هاوکار قادر
شەڕ و جەنگ دوو ناخۆشترین وشەن، کە رۆژانە سەدان جار لەم ناوچەیەدا دەیبیستین، لێکەوتەکانی دەبینین، کاولکاری و ماڵوێرانییەکانی بۆ چەندین ساڵ دەمێننەوە.
لەوەتەی لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوەوە خولێکی نوێی شەڕ لەنێوان فەلەستینییەکانی غەززە و ئیسرائیلییەکان هاتۆتەئاراوە، هەوری رەشی شەڕ و ماڵوێرانی رویکردۆتەوە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ترسە راستەقینەکەش لەوەدایە ململانێ خوێناوییەکە بەردەوام بێت و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێبکەوێتەوە و ژیانی دەیان هەزار منداڵ و ژن و خەڵکی سڤیل بکەوێتە مەترسییەوە.
بەهۆی درێژەکێشانی ئەو جەنگەوە، لە هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا بارگرژی دروستبووە، تائێستا پێکدادانەکان لە عیراقدا سنووری درۆنی تێنەپەڕاندووە، بەڵام بوونی ورەوری شەڕ، خۆی لەخۆیدا مەترسیدارە، لەکاتێکدا وڵاتەکە ئەوەندە نابێت لە شەڕێکی سەختی دژبە تیرۆر رزگاری بووە و دەرهاویشتەکانی بەسەر زۆر ناوچە و لەسەر زۆر کەسیش ماوە.
لە روانگەی ماندووبوونی عیراقییەکان بەدەست شەڕ و ماڵوێرانیی بەردەوامەوە، دەنگێکی بەهێز هەیە، کە دەڵێت؛ چیتر شەڕمان ناوێت.
رەنگە گەلانی عیراق یەکێک بن لەو گەلانەی بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێ زۆرترین رۆژگاری رەش و تاریکیان بەڕێکردبێت، زۆرترین هێرش و پەلاماری خوێناوی تێیدا رویاندابێت، بۆیە بە حەق عیراق و عیراقییەکان بە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانییەوە ماندوون و حەوسەڵەیان نەماوە بۆ ئەو هەموو پێکدادانەی هەر دەبێت لەم ناوچەیەدا بێت.
بەپێچەوانەوە، حەزی ژیان، بەختەوەری، ئایندەیەکی گەش و وڵاتێکی گەشەسەندوو، بەشێوەیەکی باش لای زۆرینەی خەڵک گەشەی کردووە، تێگەیشتنێکی تەواو هەیە بۆئەوەی ناکرێت هەتا ماوین لە جەنگ و شەڕی داسەپێندراودا بین، دەبێت هەموانیش پشتگیریی ئەم تێڕوانینە بکەن.
با تەماشایەکی شارە وێرانکراوەکان بکەین، با سەیرێکی دۆخی ئاوارە و راگوێزراوان بکەین، بزانین لە چ سەختییەکدا ساتەکانی ژیان بەڕێ دەکەن؟ چۆن ژیانە ئارامەکەیان لێتێکچووە و لە دڵەڕاوکێیەکی نەبڕاوەدا دەژین؟!
لە نزیکترین رووداودا، نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر هەزاران کەس بەهۆی پەلاماری داعشەوە ئاوارەبوون و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێهێشت و روویان لە کەمپەکانی ئاوارەیی و پەنابەری کرد لەناو هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای رەوشی خراپی ئابووری، بەڵام ئەرکە مرۆییەکە جێبەجێکرا، هەندێک لە رێکخراوە ناحکومییەکانیش رۆڵی بەرچاویان لە بەدەنگەوەچوونی کەسانی لێقەوماودا هەبوو، کە دیارترینیان رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بوو، هەموو توانا مرۆیی و داراییەکانی خستە خزمەتی ئاوارەکان و باوەشی گەرمی بۆ منداڵانی خێزانە ئاوارەکان کردەوە.
سەرەڕای هەموو پاڵپشتییەك بۆ ئاوارەکان، بەڵام وەک خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە دیدارێکی کەناڵی «روئیا»ی ئوردنیدا دەڵێت: کەمپ هەر کەمپە و ژیان تێیدا ئاسان نییە، خەڵک بە حسابی ماوەیەکی کاتی رووی تێدەکەن، بەڵام بە ناچاری بۆ چەند ساڵێک تێیدا دەمێننەوە.
لەکاتێکدا رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان پاراستنی منداڵانی کردۆتە کاری لەپێشینەی خۆی، بەڵام پلانی بۆ ئەو ئاوارانەش هەبوو، کە بە ناچاری پەنایان بۆ بردووە، ئێستاش هەرچەندە رەوشی ئابووری و دارایی لە هەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بەڵام ئەرکی مرۆیی خۆی هەر جێبەجێ دەکات و باخچەی ساوایان و چالاکییە جۆراوجۆرەکان و یاریگای وەرزشی بۆ کەمپێکی وەک ئەوەی عەربەت بە باشترین شێوە بەڕێوەدەبات.
ئەو خەمەی ئێستا هەیە، راستەقینەیە، ترسەکە گەورەیە و بە دەستەجەمعی دەبێت کاربکرێت بۆ دوورخستنەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕێك، کە تەنها خەڵك زیانی تێدا دەکات و کەس براوە نابێت.
هاوکارییەکانی منداڵپارێزی کوردستان بۆ ئاوارەکانی کامپی عەربەت