راگەیاندنی یەكێتی دووەمین كۆنفرانس دەبەستێت

10:30 - 2024-01-11
ماردین عه‌بدولكه‌ریم
473 خوێندراوەتەوە

ماردین عەبدولكەریم



                                                                      
لە 13-14/10/2009 مەكتەبی ناوەندی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كۆنفرانسێكی لەژێر ناوی (راگەیاندنێكی ئامانجداری مۆدێرن) لە قەڵاچوالان بەست، بڕیارە لە 11-12/1/2024 (مەكتەبی راگەیاندن - هۆشیاری) بەسەرپەرشتی بۆردی راگەیاندن لەژێر ناوی(پێكەوە بۆ رێكخستنەوەی پەیام و پەیكەری میدیای یەكێتی) لە سلێمانی، دووەمین كۆنفرانس ببەستێت، هەرچەندە رەخنەو رەخنە لەخۆگرتن یەكێكە لە سیما و خەسڵەتەكانی یەكێتی و لەكۆنفرانسی یەكەمیشدا یەكێ‌ لەئامانجەكانی گوێگرتن بووە لە راوبۆچوون و سەرنج و رەخنە و تێبینییەكان بە گیانی هەستکردن بە لێپرسراوێتی، تا سەرنج و تێبینیەكان راسپاردەكان دەوڵەمەند بكەن و سەرەنجام میدیای یەكێتی بكاتە میدیایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی و سەردەمیانەی مۆدێرن لە هەموو لایەنەكانی وەك تەكنیك و پەیكەر و پەیام.
بەڵام دوای 14 ساڵ دەبێ‌ هەم یەكێتی و هەم راگەیاندكاران لەدەزگا میدیاییەكانی یەكێتیدا لە خۆیان بپرسن، ئایا میدیای یەكێتی پێویستی رۆژانەی بینەران و خوێنەرانی تێردەكات؟ 
لە رابردوودا میدیای یەكێتیدا، بەبێ‌ بوونی هیچ پەیمانگا و كۆلێج و ئەكادیمیایەكی راهێنان و پێگەیاندنی راگەیاندكار، بەتەنیا رادیۆكەی گەلی كوردستان، جگە لەوەی هەزاران لاوی پەلكێشی نێو ریزەكانی خەباتی پێشمەرگایەتی دەكرد، گوێگرانیشی بەهەواڵ و زانیارییەكان تێر دەكرد، هەر لەو رۆژانەوە راگەیاندنی یەكێتی بووە راگەیاندنی دایك كە دەكرێ‌ یەكێتی شانازی پێوەبكات.
بەڵام دیسانەوە دەپرسین ئایا شانازیكردن بە رابردوو وێستگەیەكە كە دەتوانین لەوێدا بووەستین؟ بێگومان نەخێر، كەواتە هۆكار چییە بەشێك لە راسپاردەكانی یەكەمین كۆنفرانس هێشتا وەك مەرەكەبی سەر پەڕە ماون و كار بۆ جێبەجێكردنیان نەكراوە؟ 
ئایا راسپاردەكانی دووەمین كۆنفرانس بەهەمان ئاقاردا دەڕوات و داڕشتنەوەی پەیكەری راگەیاندن تەنها باس دەبێت یان یەكێتی وەك هێزێكی سیاسی بوێر لە خزمەتی پێشخستنی میدیای نووسراو ‌و بینراو ‌و بیستراو ‌و سوشیال میدیاكەیدا دوور لە خاترگرتن و موجامەلە و بێ سڵمینەوە دەستدەخاتە سەربرینەكان كە دەكرێ‌ لەو گۆرانكارییانەدا یەكێ‌ لە راسپاردەكان دانانی كەسی شیاو بێت لە شوێنی شیاو. 
هەروەها لە راسپاردەكانی یەكەمین كۆنفرانسدا باس لە نووسینی پەیڕەوی ناوخۆی راگەیاندنی یەكێتی كراوە، هەرچەندە ئەمە یەكێكە لەو راسپاردانەی كە تا ئەمرۆ جێبەجێ نەكراوە كە دڵنیام لە هەبوونیدا زۆرێك لە كێشەكانی راگەیاندن و راگەیاندكارانی چارەسەر دەكرد ئەگەر وەك پەیامێكی پیرۆزی بواری پیشەكە بەهەند وەربگیرایە، كەواتە بۆ دووەمین كۆنفراس دەبێ‌ جەخت لەسەر زیندووكردنەوەی ئەو پەیڕەوە ناوخۆییە بكرێتەوە نەك هەرئەمە، بەڵكو دەبێ‌ یەكێتی وەك ئەوەی هەمیشە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان و گرنگیدان بە نەتەوە و نیشتمان دەستپێشخەربووە، پێویستە پێشنیازی كۆنفرانس بكات بۆ راگەیاندنی سەرجەم حزبە كوردستانییەكان  تا وەك دەستوور لە هەلومەرجە جیاوازەكاندا و لە سەروو هەموو ناكۆكییەكانەوە، هێڵی سووری ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی و نهێنی بەرەكانی جەنگ نەبەزێندرێ.                                                                                                                                                سەبارەت بە رێكخستنەوەی پەیامەكەشی پێویستە وەك میدیایەكی حزبی، رەچاوی بەرپرسیارێتییەكانی بكات، بەڵام لە هەمانكاتدا وەڵامی ورد و باوەرپێكراوی بۆ خوێنەر و بینەرەكانی هەبێت.                                                              
بۆ وردەكاری زیاتر و پێشنیاز و تێبینی و دەستخستنە سەر ئەو كەموكوڕییانەی كە خۆی لە جەستەی راگەیاندنی یەكێتی ئاڵاندووە و بەمەبەستی بەبەرداكردنی بەرگێكی نوێ‌ لە دووەمین كۆنفرانس قسەی زیاترمان دەبێت.  

وتارەکانی نوسەر