کەرکوکیانە

كۆمپانیای نەوتی كەركوك

09:53 - 2025-07-22
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
77 خوێندراوەتەوە

هەواڵێكم بیست نازانم تا چەند راستە، گوایە زیاتر لە 700 كەس دامەزرێنراوە لە كۆمپانیای نەوت و یەك كوردی تیا نییە، ئەمە ئەگەر راست بێت مایەی نەنگیەكی زۆر گەورەیە، بۆ بەرپرسانی كورد و ئەوانەی كەركوكیان خستە قوماری ریفراندۆمەوە و هەرخۆیشیان وتیان «ریفراندۆم گاڵتە بوو».
لە شەستەكانەوە مەگەر بە رێكەوت و زۆر پێویست بێت، ئەگینا هیچ كوردێك لە كۆمپانیای نەوت نەكراوەتە فەرمانبەر، بیرمە تازە كەركوك لە چنگی بەعس رزگار كرابوو ئەندازیارێكی كوردی رەنگبزڕكاوی ماندوو و شەكەت رۆژێ‌ هات بۆلامان بۆ هەفتەنامەی كەركوكی ئەمڕۆ، ئەو بە ئازارەوە چیرۆكی خۆی گێڕایەوە كە لە ناوەڕاستی هەشتاكان، بواری ئەندازیاری تەواو كردووەو وا تەمەن پرزەی لەبەر دەبڕێت، كەچی لەبەر كوردبوون دانەمەزرێنراوە، كوردبوون لە كەركوك كۆت و بەندێكی قورسە، ئەوەتا تەنانەت بەغدا ئەو مامۆستا و فەرمانبەرە كوردانە وەرناگرێت كە كەركوكین و لە كەركوك خزمەت دەكەن، سەردەمێك ناوی كوردی و شەرواڵی كوردی و پێخەنینی كوردیش قەدەغە بوو، ئێ‌ پێخەنین قەدەغە بوو، چونكە خودا كوردی ئەو شارەی بۆ دڵخۆشی و بەختەوەری نەئەفراندبوو.
دامەزراندنی 700 كەس لەو كۆمپانیایەی كە لە 2003 شەوە تا پەلاماری سوپا لە 2017 هەرگیز كورد تێیدا نەگەیشتوەتە
20 %، نەك هەر ستەمە لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و هەنگاونان بۆ دادوەری گوێزەرەوە، بگرە عەرەباندنە، ئەو عەرەباندنەی تا بە ناخی مێژوودا رۆچین دەگەینە ئەو راستیەی كە 100 ساڵ نا هەزار ساڵ زیاترە درێژەی هەیە و هێشتا عەرەب خۆی بە قوربانی نیشاندەدات و ئەوی تر بە ستەمكار، من لە كوشتوبڕی ئەو چەند رۆژەی سوەیدای سوریا بە روونی ئەوەم بینی، كاتێك ستەمكار شینی درۆزنانە دەكات و لاسایی مەلەوانە درۆزنەكە دەكاتەوە، ئێمە دەبێت بێ‌ رقی ناسیونالیستانە و بێشكاندنی ئەویتر بە عەرەب بڵێین ئەمە نەبرایەتییە، نە هاوئایینی، نە پێكەوەژیان، نە لێبوردەیی، ناكرێت تا هەتا تۆ هەر سەردار بیت و ئەوانی دیكەش هەر غوڵام .
من ئەگەرچی بە گومانێكی زۆرەوە سەیری ئەو بابەتی برایی و ئەو ئاوەزە دەكەم، كە برایەتی بە پێوەری شیعرە بەناوبانگەكەی مامۆستا قانیع «ماڵبەشكردن لەگەڵ برا»، لە برایەتی دەڕوانێت، لەگەڵ ئەوەشدا وای دەبینم، ناكرێت ئەم ئاوەزی سڕینەوەیە هەمیشە بەردەوام بێت، 700 كەس بە لیستێك دادەمەزرێت بێئەوەی كوردێكی تیا بێت لە كاتێكدا من گەواهیدەری دوو چیرۆكم، یەكێكیان بە نامەی مام جەلال و پشتگیری خالید شوانی كە ئەودەم پەرلەمانتار بوو داوای گواستنەوەی چەند كوردێك بۆ وەزارەتی دارایی دەكرێت، ناكرێت، ئێمەش كە سەردەمی كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری چەند كەسێك بە بیانوی ئەوەی كەركوكی دەبێت سەر بە بەغدا بن، بە لیستێك گوازراینەوە بۆ كەركوك ئەوەش قەبوڵ نەكرا، تەنانەت من دوو جار چوومە لای فریاد رەواندزی ئەوكات وەزیری رۆشنبیری بوو نەكرا.

وتارەکانی نوسەر