له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
له ناوچه دابڕێنراوه‌كان كه من هه‌ر به‌و جۆره‌ی ناوده‌به‌م و پێشموایه ئه‌وه دروستترین ناونانه بۆ كه‌ركوك و خانه‌قین و شنگال و شوێنه‌كانی تر، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه ناوچه‌ی كوردستانین و له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیستیشه‌وه هه‌موو ئه‌و ناوچانه ویست و خواستی ئه‌وه‌یان هه‌بووه به‌شێك بن له كوردستان.
ده‌ستوه‌ردانه‌كانی سوپا بووه به مایه‌ی نیگه‌رانی قووڵی خه‌ڵكی ناوچه‌كه و به تایبه‌تی كورد، له‌به‌ر هه‌ندێ كورد، چونكه خاوه‌نی راستینه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ن و هه‌میشه هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتریشیان له‌سه‌ره، كوردی وێنده‌ر به درێژایی دیرۆك، هه‌میشه ده‌رگای گوند و شار و شارۆچكه‌یان واز بووه بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكی تر له په‌نایاندا بحه‌سێنه‌وه، چاكه‌ی ئه‌م كاره زۆرجار به زه‌بر و زه‌نگ و سته‌م دراوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا له دوای ئه‌نفاله‌وه 1988، تائێستا به‌شی زۆری گونده‌كانی ئه‌و ناوچانه وه‌ك پێویست ئاوه‌دان نه‌كراونه‌ته‌وه، ئه‌وه جگه له ده‌ستوه‌ردانی به‌رده‌وامی سوپا و نه‌ته‌وه‌ی زاڵ و ئه‌و غه‌وارانه‌ی له شوێنی دیكه‌وه وه‌ك خاوه‌ن هێنراونه‌ته ئه‌م ناوچانه، سوپا له‌بری بێلایه‌نی له هه‌ندێك كێشه و گرفت، له‌بری راگرتنی هاوسه‌نگی، زۆرجار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی زاڵ كارێك ده‌كات كه نابێت بیكات، كارێك كه ده‌شێت په‌یوه‌ندیی نێوان پێكهاته‌كانی ئه‌و ناوچانه كه به‌شێكیان سه‌دان ساڵه و نزیكه‌ی شه‌ش سه‌ده‌یه به هاوبه‌شی ده‌ژین تێكبدات و دووباره بیگه‌ڕێینه‌وه خاڵی سه‌ره‌تای یه‌كتری سڕینه‌وه، یان راستر ئه‌وه‌یه بڵێین به پاڵپشتی سوپا سڕینه‌وه‌ی كورد و دواتر توركمان و ئه‌وانی تر.
ده‌ستوه‌ردانه‌كانی سوپا به‌س په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه كه جارێك ده‌چێته سه‌ر خه‌ڵكی تۆپزاوا و جارێك سه‌ر گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز و جارێكیش ده‌ستی له نێو ده‌ستی ئه‌وانه‌دایه كه له دوبز و سه‌رگه‌ڕان و داقوق ده‌یانه‌وێت زه‌وی و زاری كورد داگیربكه‌ن، په‌یوه‌ندیی به‌وه‌شه‌وه هه‌یه كه سوپا ئه‌ركی خۆی له پاراستنی نیشتمان لێ ون ده‌بێت و ده‌ئاڵێته كاری دیكه‌وه، ره‌نگه یه‌كێك له هۆكاره‌كانی ئه‌مه‌ش به‌شی زۆری په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌بێت كه رێژه‌ی كورد له ناو سوپای عیراقدا نزیكه له سفر و به‌رده‌وام كورد له سوپا دوورده‌خرێنه‌وه و سوپاكه له بری سوپای عیراقیكی فیدراڵ ده‌بێته سوپایه‌كی عه‌ره‌بی ته‌واو، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و فیدراڵی عیراقه، با‌رتاقای ئه‌وه‌ی كه وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق به‌رپرسه له نه‌بوونی وه‌ك پێویستی كورد له سوپادا، كوردیش وێنه‌یه‌كی بۆ به‌شداری كورد له‌و سوپایه‌دا كێشاوه كه جۆرێك بێت له ناپاكی، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه، به‌شدار نه‌بوون له سوپادا به‌تایبه‌تی له ناوچه دابڕێنراوه‌كان ئه‌و بارودۆخه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه كه ئێستا ده‌یبینین .
تا راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناجۆری و ناڕێكی و نایه‌كسانییه‌ی له سوپادا هه‌یه، پێویسته به‌رپرسانی كورد له به‌غدا و به‌تایبه‌تی وه‌زیری داد و جێگری سه‌رۆكی پەرله‌مانی عیراق واته «خالید شوانی و شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا» له‌و ناوچانه لیژنه‌ی ته‌نسیق و به‌دواداچوونی كێشه‌كان و چاره‌سه‌ركردنیان «چاره‌سه‌ركردنی خێرا تا چاره‌سه‌ری ریشه‌یی» دابنێن و ئه‌و لیژنانه ئه‌ركیان هه‌م نیشاندانی كێماسییه‌كان و هه‌م رێگریی بێت له ده‌ستوه‌ردانی ناقانونی و ناده‌ستووری، ئه‌مه‌ش به‌لای كه‌مه‌وه بۆ ئه‌م قۆناغه پێویستییه‌كی هه‌نووكه‌ییه و كه‌مێك ئارامی زیاتر بۆ ده‌روونی قوربانی ده‌گێڕێته‌وه.