مەترسییەكانی دووركەوتنەوەی خەڵك و حكومەت لەیەكتر

09:11 - 2022-05-01
‎‎سۆزان حەمە تاتە
607 خوێندراوەتەوە

نزیكبوونەوە و دووركەوتنەوەی خەڵك و حكومەت لەیەكتر، پرسێكە لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە دەگۆڕێت، ئەو پرسە پەیوەندی بە ئاستەكانی خزمەتگوزاری گشتی و سیستمی سیاسی و متمانەوە هەیە كە هیچ كامیان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە وەكو یەكتر نابن. 
کاتێک خەڵك و حكومەت دەكەونە ململانێوە و زیاتر لەیەكتر دووردەكەونەوە، لە وڵاتانی دیموكراسی دەبێتە هۆی گۆڕینی حزبەكان لە دەسەڵات و لای ئێمەش راپەڕین، شۆڕش، ئاڵۆزی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ئەو دوو ئاستەی متمانەی خەڵك بە دەسەڵات زیاتر دەكەن یان دەبنە مایەی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی وڵاتێك بریتین لە:
یەكەمیان: دامەزراوەكانی حكومەت پرۆژەی زۆری خزمەتگوزاری لەسەر ئاستی سەرخان و ژێرخان پێشكەشی خەڵك دەكەن، داهاتی تاك بەرزدەكەنەوە، ژینگەیەكی سەوز و پاك بۆ خەڵك دروستدەكەن، رێگاوبانەكان ستاندارد وەردەگرن، دەرفەت و هەلی كار بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بۆ خەڵكی دەڕخسێنن، ئابووری زۆر گەشەدەكات و بازاڕ دەبووژێتەوە، ئاستی زانكۆكان بەرزدەبنەوە، سیستمی پەروەردەیەكی تەندروست بنیاتدەنرێت.
دووەمیان: ژینگەیەكی سیاسیی تەندروست دروست دەكرێ، تیایدا حزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەریەكەیان ئەركی خۆیان جێبەجێدەكەن، فرەیی سیاسی هەیە و هیچ گوشارێك لەسەر ئازادییە سیاسییەكان ناكرێ، هەڵبژاردن رووكەش نییە و لەگەڵیدا سیستمێكی سیاسی و كارگێڕی شەفاف و دوور لە گەندەڵی هەیە، هەروەها ئازادییە میدیاییەكان بێ هیچ كێشە و سانسۆرێك دەستەبەركراوە، پەرلەمان كارایە و داهاتی گشتی شەفافانە خەرج دەكرێت.
هەڵبەتە بوونی ئەو دوو ئاستە لە كۆمەڵگەدا دەستەبەری ئەوە دەكات خەڵك هەست بە بوونی خۆی و مافەكانی و دەستەبەری ژیانێكی شایستە بكات، بەشێوەیەك هاوكاری سەركەوتنی زیاتری حكومەت بێت و رۆڵی خۆی بگێڕێت لە بەرەوپێشچوونی زیاتریدا.
ئەگەر لە هەرێم یان وڵاتێكدا ئەو دوو ئاستە لە ئاستی پێویستدا نەبوو، ئایا پەیوەندییەكانی هاووڵاتیان و حكومەت وەكو خۆی دەمێنێتەوە؟ ئەگەر پەیوەندییەكانی هاووڵاتی و حكومەت لاواز بوو ئایا مەترسییەكانی چین و پێویستە چی بكرێت؟
لە هەرێمی كوردستان و عیراقدا پەیوەندییەكانی نێوان هاووڵاتیان و حكومەت لاوازە، هۆكارەكانی روونن و لەسەر ئەو دوو ئاستەی باسكران لاوازی زۆر هەیە، خزمەتگوزاری كەمە، مووچە نییە و ژیانی خەڵك پارێزراو نییە و بەردەوام لەبەردەم گرانی و بێكاری و زۆری شتی دیكەشدایە. 
هەرچی سەبارەت بە ئاستەكەی دیكەیە، دیموكراسی خەوشی زۆری هەیە و ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات وەكو پێویست ئەركەكانی سەرشانیان جێبەجێ ناكەن، گەندەڵی هەیە و هەوڵەكانی چارەسەر جدی نین، بۆیە رۆژ لەدوای رۆژ خەڵك متمانەی بە حكومەت كەمتردەبێتەوە.
مەترسی گەورە لێرەدا ئەوەیە هەوڵی جدی، گفتوگۆی بەسوود، ئاراستەی دروست نەبینرێت بۆ چارەسەر، ئەوە زیاتر كێشەكان قووڵ دەكاتەوە، لە دۆخی وەهادا دەرفەت دەڕەخسێ دەستی دەرەكیش زیاتر كێشەكان بجوڵێنێ و بیەوێ بەرەو ئاراستەیەكی خراپیان ببات و ئەزموونەكە بكەوێتە مەترسییەوە.
پێش ئەوە خستنەگەڕی هەوڵی نیشتمانی و رێوكەوتن لەسەر بەرنامەیەكی نیشتمانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی پەیوندییەكانی نێوان خەڵك و حكومەت گرنگە، بۆ ئەوەی هەم ژیانی خەڵك باشتر ببێت و هەمیش ژینگەیەكی تەندروست بۆ سیاسەت و حكومڕانی بڕەخسێنرێت، ئەوە ژیانی خەڵك باشتر دەكات و دەبێتە دەستەبەری پاراستنی هەرێمی كوردستانیش لە مەترسییەكانی ناوخۆ و دەرەوە.

وتارەکانی نوسەر