هێزەکانی هەرێم و بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و لێک تێگەشتن و رێکەوتن، سەردانی پیرمامی کرد، لە هەموو قۆناغەکاندا هەڤاڵ بافڵ خەمخۆری دۆزی رەوای گەلەکەمان بووە و  خۆی و یەکێتی هەردەم گرنگیان بە پاراستنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و ڕاپەڕین داوە و تاکڕەویی ڕەتکردۆتەوە و بڕوای بە فرەلایەنی هەبووە و یەکڕیزیی و تەبایی هێزە کوردستانییەکانی لەلا مەبەست بووە، ئاشتی و دیموکراسی و دەنگی ئازادیان پاراستووە، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ رۆژنامەنووسان و میدیاکاراندا هەیە و زۆر جار بۆ لێدوان و چاوپێکەوتن و قسەکردن لەسەر پرسە گرنگەکاندا راستەوخۆ لەگەڵیان کۆدەبێتەوە، هەردەم خەمیان خەمی گەورەی کوردستان و باشکردنی گوزەرانی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان و شاری کەرکوک و ناوچە دابڕینراوەکان بووە.

لە ئاستی حزبدا بڕوای بە گۆڕانکاریی و نوویبوونەوە هەیە و سیاسەتی چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلال و رەخنە لەخۆگرتنی لەلا پەسەندە و هەمیشە بەتەنگ پاراستنی یەکڕیزیی و جێبەجێکردنی رێکەوتنە ستراتیژییەکانەوەیە، هەوڵی بێوچانی دا تا رێکەوتنی دەباشانی نێوان رەوانشادان سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان بێنێتەدی و هیوای خواست ریکەوتنی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرتاسەری بێت.
لە ئاستی حکومەتدا پشتیوان و داکۆکیکارێکی گەورەی سەرجەم ئیشوکار و بەرپرسیارێتی و پێگەی هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، هەمیشە وتویەتی کاری حکومەت بۆ حکومەت، بەڵام رەخنەی لە شێوازی حکومڕانی هەرێم هەبووە و دەیەوێت گۆڕانکاری بکرێت لە شێوازی حکومڕانی و بەڕێوەبردنی حکومەتی هەرێمدا.

ستراتیژی کارکردن 
سەرەڕای ئەزموونی سیاسی، خودی هەڤال بافڵ ستراتیژی سیاسەتی خوێندەوە و زۆر بەباشی لە چەمکەکانی سیاسەتکردن تێدەگات و کاریان پێدەکات.
خولی دیسیپلینی سەربازیی لەلای هێزەکانی هاوپەیمانان و فەرەنسا و بەریتانیا وەرگرتووە و وەک پێشمەرگە بەرگریی لە خاکی کوردستان دەکات و دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری راستەوخۆی هێزی دژەتیرۆر بووە.
گرنگی باش بە پەیوەندییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دەرودراوسێ و پەیوەندییە دیپلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان دەدات. هەروەک زۆرجار دەبینین لە ناسکترین دۆخی سیاسی و گۆڕانکاریی نێودەوڵەتیدا، باڵیۆزی وڵاتانی ئەمریکا و روسیا و فەرەنسا و بەریتانیا و چین و ئێران دەبینێت، پشتیوانی برایانەی بۆ ئازادیخوازانی رۆژئاوای کوردستان هەیە و هەمیشە لە بارودۆخیان دەپرسێتەوە، هەروەها بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوسسازەکان و پێداگریی لە مافە رەواکانی میللەتەکەی  لە ناوخۆی دەوڵەتی عیراقدا، دەبینین هیچ کات نایەوێت ببێت بە بەشێک لە کێشەکانی نێوان لایەنەکانی شیعە و سوننە و هەمێشە بە یەک مەودا لە سەرجەم لایەنەکانی بەشداربووی کایەی سیاسی لە عیراقدا دەوەستێتەوە و ناچێتە بەرەیەکەوە لە دژی بەرەیەکی تر و بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی هاووڵاتیانی هەرێم، دەوڵەتی عیراق بە قووڵایی ستراتیژی کارکردن دادەنێت.

گەڕاندنەوەی شکۆ بۆ هاووڵاتیان:
لە دۆسییەی نەوت و غازدا، پێداویستیی رۆژانەی هاووڵاتیانی بۆ سووتەمەنی کردووە بە پێشینەی کارکردن و دەیەوێت حکومەتی هەرێم یەکەمجار لە داهاتی نەوت کێشەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنیشینان و پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس بە جۆرێک مانگانە و لەکاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن چارەسەرببێت، هەروەها لە داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بخرێتەوەگەڕ و جادە و ریگەوبانی نوێ  دروست بکرێن، نەخۆشخانە و خوێندنگە و زانکۆ بە گوێرەی رێژەی دابەشبوونی دانیشتوان دروستبکرێت، بوجەی پارێزگاکان بەبێ جیاوازی تەرخان بکرێت .
داوای وایە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمجار بەرچاوڕوونی و شەفافییەت لە دۆسێی نەوتدا ئاشکرابکات و روونکردنەوە لەسەر هۆکاری قەرزاربوونی حکومەت لە دۆسێی نەوتدا بۆ هاووڵاتیان بخاتە ڕوو، چونکە ناکرێت هەرێم نەوت هەناردە بکات و هاووڵاتیان لە وەرزەکانی سەرما و تەنانەت وەرزی گەرماشدا بەرمیلێک نەوتیان دەستنەکەوێت. بۆیە دەبێت ماڵ بە ماڵی شار و لادێکان بۆری غازیان بۆ دابینبکرێت، کێشەی کارەبا و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا چارەسەربکرێت، دڵنایی بدرێت بە هاووڵاتیان ئینجا باس لە دۆسێی هەناردەکردنی غازی هەرێمی کوردستان بکرێت.

 *کارگێڕمەڵبەند-  مەکتەبی ڕێکخستن

وتارەکانی نوسەر